لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر ساڵی رابردوو هەزار و 100 نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون
04:03 - 04/02/2025
زەمەن - کوردستانی
لە رۆژی جیهانیی شێرپەنجەدا، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی
هەولێر رایگەیاند، لە ساڵی 2024ـدا هەزار و 800 فایل بۆ نەخۆشەکان کراونەتەوە و لەو
ژمارەیە هەزار و 100 کەسیان نەخۆشیی شێرپەنجەیان
هەبووە و کەمتر لە 900 کەسیان خەڵکی شاری هەولێر بوون، ئەوانی دیکەشيان خەڵکی دەرەوەی
پارێزگاکە بوون.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەردی جەواد، بەڕێوەبەری
نەخۆشخانەی نانەکەلی ئەوەی خستەڕوو، ساڵی 2024، بەراورد بە ساڵی 2023، ژمارەی
توشبووان بە شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێر کەمبووەتەوە.
باسی لەوەشکرد، لەساڵی 2024ـدا بە پلەی یەکەم نەخۆشەکانی
شێرپەنجەی مەمک زۆرترین حاڵەتی تۆمارکراو بوون، واتا یەک لەسەر چواری نەخۆشەکانی شێرپەنجە
ئەوان بوون، دواتر شێرپەنجەی قۆڵۆن، سییەکان، پێست و پڕۆستات دێت.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی ئاماژەی بەوەشکرد،
ساڵی رابردوو 750 هەزار پشکنینی تاقیگەیی کراوە، سێ هەزار پشکنینی مۆخی ئێسک بۆ دەستنیشانکردنی
شێرپەنجەی خوێن و سەدان پشکنینی دیکە لە نەخۆشخانەکەیان ئەنجامدراون.