320 کوردستان

راگەیەندراوێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازییەوە لەبارەى مووچە

07:26 - 20/02/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لەبەردەم ئەو سەنتەرە بازرگانییەى لە سلێمانى کرایەوە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و رایانگەیاند، هەژمارى من رەتدەکەینەوە و داواکارین مووچەکانمان لە بانکەکانى رەشید و رافیدەین تەوتین بکرێت.

 

دەقى راگەیەندراوى نووسراوەکەى مامۆستایان و فەرمانبەران ناڕازى:

بەناوی خوای گەورە
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق
سەرجەم لایەنە پەیوەندی دارەکان.
وەکو ئاگاداران مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 ساڵە لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین. چونکە لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کورستان 16 مانگی تەواو مووچەی پێنەداون، وە 44 مانگیش بەناوی جواروجۆرەوە بڕێکی زۆری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان بڕیوە، لە هەمان کاتیشدا لە ساڵی 2016ەوە پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانیان ڕاگرتووە.

ئێستاش دوای ئەو ماوە دوورو درێژە، کێشەکان نەک چارەسەرنەبوون بەڵکو قوڵتربوونەتەوە، لەم چرکە ساتەی کە ئەم پەیامەتان ئاراستە دەکەین لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیەی پارێزگای هەولێر ماوەی نزیکەی 20 ڕۆژە دەرگای زۆرێک قوتابخانەکان داخراون و مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی بێ مووچەییەوە بایکۆتی دەوامیان کردووە.

هەروەها ئەمڕۆ ساڵێکی تەواو بەسەر بڕیارە مێژووییەکەی دادگای فیدڕاڵیدا تێدەپەڕێ کە لە ٢١ / ٢ / ٢٠٢٤ دەرچوو، مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ئومێدێکی زۆریان بەو بڕیارە هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گەندەڵی و ناشەفافیەکانی دەسەڵادارانی هەرێم و ڕێگریان لە تەوتینکردنی ڕاستەقینەی مووچەکانمان تا ئێستا گرفتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر نەبووە و مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابوردووش دابەشنەکراوە.

ئێمە وەکو مامۆستایان وفەرمانبەرانی هەرێم پێمان وایە هۆکاری سەرەکی چارەسەر نەبوونی گرفتەکانی مووچە تەوتیننەکردنی مووچەی مووجەخۆرانی هەرێمە لەسەر بانکە حکومییەکانی حکوومەتی عێراقی، بەتایبەتی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین، بویە لێرەدا بە پێویستی دەزانین داواکاریەکانمان لەچەند خاڵێکدا بخەینە بەردەستان:

١ــ ئێمە پڕۆژەی (هەژماری من) ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕەتدەکەینەوە و متمانەمان پێی نییە و مووچە چەندین مانگیان دزیوین ، بۆیە داواکارین مووچەکانمان هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراقی لەلایەن بانکە حکومییەکانی حکومەتی عێراقەوە ( ڕەشید ، ڕافیدەین) تەوتین بکرێت.
٢ــ تەوتینکردنەکە بەشێوەیەک بێت مووچەکانمان لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕزگار بکرێت و تەمویلی مووچەکانمان ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆسەر هەژمارەکانمان بێت لە بانکە حکومیەکانی حکومەتی عێراق.
٣ ــ لەم سەنتەرە بازرگانییە نوێیە، لە ڕێی نووسینگەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین لە پارێزگای سلێمانی بەزووترین کات تەوتینی مووچەکانمان دەست پێبکات و مووچەکانمان لە بانکەکانی هەژماری من ی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕزگار بکرێت.
٤ــ دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە لەژێر هیچ ناو و بیانویەکدا هەژماری من بە مامۆستایان و فەرمانبەران پڕ نەکەنەوە. خۆیان سەرپشک بن هەژماری من یان دەوێت یان تەوتین.
لە کۆتاییشدا ڕایدەیەگەینین
بایکۆت بڕیاری خۆرسکانەی مامۆستایانە و رەدکردنەوەی کۆیلایەتییە. هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە جیاتی ئەوان بڕیار بدات و لەژێر هیچ فشار و بەڵێنێکی ساختەدا بایکۆت بە مامۆستیان بشکێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن