697 کوردستان

زانیارى نوێ لەبارەى هاوکارییەکەى ئەمریکا بۆ پێشمەرگە گەیشت

06:49 - 25/01/2025

زەمەن - کوردستانى

 

ئەمڕۆ وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، بە فەرمانى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، سەرجەم هاوکارییە دەرەکییەکان بۆماوەى 90 رۆژ رادەگرن، جگە لە هاوکارییەکانى میسر و ئیسرائیل، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، تاکو ئێستا ئاگادار نەکراونەتەوە کە هاوکارییەکەى ئەمریکا بۆ پێشمەرگە رادەگیرێت.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى پێشمەرگە بە زەمەنى راگەیاند، تا ئێستا هیچ نووسراوێک یاخود ئاگادارکردنەوەیەکیان پێنەگەیشتووە کە ئەمریکا هاوکارییەکانى بۆ پێشمەرگە رابگرێت.

 

راشیگەیاند، لە هەفتەى رابردوودا داواى لیستى مووچەى مانگى یەکیان لێکردوون و بۆ ئەم مانگە پارەکەیان بۆ خەرجدەکرێت.

 

لە ساڵی 2022وە یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەدا واژۆکراوە، لە خاڵێکدا باس لەوە کراوە کە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن. واتا تاوەکو ئەو کاتە مسۆگەر کراوە، تەنیا مەگەر بڕیارێکی نوێ بدرێت کە یاداشتنامەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن