925 کەلتور

"تاجەگوڵینە تاجی دڕک" ڕۆمانێک لە نووسینی "سەردار عەبدوڵڵا"

09:01 - 25/01/2024

كولتووری زەمەن
 دلین سۆران

 

 پیاوێک لە خەو هەڵدەستێت، نازانێت لە دنیادا چی ڕوویداوە ، نازانێت بۆچی لەسەر ئەو جێگەیەیە و بۆ ناتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، بەڵام دەزانێت پێش ئەم ڕووداوانە چی کردووە یان بە تایبەتی کێی خۆشویستووە، عەشقێک یان ئەتوانم پێی بڵێم خۆشەویستیەک گەر لە مێژە ڕووشیدابێت بەڵام هەمیشە لە دڵدا بە تازەیی سەرهەڵدەداتەوە.

لەم ڕۆمانەدا چەندین حیکایەتی تێدایە کە کاتێک دووبارە بیری لێدەکەیتەوە، وەکو حیکایەتی ئادەم و حەوا، دەڵێیت هەر بەڕاستی حەوا کەسێکی قارەمانە و لەپێناو ئادەمدا ئەم گوناحانەی کردووە و لە کۆتاییدا لەگەڵ ئادەمدا کە بە گوناحی حەواوە بەستراوەتەوە نێردراونەتە سەر ئەم زەمینە.

لە کاتی قوڵبوونەوەدا بە حیکایەتەکان هەست دەکەیت ڕووداوەکان یان بەسەرهاتەکان ئەوە نیە کە تەنها هەر لەسەر زاری خەڵکییەوە باوەڕ بە قسەکان بکەیت و هەر بەو شێوەیە لێکیبدەیتەوە بەڵکو پێویستە لە ڕووی ڕوانگەی خۆتەوە لێکدانەوەی بۆ بکەیت، چونکە لە وردەکاری حیکایەتەکاندا دەردەکەوێت کە هەر ڕووداوێک مەبەست و ڕاستیەکی دیکەی لە پشتە. لە بەشێکی ڕۆمانەکەدا ئەوە دەردەخات کە پیاوەکە زۆر تەمەنی لە خۆشەویستەکەی زیاترە، ئەمەش ئەو ڕستەیەم بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێن (عیشق تەمەن نازانێت)، گەر پیر بیت یان گەنج، خۆشەویستی و عیشق لە قۆناغێکدا ھەم هانات بۆ دەهێنێت و ھەم زەفەرت پێدەبات بەلایەوە گرنگ نییە تەمەنێکی زۆر یان کەمت هەیە.

لە دونیادا کەسانێک هەن لەبەر قسە و قسەڵۆکی خەڵکی هیچ شتێک ناکەن گەر کەسی بەرامبەریشیان زۆر خۆشبوێت، هەندێکیش هەیە کە دەمێکە عیشق زەفەری پێ بردووە کەچی ھەر حاشای لێ ئەکەن.

من بە تەواوی گومانم لەوە نییە کە گەر لە لێواری مەرگیشدا بیت خەیاڵێک ھەر دەتباتەوە بۆ ئەو کەسەی کە خۆشتدەوێت، لەم ڕۆمانەدا، خۆشەویستی وەکو عەرەبانەیەک وایە، دەتهێنێت و دەتبات، ئیتر کەس نازانێت کە بەرەو کوێ دەتبات، ئایا بەرەو هەست و خۆشەویستی، ئیشکردن یان  بەرەو ڕێگای مەرگ دەتبات؟ ئێمەی مرۆڤیش کاتێک لە دایکدەبین لەسەر عەرەبانەیەکین و لە کاتی پیریشدا هەر لەسەر عەرەبانەیەک خۆمان دەبینینەوە.

لە کۆتایی ئەم کتێبەدا پارچە ونبووەکانی هەر بەشێکی چیرۆکەکان دەچنەوە شوێنی خۆیان و بە جوانی دەبینرێن و لەگەڵ هەر یەکێکیاندا خۆشەویستی دەخاتە بەرچاو و شیدەکاتەوە بەڵام لەگەڵ هەر یەکێکیان وشەی خۆشەویستی جیاواز دەخوڵقێنێت، لەسەر ئەمەشەوە دەردەکەوێت کە ئافرەت ڕۆڵێکی گرنگی لە ناو ژیانی پیاودا هەیە هەر وەک چۆن پیاویش ڕۆڵێکی گرنگی هەیە.
لە کۆتایدا دەڵێم زۆر سوپاس بۆ ئەم کتێبە ناوازەیەتان کە لەگەڵ هەر دێڕیکدا مەبەستێک هەیە و لە لایەنی خۆمەوە دەکرێ بڵێم کە خوێنەر زۆر بە باشی دەتوانێت لێی تێبگات و هەڵیسەنگێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن