سوپاى تورکیا بەتەواوى هاتە ناو خاکى هەرێم و دەستیکرد بە دانانى بازگە
07:28 - 25/06/2024
زەمەن - کوردستانى
دوای ئەوەی سوپای تورکیا چەندین خاڵی ئەمنی و سەربازگەی لە ناو خاکی ھەرێم جێگیرکرد، لە ئێستاشدا ھەندێک لەو ھێزانە لە چەند گوندێکی بەرواری باڵا لە سنووری ئامێدی بە پیادە ھاتوچۆ دەکەن و لەنێوان گوندی بێلیزانێ و بازێ، بازگەیان داناوە.
ھاووڵاتییەکی گوندی بازێ رایگەیاند، شەوی ڕابردوو لەکاتی دەرچوون بو دەرەوەی گوندەکەی، سەربازانی تورکیا لە بازگەیەکی نزیک گوندەکە رێگەیان لێگرتووە و داوای ناسنامەیان لێکردووە.
وتیشی، ئەوە یەکەمجارە لەو گوندە بازگەی لەو شێوەیە دابنرێت، لە ئێستاشدا سنووری ئامێدی و دەڤەری بەرواری باڵا بە تایبەت پڕبووە لە سوپای تورکیا.
شەوی یەک شەممەی رابردوو سوپای تورکیا ھێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە رەوانەی سنوری ئامێدی کرد و لەو سنورە جێگیربوون.
سوپای تورکیا زیاتر لە 20 بنکەی سەربازی لە خاکی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە کە دەکەونە ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێرەوە، ئەوە جگە لە بنکەی سەربازی بەعشیقە لە پارێزگای نەینەوا کە تورکیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015 و بە پاساوی راھێنانی ھێزە سونییەکان و بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراند.