35 کوردستان

تۆڕی هاوپەیمانی 19: لە هەرێم ناڕەزایەتی 13% زیادیكردووە

01:09 - 03/03/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

لە مانگی شوباتی 2025، لە چوار پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان،(54) چالاكی نارەزایەتی مەدەنی ئاشتیخواز، بەرێوەچوون زۆرینەی داخوازییەكان بۆ موچە و دامەزراندن بوون، 2 چالاكیان بە زەبری هێز مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتێکى تۆڕى هاوپەیمانى 19.

هەر بە گوێرەى راپۆرتەکە، بە بەراورد لەگەڵ چالاكی نارەزایەتییەكانی مانگی رابردوو كانونی دووهەم، كە (48) چالاكی بوون، بە رێژەی 13% زیادی كردووە.

راپۆرتەکە پشتى بە ئامارەکانى چاودێری تۆڕی هاوپەیمانی 19 بەستووە، کە زۆرترین چالاكی و نارەزایەتی بۆ موچە بوون، كە 41%ـی كۆی داخوازییەكان بوون و 17% بۆ دامەزراندن و 9%ـی داخوازییەكان بۆ خزمەتگوزرای بوون.

هەروەها بە گوێرەى بەدواچوونی تۆڕی هاوپەیمانی نۆزدە، 61%ـی چالاكییەكان لە پارێزگای سلێمانی، 31% لە پارێزگای هەولێر، 6%ـی لە پارێزگای دهۆك، 2%ـی لە پارێزگای هەڵەبجە بوون.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە مانگی شوباتی رابردوو گەورەترین مانگرتنی مامۆستاو فەرامانبەران لەشاری سلێمانی رێكخرا، كە لە (28ی كانونی دووهەم تا 11ـی شوباتی 2025) بەردەوام بوو، پاشان لەسەر داخوازی چین و توێژەكان، لە رێپێوانێكی جەماوەری گەورەدا كۆتاییان بە مانگرتن لە خواردن هێنا.

هاوکات ئەوەش روونکراوەتەوە، کە بە درێژایی دوو هەفتەی ئەو چالاكییە هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی مەدەنی شاری سلێمانی، ئەركی پاراستن و چاودێری رەوشی تەندروستی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری گشتیان لە ئەستۆ گرتبوو.

رۆژی یەكشەممە (9 شوباتی 2025)، بەشێك لە مانگرتووانی ژێر خیوەتەكە و ژمارەیەكی تر لە چین توێژەكانی سلێمانی، و شارەكانی تر، بە ئامانجی گردبوونەوە لە بەردەم ئۆفیسی یونامی لە پایتەخت بە ئۆتۆمبێل بەرەو هەولێر بەرێكەوتن.

لە راپۆرتەکە لەو بارەوە دەڵێت، لە بازگەی دێگەڵە هێزێكی ئەمنی رێگری لێكردن بچنە ناو شاری هەولێر، بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان كرد و وەزارەتی ناوخۆش چالاكییەكەی بە “دەستی دەرەكی و لایەنی پاشكۆ” تۆمەتبار كرد.

ئاماژەى بەوەش کردووە، کە هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنیان گازی فرمێسك رێژ و فیشەكی پلاستیكیان بەكارهێنا، لە ئەنجامدا كۆمەڵێك بەشداربووی چالاكییە تووشی تەنگە نەفەسی، بەشێكیان بە هۆی پاڵنان و راوەدونانیان بریندار بوون هەر وەك توندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەنووسانیش بەكار هات و كەرەستەی رۆژنامەنوسی بەشێكیان زەوتكرا.

هەەروەها رۆژی یەكشەممە، 23ـی شوبات، كۆمەڵێك مامۆستاو فەرمانبەر خۆپیشاندانێكیان لەسەر شەقامی سەرەكی عەربەت – هەڵەبجە، عەربەت – پێنجوێن رێكخست و لەسەر شەقامەكە پەناگیریان راگەیاند و خێوەتیان هەڵدا.

ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بە تایبەت شەقامەكەیان بە رووی هاتوچۆی ئەو تەنكەرانە داخست، كە سوتەمەنی دەگوازنەوە.

راپۆرتەکە باسى لەوە کردووە، بەهۆى ئەو چالاکییەوە، ئێوارەی دووشەممە 24ـی شوباتی 2025، هێزێكی زۆری ئاسایش روویانكردە عەربەت، پاش بردنی هێزەكە هێرش كرایە سەر خێوەتەكەیان، بەشداربووانی پەناگیرییەكە بەشێكیان مانگرتووانی خێوەتەكەی سلێمانی بوون، ئەوان “هێزەكانی ئاسایش”یان تۆمەتباركرد، بە دەزگاكانی راگەیاندنیان گوت” هێزێك بە جلی مەدەنییەوە هاتوونەتە ناو خێمەكەوە و دواتر هێزێكی زۆری ئاسایش گەمارۆی خێمەكەی داوە و پاشان هێرشیان كردووەتە سەر خێمەی مامۆستایان”.
هەروەها رایگەیاندووە، ئەمە بووە هۆی بڵاوەپێكردنی مانگرتووان بەزەبری هێز، كە بە هۆیەوە مامۆستایەك برینداربوو، چەنەند بەشداربوویەكی مانگرتنەكە و چەند رۆژنامەنووسێك بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستبەسەركران، پاشان ئازاد كران، هاوكات بە بێ هیچ هۆكارێك دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتی بەشێك لە مامۆستایانی بەشداربووی پەناگیرییەكە، دواتر رادەستی خاوەنەكانیان كراوەتەوە.

بە گوێرەى ستاندارتی نێودەوڵەتی مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندادا، كاتێك هێزە ئەمنییەكان دەستوەردان لە خۆپیشاندانەكان دەكەن، كە مەترسییەكی رەوا لەسەر سەلامەتی و مافی كەسانی دیكە هەبێت، ئەگەر هێزی ئەمنی هەوڵی راگرتنیـ یان سنوورداركردنی خۆپیشاندانێك بدات، دەبێت ئەم دەستێوەردانە رێژەیی و پێویست بێت، یان بە واتایەكی تر، دەبێت سوودەكەی لە زیانەكانی زیاتر بێت، كەمترین سنوورداركردنی مافەكانی تێدابێت.
هاوپەیمانی 19 بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستن و چاودێریكردنی مافی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عێراق ئەوەشى راگەیاندووە، کە بەردەوام دەبێت، جەخت دەكاتەوە لە دەستەبەركردنی رێزگرتن لەو مافە وەك لە مادەی 19ـی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن