سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران: مووچەی هەر 12 مانگی ئەمساڵ زامن کراوە
12:54 - 04/02/2025
زەمەن – هەرێمی كوردستان
د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە گوێرەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا، مووچەی هەر 12 مانگی ساڵی 2025ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زامن کراوە.
د. ئامانج ڕەحیم، باسی لەوەش کردووە "بۆ زەمانەتکردنی بەردەوامیی ئەم ڕێککەوتنە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە تەکنیکی، نەوتی و نانەوتیەکانی، بە تایبەتیش کە ئاستەنگی یاسایی لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە، نەما."
دووشەممە، 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، دوای 15 ڕۆژ لە کاری بەردەوامی شاندە تەکنیکییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەکردنی کێشە تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 بگەنە ڕێکكەوتنی کۆتایی.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، شاندی دانووستانکاری هەرێمی کوردستان لەتەواوی کۆبونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیی لە جێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دووپات کردەوە کە دەکەونە سەر شانی هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی ڕابردوو لەبواری لیستی مووچە و خشتەکان و تەمویل و تەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دووبارە نەبنەوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا و بەبێ کێشە مووچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.