بڕیارێك لەوەزارەتی داراییەوە بۆ پێشمەرگە
12:18 - 14/01/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ خانەنشینبوونی پێشمەرگە بڕیارێکی نوێی دەرکرد و پلەیەکی بەرزتر دەداتە پێشمەرگە.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ بەرژەوەندیی پێشمەرگە، ڕێنماییەكی هەموار كردووەتەوە.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەی وەزارەتی دارایی، كە ڕێنمایی دارایی ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢٤ە، تیایدا هاتووە: “بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٦ لە یاسای ٣٨ی خزمەت و خانەنشینیی پێشمەرگە، ئەگەر پێشمەرگە دوای دوو ساڵ لە رێكەوتی شایستەبوونی بۆ پلەبەرزكردنەوە پلەی بەرز نەكرایەوە، ئەوا خانەنشین دەكرێت بە پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی.
بەپێی نووسراوەكە، ئەو ڕێنماییە، ڕێنماییەكی ساڵی ٢٠١٢ی هەموار كردووەتەوە كە پێشتر چوار ساڵ بوو بۆ رێكکەوتی شایستەبوون، بەڵام ئێستا بۆ دوو ساڵ كەم كراوەتەوە.
هاوکات ئەوەشخراوەتە ڕوو، ئەگەر پێشمەرگەیەك كاتی خانەنشینبوونی هات و پلەكەشی بەهۆی نەبوونی میلاك بەرز نەكرابووەوە، یان پلەبەرزكردنەوەی راگیرابوو، ئەوە لە كاتی خانەنشینبوونی بە پلەیەكی بەرزتر خانەنشین دەكرێت، لەو كاتەشدا مووچەكەی بۆ خانەنشینی زیاد دەكات.