خانمە هونەرمەندێکى ناودارى کورد گەیەنرایە نەخۆشخانە
06:04 - 29/01/2020
"زەمەن"
خانمە هونەرمەندی ناسراوى کورد فەتانەی وەلیدی گەیەنرایە نەخۆشخانە.
هونەرمەند پەیام رۆژهەڵاتی، نزیک لە فەتانەی وەلیدی لە لێدوانیکی تایبەتدا
بە دیجیتاڵ میدیاى "زەمەن"ى راگەیاند، هونەرمەندی دیاری کورد فەتانەی وەلیدی
دەمێکە دۆخی تاندروستی باش نییە، بەڵام ماوەی دوو رۆژە دۆخی تەندروستی خراپتر
بووە.
وتیشى، لە ئێستادا دکتۆرەکان بە شێوەیەکى زۆر ورد چاودێرى دۆخى تەندروستى
دەکەن.
فەتانەی وەلیدی، ساڵی 1953 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ماڵباتێكی
هونەرمەندی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایكبووە. لە خوێندنگەی باڵای میوزیك لە تاران
خوێندوویەتی و ساڵانی حەفتاكان لە رێگەی حەسەن كامكار، باوكی گرووپی كامكارەكان و
محەممەد شەریف وەلیدی، باوكی خۆی، ئاشنای جیهانی مۆسیقا بووە.
فەتانە یەكەم گۆرانییەكانی لە تەمەنی منداڵیدا و بە هاندانی حەسەن كامگار لە
رادیۆی سنە تۆمار كرد و هەر زوو سەرنجی ژەنیاران و موزیسیەنە بەناوبانگەكانی وەك
گریشا میكاییلزادە و موجتەبا میرزادەی بۆ خۆی راكێشا.
چەندین چیرۆك و گێڕانەوە سەبارەت بە هۆكاری دووركەوتنەوەی فەتانە لە گۆرانی
و میوزیك باس دەكرێن بەڵام دیارترینیان چیرۆکێکی خۆشەویستییە کە بووەتە هۆی خراپی
دۆخی دەروونی بۆی.
فەتانە وەلیدی زیاتر لە نیو سەدەیە لە گۆشەی تەنیایی خۆیدا ماوەتەوە و تەنیا
جارجارە هەندێك كەس و لایەن سەردانێكیان كردووە، دوای مردنی باوكی لە ساڵی 2017 و بەهۆی بێكەسوكاری و بێدەرەتانی، گوازراوەتەوە
بۆ ناوەندێكی خێرخوازی چاودێری و راگرتنی نەخۆشە دەروونییەكان بە ناوی بەهار كە لە
گەڕەكی بەهارانی شاری سنەیە. خوشكەكانی چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناودارە
سنووردار كردووە.

