103 جیهان

ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى نەمسا راگەیەندرا

07:43 - 29/09/2024

زەمەن - جیهانى

 

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا، پارتی ئازادی کە پارتێکی راستڕۆی دژەکۆچبەرە، یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو و پارتی میللیی وڵاتەکەش دووەم بووە. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیای نەمسا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، پارتی ئازادی 29٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. پارتی میللیی نەمساش کە لەلایەن کارل نیهامەر، راوێژکاری نەمسا سەرۆکایەتی دەکرێت، توانی 26.2٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. پارتی میللی پارتێکی راسترۆی میانڕۆیە. 

بە گوێرەی ئەو ئەنجامانەی بڵاوکراونەتەوە، پارتی سۆسیال دیموکرات کە پارتێکی چەپی میانڕۆیە، 20.4٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. هەروەها پارتی سەوزیش، کە لە هاوپەیمانی پارێزگاران پێکدێت، 8.6٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 

هێربەرت کیکل، سەرۆکی پارتی ئازادی نەمسا دوای دەنگدانی لە بنکەیەکی هەرێمی نەمسای خواروو رایگەیاند، ئەمڕۆ، هەستێکی خۆشم هەیە. پێموایە کەشەکە راستە و دەنگەکانیش بۆ راست دەبن." ئاماژەی بەوەشکرد، "پێنج ساڵی باش" چاوەڕێی نەمسا دەکات، ئەمە وەکو ئاماژەیەک بۆ چوونە حکومەت و ئەگەری گرتنە دەستی دەسەڵات. 

پارتی ئازادی نەمسا چەند جارێک بەشداری پێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام پێش ئەم هەڵبژاردنە، هیچ جارێک نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن