مەزڵوم کۆبانێ ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا دەربڕی
05:51 - 16/09/2024
زەمەن - کوردستانی
مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان بە تورکیاشەوە، جەختیشیکردەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ھێرش و دەستوەردانەکان.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم کۆبانی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەی فورات کۆبووەتەوە و جەختکرایەوە لە ئامادەیی ھێزەکان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی.
مەزڵوم کۆبانی ستایشی ئامادەکارییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی ھەسەدەی کرد بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەرگریکردن لە سەرجەم پێکھاتەکان، جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەھێزکردنی توانای ناوخۆیی و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان لە تەواوی بوارەکاندا.
وتیشی، ئامادەن بۆ دانوستان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە تورکیاشەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی، بەڵام نابێت ھێرش و دەستوەردانە سەربازیی و ئەمنییەکان بە ھەند وەرنەگیرێن.
جەختیشیکردەوە، بەردەوام دەبن لە مەشق و راھێنان بە ھێزەکانیان بۆ پشتیوانیکردنی ئەنجومەنی سەربازیی و ھێزەکانی.