150 کوردستان

هاوسەرۆکی پەیەدە: خەڵکی باشوور داوایان لێکردین داوای فیدڕاڵی بکەین و بە یەکگرتووی بچینە شام بۆ دانوستاندن

10:01 - 25/01/2025

زەمەن - کوردستانی

 

 بە دەستپێشخەری پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) ڕۆژی شەممە،25ی مانگی یەک دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریای نوێدا بە بەشداری چەندین بەرپرسی سیاسی لایەنە جیاوازەکان، ڕۆشنبیران، کەسایەتی کۆمەڵایەتی و میدیاکاران لە شاری سلێمانی بەڕیوەچوو، سەبارەت بە دیدارەکە هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایگەیاند بە مەبەستی گوێگرتن لە پێشنیار و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و داوای پشتگیری کردن دیدارەکەیان ڕێکخستووە.

پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پەیەدە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵویستی خەڵکی هەرێم و قسەکانیان بە تایبەت ئەزموونی 33 ساڵی ڕابردووی هەرێم دەکرێت بۆ ئێمە جێگەی سوود بێت، بۆیە هەموو هەڵسەنگاندنەکان لەو ئاستەدا بوون کە پێویستە ڕۆژئاوای کوردستان بە تەنها نەمێنێت، هەرسێ پارچەکە و بە تایبەت باشوور پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەن، لەبەرئەوەی ڕۆژئاوا لە قۆناغیکی هەستیار و دۆخێکی تایبەتدایە بۆ ئەوەی مافی کورد لە سوریادا پارێزراوبێت ئەرکی هەموو کوردێکە پشتگیری ڕۆژئاوا بکەن، هەموو پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیان بخەنە خزمەتی ڕۆژئاوا، بۆئەوەی لە سوریا لامەرکەزی قبوڵ بکرێت فشاری نێودەوڵەتی پێویستە، چۆن باشور هەمیشە پشتیوانی ڕۆژئاوا بووە ئەو پشتگیریە هەروا بەردەوام بێت."

وتیشی،" پێشنیارەکان زۆر گرنگ بوون بە تایبەت بۆئەوەی خواستەکانی گەلی کورد ڕوون بن لە سوریا پێشنیار ئەوە بوو کورد داوای فیدڕاڵی بکات، بە تایبەت ڕۆژئاوا هەرێمێکی فیدڕاڵ بێت، دووەم گەلی ڕۆژئاوا خاوەندارێتی لە دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەش بکات و بە یەکێتی و یەکگرتووی بچینە شام و لەگەڵ دەسەڵاتی شام دانوستان بکەین، بۆیە کورد دەبێت یەکڕیزی خۆی بێت، باشوور لە ڕووی پاراستن و لەشکریەوە سودی لێ وەرگرین، وە پێویستە بە چەکی خۆمان بەرگری لە گەلی سوریا بکەین، دەست لە چەک بەرنەدەین تا گەرەنتی مافەکانمان نەکەین لە ڕۆژئاوا."
دیدارەکە کە ماوەی ڕۆژێکی خایاند، جگە لە بەرپرسانی باڵای سیاسی نوخبەی هەرێمی کوردستان و هاوسەرۆکی پەیەدە، هاوکات مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی ڤیدیۆوە ڕاستەوخۆ پەیامێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی دیدارەکە کرد و ڕایگەیاند،" ئامانجمانە سوریایەکی ئارام و دیموکراتیک پێکبهێنرێت، 80 ساڵە کورد لە سوریا مافی زەوت دەکرێت، ئەمڕۆ دەرفەتێکی مەزن لەبەردەم گەلی کورددایە، بۆیە یەکڕیزی کوردان و تەبایی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە."

لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئامادەی دیدارەکە بوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دیداری ئەمڕۆ نوخبەیەکی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر و میدیاکاران بەشداربوون، سێ پرسیاریان هەبوو، کە کورد لە باشور چۆن دەتوانێت یارمەتی ڕۆژئاوا بدات و کوردانی ڕۆژئاوا خۆشیان چۆن بتوانن تەبایی خۆیان بپارێزن، وە کورد چۆن لەگەڵ دیمەشق پەیوەندیەکانی ڕیکخا، ئەوانەی هاتبوون وەڵامی ئەو سێ پرسیارەیان وەرگرت."

وتیشی،" دیدارەکە باش بوو، چونکە گفتووگۆی ڕاشکاوانە کرا، سەبارەت بەوەی چۆن کورد سود لەو دەرفەتە وەرگرێت کە لە ڕۆژئاوا هاتۆتە پێشەوە، دۆزی کورد بەشێوازی ئاشتیانە بچیتە پێشەوە، داوایان لە هەرێم کرد زیاتر یارمەتی ڕۆژئاوا بدەن، چونکە بە بەهێزبوونی ڕۆژئاوا پێگەی هەرێمیش بەهێزتر دەبێت، پشتگیریە نێودەوڵەتیەکانیشی سوود لێوەرگرێت، ئێمە وەک یەکێتی لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانین، بە تایبەت مافی ڕەوای کورد لە سوریا."

لە کۆتایی دیدارەکەدا کۆمیتەی ئامادەکاری دیدارەکە لە 16 خاڵدا ئەنجامی دیدارەکەی ڕاگەیاند، کە خۆی لە 16 ڕاسپاردەی جیاواز لەلایەن باشوورەوە بۆ ڕۆژئاوا و چەند داوکاریەک لە حکومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمدا دەبینێتەوە بە مەبەستی کارکردن لەسەر ئەو خاڵانە.

 

- دەنگی ئەمریکا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن