50وتار

کەس داوای ئارامی بۆ ئێمە ناکات - ئەسەد ڕۆشت و موچە نەهات

12/9/2024 8:21:00 PM
چۆلی ئه‌سعه‌د

دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەش تۆزێ سەیرن، زۆر پێیان خۆشە ڕژێمی ئەسەد ڕوخاوە، لەبەر ئەوە نا کە ستەمکار و نادادپەروەر و دژە کورد و نامرۆڤدۆست و دڕندە و خراپ و شت بووو، بەڵکو پێیانوایە ئەم چەند ڕۆژە بەهۆی ڕووداوەکانی سوریاوە خەڵک موچەی مانگی دەیان بیر چۆتەوە (بۆیە وا ئەڵێم تا بزانن بیرمانە)، ئینجا سەیرکەن چی بۆ خەڵکی سوریا داوا دەکەن:

- سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان: 
(( پشتگیريمان بۆ خواستەکانی گەلی سووریا بۆ ئاشتی و ئازادی، دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌)).
ئێ بەخوا خواستەکانی ئێمە دووپاتیشی ناوێ، یەکجار بەسە، هەر نیوەی ئەوەی بۆ سوریای داوا دەکەن ئێمەش مەمنوونین، هیچی تێناچیت تۆزێکیش بۆ ئێمە داوا بکەن..

- راگەیەندراوەکەى حکومەتى هەرێمى کوردستان: 

((هیوادارین سووریای داهاتوو ، ئازاد و ئارام و دیموکراتیک و سەقامگیر بێت و مافی هەمو گەل و پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.))
ئێ باشە خۆ  بەخوا ئێمەش زۆر زۆرررر هیوادارین، بەڵام باشە بۆ ئەو داواکارییانەیان بۆ خەڵکی هەرێم نییە، باشە ئەبێ کێ ئەم شتانە بۆ ئێمە داوا بکات؟ ئێ بەخوا ئێمەش حەز بە ئاشتی و ئارامی وسەقامگیری و مافەکانی هەمووانیش نا تەنیا مافەکانی خۆمان دەکەین.

- بەزمی مووچە:
حکومەتی هەرێم (کە داوای ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵکی سوریا دەکات):
(( .. رۆژى سێشەممە دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى 10 دەکرێت، دواى تەواوبوونیشى بەغدا پارەى مووچەى مانگى 11 دەنێرێت و پێش سەرى ساڵ دەست بە دابەشکردنى دەکرێت.
لەبارەى موچەى مانگى 12 ئەو سەرچاوەیە گوتى، جارێ دیارنییە کە بەغدا مووچەى مانگى 12ش لەم مانگەدا دەنێرێت، بەڵام هەرکات ناردى دەست بە دابەشکردنى دەکرێت)).

- وەرە تۆ سەیری ئەم هەموو دەسەڵات و سەخی تەبیعەتییەی حکومەتی هەرێم بکە، بەغدا موچەی مانگی دەی ناردووە و دابەشی دەکات (ماڵیان ئاوابێ چونکە دەیانتوانی بیکەن بە شیرینی ڕوخانی ئەسەد و بینێرن بۆ سوریا، بەڵام نەیانکرد)، هەر بەغدا خۆی دوای مانگی ١٠ موچەی مانگی ١١ دەنێرێت، (سوێندیان خواردووە) هەر بینێرێت ئەوان دابەشی دەکەن، بەڵام  دەبارەى مووچەى مانگى 12 حکومەتی هەرێم ئەڵی هاااا، جارێ دیارنییە کە بەغدا مووچەى مانگى 12ش لەم مانگەدا دەنێرێت یان نا، بەڵام هەرکات ناردى دەست بە دابەشکردنى دەکرێت (ئێ وەڵاهی زۆر شفافە بڕیارەکە).
ئیتر با دوو سێ پرسیاری سەیر لە خۆمان بکەین و هەر خۆشمان وەڵامیان بدەینەوە (خۆ کەس وەڵام ناداتەوە): 
پرسیاری یەکەم: باشە ئەی بۆچی بە تەوتین ڕازی نین؟ ئەگەر هەر بەغدا بینێری و ئەوان دابەشی بکەن، باشە بۆ ئەم ئەرکە ناخەنە سەر بەغدا و با هەر خۆی لە ڕێی تەوتینەوە دابەشی بکات و حکومەتی هەرێمیش لەبری سەرقاڵ بوون بە دابەشکردنی مووچەوە با دوو پڕۆژەی چارەنووساز جێبەجێ بکات، بۆ خۆیان بەو شتە لاوەکییانەوە سەرقاڵ دەکەن.
پرسیاری دووەم: باشە ئەرکی حکومەت و نوێنەرانی کورد و سەرۆک کۆمار و ئەو هەموو وەزیر و شتە چییە لە بەغدا، ئەگەر بەغدا موچەی مانگی ١٢ نەنێرێت (وەک ئەوەی پار سێ موچەیان نەنارد و بۆیان کردین بە هین... کەس قسە نەکرد)، چۆن ئەبێ حکومەتێک بەو بی موبالاتییەوە لە هاوڵاتییانی خۆی بروانێت و بە نەفەسێکی ساردەوە بڵی دیار نییە بەغدا موچەی مانگی ١٢ دەنێرێت یان نا، باشە حکومەتی هەرێم (کە داوای ئارامی و ئاشتی و شت بۆ سوریا ئەکەی بۆ شتێک بۆخۆمان داوا ناکەیت؟) نوێنەرانی کورد، وەزیر و بەرپرسان یکورد لە بەغدا ئەرکی ئێوە چییە؟ بەڕاستی هێشتا خۆتان بە نوێنەری خەڵکی هەرێم ئەزانن؟ خۆ ئەگەر نوێنەرایەتی بەو شێوەیە بێت، ئێمە مانان هەر لێرەوە و بەو بێ موچەییە دەتوانین زۆر لەوە زیاتر بکەین، باشە ئیوە بەلاتانەوە ئاساییە ئەگەر بەغدا نەینارد بێدەنگ بن؟ ئەی نازانن خەڵک ژیان و ئارامی دەوێ وەک چۆن خەڵکی سوریا دەیانەوێ!!
ئەی ئەرکی ئێوە نییە و ئێوە بەرپرسیار نین لە ژیانی تاک بەتاکی ئەم خەڵکە؟ یان بەڕاستی ئەزانن خەڵک دەنگی پێداون و هەڵبژاردن لە ڕێ نییە و پاریش سێ موچە خوراوە و ئەمەش تێپەڕ دەبێت!! 
ئیتر خوا یار بێت و تەمەن باقی بێت و داخی بێ موبالاتی ئێوە نەمانکوژێ، لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامی هەموو پرسیارەکان لە ڕژگار وەردەگرینەوە (دوعا و نزای خەڵکیش خوا وەری ئەگری). ئێوەش دوعامان بۆ بکەن بمێنین و ڕاستییە تاڵەکان ببینین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن