740 هەمەڕەنگ

تەڵاقخواردن لەناو هەورامی دا

12:11 - 25/11/2022

"زەمەن"
قاسم هەورامی گەنجێکە بێ ئەوەی ژیانی هاوسەرێتی پێکهێنابێ، لەکاتی قسەکردندا زۆرجار تەڵاق دەخوات. قاسم دەڵێت: بیرم دێت زۆر منداڵبووم لەناو خێزان و چواردەورەکەمدا، زۆرترین تەڵاق دەخوراو ئیتر منیش لەسەر ئەم سوێندە راهاتووم.

قاسم باس لەوە دەکات کە لەنێو برادەرەکانیدا جاری وا هەیە لەسەر شتێک هەموویان پێکەوە تەڵاق دەخۆن و کەسیشیان باوەڕ بەوی تریان ناکەن، بەگشتی ئەم گەنجە پێیوایە هەورامییەکان بەوانەیشەوە کە ژنیان هەیە زۆر تەڵاق دەخۆن و باکیشیان نییە لەوەی تەڵاقەکەیان دەکەوێت یان نا.

تەڵاقخواردن لەناو هەورامییەکاندا، لە خویەکی ئاساییەوە بووەتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی. نازانرێ مێژووەکەی چۆنەو یەکەمجار چ نیازێکی لە پشت بووە، ئەوەی دیارە بەربڵاوی و بڵاوبوونەوەیەتی،
بە بۆچوونی هومایۆن ساحێبی نووسەر کە بۆ خۆیشی هەورامییە، مەرامی تەڵاقخواردنی هەورامییەکان، پەیوەندی بەو عەقدو دامەزراندنەی نیکاحەوە نییە، کە هەیە. گەرچی زاراوەکە هی دوای وەرگرتنی ئیسلامە لای هەورامیەکان، چونکە نیازو مەبەستیان لە دەسبەردانی ژن و هەڵوەشانەوەی خێزان نییە. بە باوەڕی ئەم نووسەرە، ئاسایی کردنەوەی تا ئەو ڕادەیەو کۆمەڵایەتی کردنەوەی بۆ هەموو چرکە ساتێ، ڕەنگە وەک بەرەنگاری بۆ مەسەلەی کەوتن و نەکەوتنی تەڵاق لای مەلاکان بەکاریان هێنابێ.

هومایۆن دەڵێت: بیرمان نەچێ لە هەرە مەلا تێگەیشتووەکان لە جیهانی ئیسلامدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەلایانەی هەموو سوێندێکی تەڵاقیان خستووەو خێزانیان هەڵوەشاندووەتەوە، لە رابردوودا مەلا حەسەنی دزڵی و مەلا مستەفای زەڵمی بوون. تەڵاقخواردن دیاردەیەکە لە هەوراماندا زۆر لە نیکاح دوورکەوتووەتەوەو تێگەیشتنێکی ئایینی نییە، تەڵاق لە چەند ناوچەیەکی هەوراماندا وەک جۆرە ئەدەب و فۆلکلۆرێکی سەرزارەکی لێ هاتووەو چەندین مەرام و مانای شیرین لە کارەکتەری تەڵاقخۆرانی نموونەییدا هاتووە”.

وەک زانراوە، زۆرینەی تەڵاقەکان لەکاتی خۆشی و سەرحاڵیدا دەخورێن، ئەوانەی کە وەک دەرکەوتەی شادی و جۆرێ لە گاڵتە دەردەکەون، هەر لەبەر ئەوەشە دیاردەکە لای زگوردەکانیش دەردەکەوێت.

بە وتەی هومایۆن ساحێب، تێگەیشتنی هەورامییەکان بۆ تەڵاق، ئەو تێگەیشتنە نییە کە ئەنجامی جیابوونەوەو دەستبەردانی خێزانی لێ بکەوێتەوە، بەڵگەشی ئەوەیە گەر وابوایە دەبوو ئێستا لە هەوراماندا دوو خێزانی پایەدار نەبوونایە. ئێستا شاعیرێک هەیە لە شیعردا تەڵاق دەخوات، واتە مەسەلەی تەڵاقخستنی کردووە بە داهێنانێکی شیعری.

هەروەها نووسەرو شارەزا لە مێژووی هەورامان و هەورامییەکان نامیق هەورامی، بۆ زەمەن” وتی: “ تەڵاق لەناو هەورامیەکاندا، وەک لەفزی تەڵاق بەکارنایەت، بەڵکو زیاتر وەک ئیدیۆمێکە بۆ سوێندخواردن نەک مەبەست خودی تەڵاقەکەبێ. کوڕە زگوردەکانیش ئەو ئیدیۆمە بەکاردێنن. بەلای منەوە ئەمە دەرهاویشتەی کۆمەڵگەیەکە کە نێرینە جڵەوی کایەکانی ژیانی گرتووە، بەڵام دەبێ ئەوەش بوترێت ئەو تەڵاقخۆرانە لەناو هەورامییەکاندا زۆرتر تەوکیدی لەفزییە نەک سوێندبێ. دڵنیایی کەسی بەکارهێنەرە لەسەر قسەکەی خۆی، نمونەمان تەڵاقەکانی بارام بەگە، ئەو قسانەی بەتەڵاق دەستی پێکردوون، دڵنیایی لای خۆی هەبووە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن