1087 جیهان

زانیاری نوێ لەسەر پلانی كوشتنی هەنیە ئاشكرابوو

03:01 - 29/12/2024

زەمەن _ جیهانی

 

 ئیسرائیل زانیاری نوێ لەسەر پلانی كوشتنی هەنیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: بەهۆى خراپبونى سیستمى فێنککەرەوەى ژورەکەیەوە خەریکبوە ئۆپەراسیۆنەکە هەڵبوەشێتەوە و دوابخرێت.

 

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، راپۆرتێکى کەناڵ 12ـى ئیسرائیل کە لە رۆژنامەى "تاییمز ئۆف ئیسرائیل" بە زمانى ئینگلیزى بڵاوکراوەتەوە هاتوە؛ ئیسماعیل هەنیە ویستویەتى ژورەکەى بگۆڕێت، بەهۆى ئەوەى سیستمى فێنککەرەوەى ژورەکەى تێکچوە، بەڵام توانراوە پێش ئەوەى ژورەکەى چۆڵ بکات لەلایەن تیمێکى تایبەتەوە کێشەکەى بۆ چارەسەر بکرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، کە پیلانى کوشتنەکەى بەشێوەیەک دانرابو کە لەکاتى ئامادەبونى لە پرسەى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى پێشوى ئێران جێبەجێ بکرێت.

بەپێی راپۆرتەکە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى بەئامانجگرتنەکەى هەنیەى گۆڕیوە، لە پرسەى رەئیسییەوە بۆ مەراسیمى دەستبەکاربونى مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێستاى ئێران و بڕیاریش دراوە لەکاتى مەراسیمەکەدا نەبێت تا تاران شەرمەزار نەبێت.

ئیسرائیل لەو ڕاپۆرتەدا ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە بۆمبى جێنراو لە ژورەکەى هەنیە دانراوە لە نزیک شوێنى خەوتنەکەى، جگە لەوەش بڕێک تەقینەوەش دانراوە تا دڵنیا ببنەوە لە مردنى و ئەوەندەش نەبێت کەسانى دیکە لە ژورەکانى چواردەورى بکوژێت.

لە 31ـى تەمموزى ئەمساڵ،  لە بەیانییەکى زودا سوپاى پاسدارانى ئێران بەئامانجگرتن و کوشتنى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبى سیاسیى بزوتنەوەى حەمماس-ى لە تاران راگەیاند کە بۆ مەراسیمى سوێندخواردنى مەسعود پزیشکیان لە شارەکە بو، پاسدارانیش راستەوخۆش ئیسرائیلى وەک ئەنجامدەر ناوبرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن