ع.ع. شەونم کۆچی دوایی کرد
11:10 - 10/10/2020
هونەرمەند و شاعیر عەلی عەبدوڵڵا سۆفی محەمەد، ناسراو بە ع.ع. شەونم،بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ع.ع. شەونم، یەکێکە لە شاعیرانی تایبەت بە شیعری منداڵان، هاوڕێی گۆرانی شاعیر و پیرەمێرد و دەیان نووسەری ناودار بووە. یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد و ماوەیە سەرپەرشتیاری چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بووە. لە بواری شیعری نەتەوەیی و نیشتمانیی و منداڵاندا، خاوەن ستایلێلکی تایبەت بە خۆی بووە. شیعری (جەژنە، جەژنە جەژنی نەورۆزە)و(هاتم.. هاتم) لە شیعر و سروودە بەناوبانگەکانییەتی. لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، یەکێک بوو لەو مامۆستایانەی بۆ یەکەمجار شانۆی بردە هەڵەبجە و یەکێک بووە لەو هونەرمەندانی ڕۆڵی لە بەرەوپێشچوونی شانۆدا هەبووە لەو شارەدا.
ع.ع.شەونم، بەتەنیا شاعیرو شانۆکار نەبووە، بەڵکو دەنگخۆش و وێنەکێشیش بووە. لەو دوو بوارەشدا دەیان بەرهەمی هەیە.
عەلی عەبدوڵڵا سۆفی محەمەد، ناسراو بە ع.ع. شەونم. ساڵی ١٩٢٩ لە شاری هەڵەبجە لە خێزانێکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لە دایکبووە.
خانەی مامۆستایانی تەواو کردووە. زیاتر لە نیو سەدە لە بواری پەروەردە و هونەردا کاری کردووە. یەکێکە لەدامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد و ساڵانێکی زۆر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی نووسەرانی کورد بووە. کۆمەڵێ کتێب و دیوانە شیعری بڵاوکراوەی هەیە. وەرگری یەکەمین خەڵاتی شیعریی ڤیستیڤاڵی گەلاوێژە. بەرەبەیانی ١٠-١٠-٢٠٢٠ پاش ململانێکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد.