136 کوردستان

دەرباز كۆسرەت: لە کۆبووەنەوەکاندا باسی پۆستەکانمان نەکردووە

04:50 - 25/12/2024

زەمەن – هەرێمی كوردستان
دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، نە پارتی و نە یەكێتی، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە پۆستەكان نەكردووە، چونكە ئەوەی گرنگە لەو قۆناغەدا رێككەوتنی سیاسییە.

چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024 دەرباز کۆسرەت وتی: بە پشتیوانی خوای گەورە، کێشمە کێش و ململانێی سیاسیی کە لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان لایەنەکان هەبوو، کۆتایی پێدێت و داهاتوو دەبێتە داهاتووی ئاوەدانی و سەقامگیریی.

دەرباز کۆسرەت ڕایگەیاند: چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنەکان و لایەنەکانیش لەگەڵ یەکدی هەیانبووە، لە کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لایەنەکانی دیکەش بەهەمان شێوە لەسەر هێلن، چونکە بارودۆخی ناوچەکە بە ئاراستەی گۆڕانکاریی خێرا تێپەڕ دەکات، گرنگە لەو کاتەدا کۆ دەنگی و یەکڕەنگی نێو ماڵی کورد دروست بکەین، ئەوەش دەکەوێتە سەر شان و ئەستۆی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

دەرباز کۆسرەت دەڵێت: بە بڕوای ئێمە لە ڕابردوودا شەراکەتی ڕاستەقینە هەبووە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆیە کوردستان ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیووە، وتی: ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەمانەوێت شەریکی ڕاستەقینە بین و بەتەنها بەشدار نەبین، دوای ساڵی نوێ یەکێتی و پارتی کۆ دەبنەوە، دەڵێت:  ئێمە و پارتی لە کۆبووەنەوەکاندا باسی پۆستەکانمان نەکردووە، بڕوامان بەوە هەیە ڕێککەوتنێکی سیاسی و گشتگیر بکەین و قەیرانەکانی پێشووتر دووبارە نەبنەوە، بەڵکو خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و بێ متمانەیی نێوان هێزە سیاسییەکان کۆتایی پێ بێنین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن