سەرچاوەیەک: ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لەسەر سنوری هەرێمی کوردستان دروستکردووە
07:53 - 02/03/2025
زەمەن - کوردستانى
دەنگی ئەمریکا - دڵشاد ئەنوەر
ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، ئێران 151 بنکە و بارەگای سەربازی نوێی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، کە بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر سنورەکانی فراوانکردووە و هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران دەستیکردووە بە دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ لەسەر سنورەکان و زیاتر لە 151 بنکەی دروستکردووە، لە کاتێکدا تورکیا 74 بنکە و بارەگای لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم بونیاتناوە." دەشڵێت،"ئێران بە قوڵایی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بنکە سەربازییەکانی دروستکردووە، بەڵام تورکیا 35 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمەوە و بنکەی سەربازی داناوە."
لە سنوری قەزای مەندەلی پارێزگای دیالەوە هەتا ناوچەی سیدەکان، بەشێک لە خاڵ و رەبییە سەربازییەکانی ئێران هێندە نزیکن لە گوندە کوردییەکانەوە، بە ئاسانی هەست بە جم و جۆڵی سەربازە ئێرانییەکان دەکرێت.
کاتێک لە مانگی دووی ساڵی 2024، حکومەتی عێراق پرۆسەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دەستپێکرد، دانیشتوانی بەشێک لە گوندە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەوەی بە سەدان دۆنم زەوییان دەکەوێتە سنوری ئێرانەوە.
کاروان رەحیم، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندەکانی سنوری ئێرانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گوندی مەحمود قەجەری نزیک دەروازەی پەروێزخان کە پێشتر باوباپیرانمان لێی نیشتەجێ بوون، ئێستا خەڵکەکەی ناتوانن بۆی بگەڕێنەوە چونکە کەوتووەتە نێوان خاڵە سەربازییەکانی عێراق و ئێران."
دەشڵێت،"ئێستا گوندەکە لە جێگەیەکی تر بونیاتنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لە زۆر ناوچەی تری وەکو سنوری مەجید سالار و پەروێزخان و بێشکان رەبیە سەربازیییەکانی هێناوەتە پێشەوە."
بەپێی وتەی بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق، ئێران و تەنانەت عێراقیش رەبیەو خاڵی سەربازییان لەو ناوچانە دروستکردووە کە بە (سفری حدودی) ناسراون و سنوری دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی تر جیادەکەنەوە، هەرچەندە نابێت خاڵی سەربازی ببرێتە ئەو شوێنانە.
لە مانگی حەوتی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 10 ملیار دیناری بۆ دروستکردنی بنکەی نوێی پاسەوانی سنور لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەو بنکانە سپێردرا بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بابەتەکەی بە هەستیار ناوبردو نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"مەسەلەی هاتنە پێشەوەی خاڵ و بنکە سەربازییەکانی ئێرانمان بۆ ناو خاکی هەرێم لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باسکرد، بەڵام پاساوی ئەوەی هێنایەوە گوایە سنورەکان بە جی پی ئێس دیاریکراون."
ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقەوە دەپارێزرێن، هەرچەندە پێکهاتەی ئەو هێزانە کوردن بەڵام سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراقن.
بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەستەوەستانن لە ئاست دروستکردنی رەبیەو خاڵی سەربازی لەلایەن ئێران و تورکیا لە ناو خاکی هەرێم، ئاماژە بەوەدەکەن ئەرکی پاراستنی ناوچە سنورییەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامادە نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێران لەهەندێک ناوچە خاڵ و رەبیەی سەربازی لەناوچەی بەرزو ستراتیژی ناو سنوری هەرێمی
کوردستان دروستکردووە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم لەمە ئاگادارە بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیراندا باسنەکراوە، چونکە ئەمە ئیشی حکومەتی عێراقە."
لە مانگی نۆی ساڵی 2023، حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بە تەواوەتی هێزەکانیان لە چیای هەڵگوردو بەربزینی سنوری کشاندەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە فشار خرایە سەر هەرێمی کوردستان گوایە بوونی ئەو هێزانە لە سنورەکان مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات.