103 کوردستان

دواهەمین پیلانی تورکیا دژی رۆژئاوا بەڕێوەیە! سێ دەوڵەتی تر تێیدا بەشدارە…

12:22 - 04/02/2025

زەمەن:-

 

لوقمان غەفوور
ئێوارەی ئەمڕۆ ٣ی فێبریوەری، سی ئێن ئێن، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا سەرقاڵی پیلانێکە دژی کوردەکانی رۆژئاوا بە هاوکاری سێ دەوڵەتی دیکە، ئەوانیش سوریا، عێراق و ئوردن.

 راپۆرتەکە ئاماژەی بە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا داوە کە لەگەڵ سوریا و عیراق و ئوردن کۆدەبنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کە هەنگاوێکە وا لە ئەمریکا دەکات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەکدارە کوردەکان لە سوریا بپچڕێنێت.

پەیوەندییە دە ساڵەییەکەی واشنتۆن لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە سوریا زیاتر لە ٨ ساڵە لەلایەن تورکیاوە دژایەتی دەکرێت، بەڵام ئەمریکا هەمیشە بە پێچەوانەی خواستی ئەنقەرەوە کاردەکات.

بیانووی ئەنقەرە ئەوەیە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەستراوەتەوە بە گروپێکی دیکەی کوردییەوە کە لەلایەن تورکیا و ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوی هاتووە کە ئەویش پەکەکەیە.

ئەمریکا ئەوەی لەبەرچاوە کە لەشەڕی دژ بە داعش، پەیەدە کە ناوکی هەسەدەیە چ رۆلێکی گەورەی دژ بە داعش گێڕاوە بەڵام هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی: "کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە کە یەپەگە پاسەوانی ئەو زیندانانە دەکات کە داعشی تێدا دەست بەسەرە و لە زینداندا دەیانهێڵێتەوە ... ئەوان هیچی تر ناکەن”.

بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە سی ئێن ئێن ی وتووە، فیدان بێئاگایە لە رۆڵ و ئازایەتی کوردەکان لە سوریا دژی داعش.

هەرچەند فیدان ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا، عێراق، سوریا و ئوردن پێویستیان بە پێکەوەبوون هەیە بۆ شەڕی داعش، وتیشی؛ “ئێمە توانای ئەوەمان هەیە و ئەوە ئەو هەنگاوەیە کە وەک چوار وڵات لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو رۆڵە دەگێڕین، ئێمە پێشتر گفتوگۆی سەرەتاییمان بۆ ئەو پرۆسەیە ئەنجامداوە”.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای ئاگادارکردۆتەوە کە حکومەتی نوێی سوریا بەڵێنی داوە کە بەرپرسیارێتی دیلەکانی داعش دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام ئەمریکا هیچ باوەڕێکی بە حکومەتی نوێی سوریا نییە، چونکە هێشتا لەناو بازنەی تیرۆردا گومانی لێدەکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن