267 کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

08:13 - 21/12/2024

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە، بافڵ تاڵەبانى دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە، یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 

هەروەها دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رووداو و پێشهاتەکانی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ دوورخستنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکە بوو و لەوبارەیەوە گوتمان، یەکێتی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان بێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەداراییەکانی خەڵکی کوردستان و رێگری لە بەسیاسیکردنی ئەم پرسە نیشتمانییە بکرێت.

 

راشیگەیاندووە، لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا پابەندبوونی حکومەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانەوە بۆ سەرجەم هاوڵاتییان دووپاتکرایەوە، خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە و هێنانەکایەی حوکمڕانییەکی خزمەتگوزار و دادپەروەر جەختیلێکرایەوە.

 

هەوەرها دەڵێت، هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بە پرسی حکومەتی نوێ روونە و دەمانەوێت یەکسانی و دادپەروەری بنەمای حکومەتی داهاتووبێت، دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکات، ئامانجەکەی بەهێزترکردنی کوردستان بێت و توانای چارەسەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکی هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن