232 کوردستان

سەرۆککۆماری عێراق و ئێران بەكوردی گفتوگۆی هەلومەرجیان كرد

04:38 - 11/09/2024

 

زەمەن - عێراقی
لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد، مەسعود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران لەگەڵ د.لەتیف رەشید سەرۆككۆمار كۆبوەوە و گفتوگۆكانیشیان بەزمانی كوردی بوو.

بەیانی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە بەغداد بەڕێوەچوو، بەدوایدا كۆبوونەوەی هەردوو وەفدی عیراق و ئێران بە سەرۆكایەتی سەرۆكانی هەردوو وڵات ئەنجامدرا

هاوڕێ تۆفیق، بەرێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری بە "زەمەن"ی راگەیاند، "دوای پێشوازییە پرۆتۆکۆلییەکە، هەردوو سەرۆککۆمار دووقۆڵی نزیکەی نیو کاتژمێر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە لە سەرۆککۆمارم پرسی بە چ زمانێک قسەتان کرد؟ وتی: بە کوردییەکی شیرین، خۆیشم بە زمانی کوردی پێشوازیم لێکرد و پزیشکیان بە شێوەزاری موکریانی زۆر رەوان وەڵامی دامەوە."

لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆككۆماری عیراق رایگەیاند، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران پتەو و مێژووییە و ئێران دراوسێیەكی گرنگە بۆ عیراق و پێگەی هەرێمیی گەورەی هەیە لە سەقامگیری ناوچەكە، عیراقیش پشتیوانی هەماهەنگییە هاوبەشەكان دەكات بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و دابینكردنی ئاسایشی سنورەكان و كۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە. جەختیشی كردەوە لە كاراكردنی رێككەوتن و یاداشتەكانی نێوانیان، داواشیكرد ئاوی سنورە هاوبەشاكانیان بەربدرێتەوە و بگەنە لێكتێگەیشتن سەبارەت بە دابەشكردنی ئاو.

لای خۆشیەوە، پزیشكیان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی كرد لە بوارەكانی تەندروستی و ژینگە و پیشەسازی و ئاسایش و گەشتیاری، كە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.  

هاوكات پزیشكان و سودانی كۆبوونەوە و سودانی جەختی كردەوە لە گرنگی كارەكانیان بۆ روبەڕوبوونەوەی كێشەی ئابوری و ئەمنی ناوچەكە.

پزیشكیانیش خواستی وڵاتەكەی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان و جێبەجێكردنی هەماهەنگی و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن دەربڕی.

سەردانی پزیشكیان بۆ عیراق یەكەم سەردانێتی بۆ دەرەوەی وڵات و  سەردانی سلێمانی و هەولێریش دەكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن