لەسەر قسەیەکى بافڵ تاڵەبانى روونکردنەوە دەدرێت
07:11 - 01/06/2024
زەمەن - کوردستانى
ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکى حزبەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا پەیامێکی بۆ لایەنگرانی یەکێتی نارد و گوتی "هەرگیز جێتان ناهێڵم"، ئەمە لەکاتێکدایە دەنگۆى گوشار لەسەر بافڵ تاڵەبانى هەیە و دەگوترێت لە پۆستى سەرۆکى یەکێتى لادەبرێت و قوباد تاڵەبانى براى دەچێتە شوێنەکەى.
ئەمڕۆ دواى ئەو پەیامەى بافڵ تاڵەبانى، پۆڵا سیروان تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "هیچ گوشارێک لەسەر سەرۆکی یەکێتی نییە و پەیامەکەی جەختکردنەوەیە لەوەی هەمیشە لەگەڵ خەڵک دەمێنێتەوە."
گوتیشى "یەکێتی هیچ کاتێک دەرگای بە رووی لایەنە سیاسییەکان دانەخستووە؛ دەمانەوێت پەیوەندییەکی باش و تەندروستمان لەگەڵ لایەنەکان هەبێت، بەتایبەتی پارتی."