شەپۆلێكی سەرمای توند هەرێم دەگرێتەوە
04:23 - 09/12/2024
زەمەن - هەرێمی كوردستان
لەرۆژانی داهاتوو پلەكانی گەرما نزیكەی 10 پلە
دادەبەزن و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دەبارێت بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی وشکە سەرما و دروستبونی
بەستەڵەک .
شارەزای كەشناسی شاڵاو هیدایەت، بە
"زەمەن"ی راگەیاند، لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەوە ڕۆژی ھەینی 13/12/2024 ھەرێمی
کوردستان و ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی سەرمای جەمسەری باکوورەوە، کە
لەرێگای ڕۆژھەڵاتی ئەوروپاوە پێشبیبی دەکرێت بگاتە ناوچەکانمان بەڕێڕەوێکی وشکدا تێپەڕدەبێت،
بۆیە شەپۆلەکە زیاتر پێکدێت لە وشکە سەرما و ھەروەھا چالاکبوونی بای باکووری ڕۆژھەڵات
و ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاویەکاندا بەتایبەت شاخاویە سنورییەکان.
ئەو شارەزایە ڕاشیگەیاند، کاریگەری ئەم شەپۆلە
ھەفتەی داھاتوو زیاتر ئەبێت لەڕۆژانی 14 و 15 و 16ی مانگدا بە جۆرێ پلەی گەرمی لەسەرجەم
ناوچەکان بەراورد بەماوەکانی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت 8 تا 9 پلە نزم ببێتەوە و ھەست
بەکەشێکی زۆر سارد دەکرێت و لەتەواوی ناوچە شاخاوییەکاندا بەگوێرەی بەرزی جیاواز لەشەواندا
پلەی گەرمی 5 تا 8 پلە بۆ ژێر سفر پلە دادەبەزن و لەناوچە شاخاویانەی کە بەرزیان زیاترە
لە 1500 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا لەڕۆژیشدا پلەکانی گەرما لە سفر بۆ ژێر سفر ئەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەنتەری پارێزگاکانیش لەسەنتەری
شاری سلێمانی بەتایبەت لە 15 و 16ی مانگ لەشەواندا پلەی گەرمی بۆ سفر و تا چەند پلەیەک
بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و ئەگەری بەستن و بەستەڵەک ئەبێت.