181 کوردستان

راگەیەندراوێک لە پارتى دیموکراتى کوردستانەوە لەبارەى سوریا

09:15 - 08/12/2024

زەمەن - کوردستانى

 

مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستا راگەیەندراوێکى لەبارەى رەوشى سوریا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ھیوادارین زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری گشت کێشەکان و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ.

 

دەقە راگەیەندراوەکەى پارتى لەبارەى رەوشى سوریا:

 

سەبارەت بە گۆڕانکاری و ڕووداوی ئەمڕۆی وڵاتی سوریا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سوریا دەگرین.
ھیوادارین قۆناغی داھاتوو، قۆناغی خۆشی و ئارامی و کۆتاییھاتنی ئاڵۆزییەکان و، سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە، ھەروەھا ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمیانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سوریا لە ھەموو ڕوویەکەوە.
لەلایەکی دیکەوە ھیوادارین ئەم گۆڕانکاریە کاریگەریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سوریا و ڕەنگدانەوەی باشی ھەبێ لە چارەسەری کێشە و گرفت و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە و، زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری گشت کێشەکان و ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن