821وتار

كارتی لامەركەزی و هەرێمی سلێمانی

7/2/2020 9:42:00 PM
عەدنان عەلی تاڵەبانی

بەوروژاندنی پرسی سزادانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە, ماوەیەك یەكێتی هەڵمەتێكی بۆ سیستمی لامەركەزی پارێزگاكان دەستپێكرد, هێشتا ئەو هەڵمەتەی كۆتایی پێنەهێنابوو, پرسی هەرێمی سلێمانی خستوەتە بەرباس.

لامەركەزی و پرسی هەرێمی جیا دوو پرسی تەواو جیاوازن, سیستمی لامەركەزیی پارێزگاكان دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە لەنێوان حكومەتی هەرێم و چوار پارێزگاكەدا, بەڵام بەپێچەوانەوە دروستكردنی هەرێمی سلێمانی دابڕانی پارێزگاكانی هەرێمە لە رووی ئیداری و حكومڕانیەوە.

یەكێتی بەئاشكرا داوای سیستمی لامەركەزی دەكات, بەڵام بۆ هەرێمی سلێمانی كە خراوەتە بەرباس و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت تا ئێستا بە ئاشكرا تەبەنی نەكردووە, لەگەڵ ئەوەشدا بەدور نازانرێت یەكێتی ئەم باسەی خستبێتە ناو خەڵك, چونكە دوای وروژاندنی ئەم پرسە لەمیدیا و رای گشتیدا لەلایەن خەڵكی ترەوە, یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی-یش لە نوسینێكدا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی سلێمانی دەردەبڕێت و شەرعیەتی پێدەدات. پرسیاری جەوهەری ئەوەیە یەكێتی كە هێشتا هەڵمەتەكەی بۆ پرۆژەی لامەركەزی بە كۆتا نەگەیشتووە  بۆچی پرۆژەی هەرێمی سلێمانی دەوروژێنێت؟.

 گریمانەی ئەوەدەكرێت باسكردنی هەردوو پرسەكە لای یەكێتی بۆ مەبەستێكی تاكتیكی بێت نەك ستراتیژی, دوای هاتنە پێشەوەی ئەم سەركردایەتیە تازەیەی یەكێتی و ئامادە نەبوونی بارزانی و پارتی بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵیاندا پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە گرژی تێكەوت, هەڵمەتی پرسی لامەركەزی و دواتریش وروژاندنی بابەتی هەرێمی سلێمانی دەكەوێتە زەمەنی هەڵمەتەكانی یەكێتی دژی پارتی, بۆیە پێشبینی دەكرێت وروژاندنی ئەم دوو پرسەش بۆ فشاركردن بێت لە پارتی بۆ ئەوەی  دیفاكتۆی  سەركردایەتیە تازەكە قبوڵبكات.

ئەگەر ناكۆكییەكانی ئەو دوو حزبە وردبكەینەوە پارتی زیاتر لەگەڵ بەشێكی سەركردایەتی تازەی یەكێتی كێشەی هەیە نەك هەموو یەكێتی, بارزانی و پارتی زۆر كێشەیان لەگەڵ كوڕانی تاڵەبانی نیەو لەدوای كۆنگرەی یەكێتیشەوە بارزانی بە نهێنی و دور لە چاوی میدیا لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی كۆبوەتەوە, بەڵام ئامادەی دانیشتن و دیدار نیە لەگەڵ لاهور تاڵەبانی, ئاماژەی ئەوەشدەركەوتووە مامەڵەی جیای پارتی درزی خستبێتە ناو سەركردایەتیە تازەكەی یەكێتی, لە پرسی كەمكردنەوەی موچەشدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە ئاشكرا درزی نێوان ئامۆزاكان لە سەرۆكایەتی یەكێتی دەركەوت.

ئێستا كە هەوڵ هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و لەچەند رۆژی رابردوودا دیدار و دانیشتنیش كراوە و بڕیارە كۆبونەوەی تریش بكەن, لەرۆژانی داهاتوودا لە ئەگەری ئاساییبونەوەی پەیوەندییەكانیان دەردەكەوێت ئایا لامەركەزی و هەرێمی سلێمانی كارتی گوشارە یاخود پرسێكی ستراتیژی؟.

لانی كەم لەم بارودۆخەدا پێناچێت نە یەكێتی و هیچ هێزێكی تر كە رەخنەیان لە خراپی ئیدارەدانی حكومەتی هەرێم و قۆرغكاری پارتی و ناعەدالەتی جوگرافی لە سەر ئاستی كوردستان هەیە بوێری ئەوەیان هەبێت بەكردار كار بۆ هەرێمی سلێمانی بكەن, دروستكردنی هەرێمی سلێمانی هەرێمێك نیە لەپاڵ هەرێمی هەولێر, بەڵكو جێهێشتنی ناوی هەرێمی كوردستانە بۆ دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر و دهۆك, هەموو هێزەكانیش ترسی ئەوەیان هەیە ئەوكات ساحەی كوردایەتی بۆ پارتی بە تەواوی یەكلایی بێتەوە كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە هەوڵی قۆرغی دەدات.

هەر هەوڵێكی  یاسایی و دەستوری و مەدەنی بۆ بوژاندنەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و سەر رێگەخستنی دەسەڵاتێكی دیموكراتی و مەدەنی قابیلی پشتیوانیكردنە, بەڵام تا یەكێتی لە دێگەڵە بەرەوخوار هەیمەنەی هەبێت هەر پرۆژەیەك بۆ دروستكردنی هەرێمی جیا لە سلێمانی بێ‌ پشتیوانی ئەوحزبە ئاستەمە جێبەجێبكرێت, هەر هەوڵ و  پرۆژەیەك لە گریمانەی ئەوەی یەكێتیشی لە پشتەوە نەبێت بۆ جیابونەوە لە دەسەڵاتی پارتی لەم كاتەدا دەرژێتە جۆگەی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ فشاركردن لە پارتی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن