ئازادە رەش باران دەباتە گوڵان
08:31 - 29/11/2019
"زەمەن"
لە نوێترین بەرهەمی هونەریی خۆیاندا، تیپی مۆسیقای شنروێ، گۆرانی (بارانە) لە سەیرانگای گۆڵان سەر بە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار دەکەن و دەڵێن سەرباری ئەو هاوکێشە سیاسییە ناسەقامگیرە هێشتا بەردەوامین لە هونەرو نەوەستاوین.
توانای نەی، ژەنیار لە تیپی موزیکی شنروێ، بۆ زەمەن باسی لەو بەرهەمە تازەیان کرد کە گۆرانییەکە بەناوی (بارانە) کە هۆنراوە و وتنی لەلایەن هونەرمەند (ئازادە رەش)ە و حەوت ژەنیاری تیپەکە بە ئامێرەکانی (کەمان، نەی، قانون، عود، ساز، دەف، زەڕب، چەلۆ) بەشدارن و ئازاد ساڵح کاری دابەشکردنی موزیکی بۆ کردووە.
توانای نەی بۆ “زەمەن” باسی لەوە کرد کە تیپی مۆسیقای شنروێ لە هەڵەبجەی شەهید دروست بووەو لە شاری سلێمانی برەوی بە کارەکانی خۆی داوەو وتی: بێگومان مۆرکی هونەری شاری هەڵەبجەو دەوروبەری لەنێو تیپی شنروێدا رەنگیداوەتەوە، بەڵام خۆمان لەوە دەپارێزین وابەستەی ناوچەگەرێتی بین، چونکە هونەر سنوورێکی دیاریکراوی نییە.
توانا نایشارێتەوە کە ماوەیەک بەهۆی قەیران و نەبوونی ماددەوە کارەکانیان خاوبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بە هەوڵی ئەندامە خۆبەخشەکانیان لە چالاکییەکان بەردەوام بوون و بەیەکجاری پەکیان نەکەوتووە، سەبارەت بەوەی بۆچی کلیپی ئەم گۆرانییە لە گوڵان ئەنجام دراوە، توانا وتی: ئەشێ گوڵان و باوەکۆچەک و چاوگ ببنە خولقێەنەری هەستی هونەری بۆ تیپەکەمان.
لە ئێستادا تیپی مۆسیقای شنروێ لە هەردوو شاری هەڵەبجەو سلێمانی دوو فێرگەیان هەیە بۆ پێگەیاندنی فێرخوازان بۆ گشت ئامێرەکان.