هاتووچۆی هەرێم: تێچووی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە ٤٠٠ هەزار دینار
03:12 - 03/03/2025
زەمەن _ هەرێمی کوردستان
هاتووچۆی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی لەمەودوا مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن، دەبێت سێ کاتژمێر وانەی تیۆری بخوێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣ی ئازاری ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: نۆرەكانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری جۆرەكانی (A B C1) كە چونەتە پڕۆسەی تاقیكردنەوەی تیۆری و پراكتیكی هەر بە سیستەمی بەركاری پێش دەرچونی ئەو بڕیارەیە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەر نۆرەیەك كە نەچوبێتە پڕۆسەی كرداری هەمو نۆرە گرتنێكی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆلەتی شوفێری گشت جۆرەكانی(A B C D T) بە سیستمی نوێ جێبەجێ دەكرێت.
هاتووچۆی هەرێم دەشڵێت: دەكرێت خاوەنی مۆڵەتی جۆری (B) ئۆتۆمبێلێک لێبخورێت، كە كۆی گشتی (ئۆتۆمبێل و سەرنشین و بارەكەی) لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت و جۆرەكانی پیك ئاپ و ئۆتۆمبیلی دو تەنیش دەگرێتەوەو هەروەها دەكرێت ئامێرەكانی بیناسازی و كشتوكاڵیش لێبخورێت بە مەرجێك كێشی لە (3.5) سێ تۆن و نیو زیاتر نەبێت و خێرایی ئامێری بیناسازی لە (60)كم لە كاتژمێرێكدا زیاتر نەبێت و ئامێری كشتوكاڵی خێرایی لە (40)كم زیاتر نەبێت.
لەبارەی مۆڵەتی شۆفێری و ماوەی وانەکانەوە، هاتوچۆی هەرێم دەڵێت: وانەکانی تیۆری (21) کاتژمێرە و دەبێت ڕۆژانە (3) کاتژمێر وانە بخوێندرێت بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، جگە لەوەش وانەکانی پراکتیکی (12) کاتژمێر بە کرداری لەگەڵ ڕاهێنەر شۆفێری دەکەن پاشان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە بەشی مۆڵەت شۆفێری تاقی کردنەوەکانی تیۆری ئەنجام دەدەن.
هاوکات نرخی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە ٤٠٠ هەزار دینار.