373وتار

دانوستاندن چۆن وا ئەكرێ‌؟

12/5/2020 5:10:00 PM
کاروان یاروەیس

قۆناغی ئامادەیی مام جەلال، كە قۆناغی سەنگینی و كارایی كورد بوو لە بەغدا، گفتوگۆی جددی هەبوون و هەندێك لە كێشەكان چارەسەركران و هەندێكی تریشی بە دانایی مام جەلال نەهێڵدرا بتەقنەوە.لە قۆناغی (پۆست تاڵەبانی)، حەوت ساڵە كێشەكان كەڵەكەتر دەبن و متمانەی نێوان هەردوولایش تادێت لاوازتر دەبێت.

   چواردە ساڵە، مافەكانی كورد لە چوارچێوەی دەستوردایە، گرنگترینیان مادەی (140) و پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان، شایستەیەكانی پێشمەرگە، شایستە داراییەكان و مافەكانی تری كورد وەك نەتەوەیەكی سەرەكی لە عێراقدا، بەڵام بەداخەوە لانی كەم شەش ساڵە لەوەتەی پەنی "ئابوری سەربەخۆ" دروستبووە، پرسی یەكەم و كۆتایی نێوان كوردستان و عێراق بودجە و مووچەیە.

   شەش ساڵە دانوستاندنی پچر پچر و بێ‌ ئەنجام لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، لەبنەڕەتدا چونكە هەردوولا نیەتی ڕێكەوتنیان نیە، ناگەنە رێكەوتنی كۆتایی، ئەوەشی جاروبار هەبووەو عێراق شتێ‌ پارەی ناردووە، بە تەكلیفی ئەم وڵات و ئەو وڵات بووەو هیچی تر.

   بەداخەوە هێشتا ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە ڕاست نەكراوەتەوە، كە پێانوایە دۆخی ناوخۆی كوردستان كاریگەری لەسەر پێگەی كوردستان نیە لە عێراقدا، دەوترێ‌ "با لەكوردستان ناكۆك بین بەڵام گرنگە لە بەغدا لەپرسە نەتەوەییەكان یەكدەنگ دەبین".

   كوردستان لەناوخۆدا، گووتارێكی یەكگرتووی نیە، لایەنە سەرەكیەكان ناكۆكن لە شێوازی حوكمڕانی و بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستان نە لە ئاستی لایەنە سیاسیەكان و نە لە ئاستی حكومەت و پەرلەمان نیە بۆ ئەوەی بە وەرقەیەكی كوردستان یەكگرتوو لەگەڵ بەغدا دانوستاندن بكرێ‌.

     لەسەردەمی خەباتی چەكداریدا و لەناوەڕاستی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی ڕابوردودا، سەرباری ئەوەی كورد ئەو كات لە شاخ بوو، لەگەڵ رژێمێكی داپلۆسێنەری وەك بەعسدا چەند جارێك دانوستاندنی كرد. پێكهاتە و وەرقەی دانوستاندنی وەفدی كوردی زۆر لە ئێستا باشتر بوو، لەكاتێكدا ئێستا سەردەمەكە جیاوازەو كورد وەك قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراقی فیدرال بەپێی دەستور دانوستاندن دەكات.

دانوستاندنی شەش ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕینی بوودجە، هیچ ئەنجامێكی نەبووە، هەرێمی كوردستان لەم شەش ساڵەدا، نە توانی دەستبەرداری نەوت فرۆشتن بێت بە توركیا و لەگەڵ عێراق رێككەوتن بكات، نە توانیشی خۆی مووچەی خەڵك دابین بكات.

   كورد دەبێت جارێ‌ نەچێت بۆ بەغدا، لە پێشدا هێزە سەرەكیەكان لەگەڵ پارتی وەك حزبی پێكهێنەری حكومەت و بەرپرسیار لە ئیمزاكردنی رێككەوتنە نەوتیەكان، كۆببنەوەو بەڕاشكاوی پێیان بیڵێن، ئێمە كە هاوبەش و بەشداری حكومەتین ناتوانین وا بەردەوام بین لەگەڵتان، تا ئەو كاتەی  هەموو شتێك روون دەبێتەوە، دواتر وەفدێكی خاوەن بڕیار لە پێشدا لەگەڵ لایەنە سیاسیە سەرەكیەكانی عێراق كۆبێتەوەو دواتر حكومەت بۆ ئەنجامدانی ڕێكەوتنێكی بنەڕەتی، كە بەیەكجاری دەستەبەری مووچەی خەڵك بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن