شارەزایەکى کەشناسى: بارانێکى باش دەبارێت و بای بەهێزى لەگەڵ دەبێت
07:49 - 25/12/2024
زەمەن - کوردستانى
شارەزایەکى کەشناسى دەڵێت، بارانێکى باش و بەفر دەبارێت و رەشەبایەکى بەهێزى لەگەڵ دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی پێشبینى کردووە، لەئەنجامی کاریگەری سەرەکی نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و تێکەڵبوونی بڕێک شێی دەریای سوور و مەداری به شەپۆلی دەریای ناوەڕاست، ناوچەکە بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و بەفر هەتا ڕۆژی شەممە 28 ی مانگ و درەنگانێک کاریگەری بمێنێتەوە و دواتر بەتەواوی کۆتایی دێت.
ئەو کەشناسە راشیگەیاندووە، کاریگەری سەرەتای شەپۆلەكە سبەی شەو زیاتر درەنگان و بەولاوە لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و موسڵ و هەولێر ئەبێت دواتر ئیدارەی ڕاپەرین و سلێمانی و ناوچەکانی تر دوو سبەی هەینی ڕۆژەکەی و شەوەکەی زۆرترین کاریگەری شەپۆلهکە دەبێت لەبەرزی 1500مەتر و بۆ سەرەوە ئەو ناوچانەی بەرزن لەئاست ڕووی دەریاوە ئەگەری بەفر بارین هەیە.
دەشڵێت، خێرایی بای باشوور و باشووری خۆرهەڵات بەتایبەتی چالاک ئەبێت لەسەر زۆرینەی ناوچەکان پێش گەیشتن و سەرەتای شەپۆلەکە بەزۆری “بەخێرایی 25 تا 70 کم لە كاتژمێرێكدا لەهەندێ شوێن ئەگەر هەیە زیان بدات و درەخت بشکێنێ.
شاڵاو هیدایەت گوتووشیەتى، ئەم شەپۆله بەنسبەت شەپۆلەکانی تری ئەم مانگە باشترە و زۆرترین بڕی باران بۆ ناوچە جیاوازەکانی سنوری دهۆک و هەولێر و ڕاپەرین دەبێت، كە دەگاتە 20 بۆ 60 ملم و کەمترین ڕێژەش ئەگەر هەیه لەناوچەکانی گەرمیان بێت و لە سلێمانی و دەوروبەری و شارەزوور و گەرمیان 8 ملم تا سەروی 40 ملم.