467وتار

پشتیوانیکردنی بەغدا لەلایەن هەرێمەوە رازیبوونە بە هەژموونی ئێران

12/3/2019 7:19:00 PM
نەوزاد جەمال

 

لەدوای مانگێک زیاتر لە ناڕەزایەتی جەماوەری لە حکومەت، ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو هاتەدی: دەستلەکارکێشانەوەی سەرەک وەزیرانە. بەڵام، لەسەرووبەندی خۆپێشاندانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا، پشتیوانیکردن لە کابینەکەی 'مەهدی' لەلایەن هەرێمەوە، چەندە پاساوی بابەتیشی هەبێت، بەجۆرێک پشتیوانییە لەباڵادەستی ئێران لەنێو عێراقدا. راستیەکە ئەوەیە؛ هەژموونەکە نەک هەر لەناوەندی بڕیارو هێزەچەکدارەکاندا زەقە، بەڵکو لە ئاراستەی سیاسی هەرێمیشدا رەنگیداوەتەوە.


پشتیوانی 'مەهدی'و پشتکردنە خۆپیشاندەران، ئاماژەگەلێکە کە ئێران لەناو بڕیاری سیاسی هەرێمدا باڵادەستە. دیارە، هەژموونی ئێران تەنها لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەرەوە نییە، بەڵام کارەساتی ئۆکتۆبەر دەرخەری نەخشی راستەوخۆی سیاسی و سەربازی ئێرانە. بەتایبەت بەرامبەر هەر مەیلێکی سەربەخۆخوازی کە لەسەرووبەندی ریفراندۆمدا دەرکەوت.


بێگومان، ئێران پێویستییەکی بوونەکی بە عێراقە. نەک هەر لایەنە مەزهەبیەکە یان جوگرافیای لکاو یان مێژوویەکی پڕکێشمەکێش لەسەر خاک و ئاو و دیمۆگرافیا، بەڵکو عێراق مەیدانێکیتری بەرەورووبوونەوەی هەژموونی ئەمریکایە. هەروەها، گیرفانێکی پڕو بازاڕێکی گەرمە. بەتایبەت، لەکاتی ئابڵوقەکانی سەر ئێراندا فریای ئابورییە سەختەکەی دەکەوێت.


سەرەڕای ئەوە، رژێمی ئێران کین و رقێکی مێژوویی لەوڵاتی عێراق هەیە. رەنگە ئەوە بۆ پێش سەرینەی کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە. بەڵام، جەنگی وێرانکاری هەشت ساڵەی ئەو دوو هاوسێیە، بزمارێکی چەقیوە لە تابوتی پەیوەندییەکەدا. وەکئەوەی راپۆرتە دزەپێکراوەکانی ئەم دواییە ئێران باس لەچالاکی سیخوڕەکانی لەنێو دامەزراوە هەستیارەکانی عێراقدا دەکات. دەرخەری ئەوەن کە ئێران تۆڵەی خۆی بەزیادەوە دەکاتەوە. لەلایەک دادۆشینی سامانی سروشتی و ئەودیوکردنی ملیارەها دۆلار تا ئاڕاستەکردنی سەرانی حکومەت و رۆڵی لە بڕیارە ستراتیجیەکاندا بەزەقی دیارە.


ئیدی، بەغدا لەتارانەوە ئاراستە دەکرێ، حکومەت پێکدەهێنرێ و دەگۆڕدرێ. لەوسۆنگەوە، رۆڵی ئێران لە شکستی ریفراندۆم تا پاشکۆیی کردنەوەی هەرێم بە ناوەندەوەو پشتگیری تەواوی 'مەهدی' دەستیاوی تاران بوو. بەتایبەت، رۆڵی ئەو پیاوە ناسراوەی کە بە 'ئاغا سلێمانی' لەمەدا هەیە.


ئەمە فاکتێکە کە دۆکیۆمێنتەکان دەیسەلمێنن و پێویست ناکات لێرەدا باسیبکەمەوە. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی حکومەتی هەرێم لەخۆپیشدانە جەماوەریەکاندا پشتگیری کابینەی ئێستا دەکات؟ راستە هۆکاری کۆی کێشەکان، خودی مەهدی نییە. بەڵکو، ئەنجامی شکستی حوکمڕانی کابینەکانی پێشووترە. وەلێ، هەرێم کۆمەڵێک ترس و هاوکات تەماعی لە پشتگیرییەکەدا هەیە. یەکەم، بۆ دەربازبوون لەگرفت و قەیرانی دارایی و موچە، پێویستی بەناوەندە. چونکە، هیچ گەرەنتیەک نییە کە بەلابردنی مەهدی، رێکەوتنەکە بەردەوام بێت. هەروەها، ترسی تەنینەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ هەرێم و پەڕینەوەی بۆ ناو واقیعی سیاسی هەرێم. چونکە، ئەوەندەیتر لاوازدەبێت و دەکەوێتەوە نێوان بەرداشی بەغداو نارەزایەتی خەڵکی هەرێمەوە. هاوکات، لەسەردانی بەغداو دووپاتکردنەوەی پاڵپشتیکردنی حکومەتدا، کۆمەڵێک ئیمتیازاتی مادی و پۆست و بەردەوامی پێدانی مووچە وەک "بەڵێن" مسۆگەر کردووە.


بەڵام، ئەم پشتیوانییە هەڵەیەکی ستراتیجیە. لەکاتێکدا شەقامی عێراق تەواو هەراسان بوون، داوای گۆڕانکاری ریشەیی دەکەن. بەجۆرێکیش رای گشتی جیهانی پشتگیری شەقام دەکات. داواکارییەکان کە هەر لە خزمەتگوزاری و بنیاتنانەوەوە تا دادی کۆمەڵایەتی و بوژانەوە ژێرخان، هاوکات پرسی هەژموونی راستەوخۆی ئێران درێژدەبێتەوە، رەوان.


رەنگە، لایەنی نێوخۆیی -رکابەرەکانی مەهدی- گوتاری شەقام ئاراستەکەن و بیقۆزنەوە. بەڵام، دواجار پرسی هەموارکردنەوەی دەستور، بەهێزبوونەوەی ناوەندو سنووردارکردنی هەرێمی هەر بەدواوەیە. جائەوە بەکشانەوەی مەهدی بێت (کە نزیکە ببێتە راستی) یان لەسەر دەستی مەهدی، بەفشاری نێوخۆیی و دەرەکیی. چونکە، سیاسەتی لەقاڵبدانی هەرێم ئامانجی دەوڵەتەکانی دەوروپشتەو لەسەروویانەوە ئێران.


بەدیوێکیتردا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، باشترین دەرفەت و بیانووشە بۆ ناوەندی بڕیار لە بەغدا کە خۆی لەبارگرانی سیاسی و دارایی و هەرێمی رزگار بکات. ئەمەش، لەڕێی هەڵسەنگاندنەوەی پێگەی هەرێم و ئەو قەیرانانەی لە فرۆشتنی نەوت و گرێبەستی نادیارەوەیە.


کەواتە، پاساوی گۆڕینی هەڵوێستی ناوەندو مەرجیتر بە بیانووی ناڕەزایەتی شەقام و قەیرانی دارایی-سیاسیی، ئەگەری کراوەن و کارتی بەهێزن دژ بە هەرێم. ئەگەر ئەم خۆپیشاندانانە بە ماکیاجکردنی روخساری کابینەکەو دەرکردنی بڕیار داشمرکێنەوە، جاریتر هەر سەرهەڵدەدەنەوە.


هەرێم وەک ئێران پێیوایە بەرژەوەندی لە خۆپیشاندان و لێکەوتە چاوەڕوان نەکراوەکانیدا نییە. لەکاتێکدا تێکشکان و لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە بەغدا، پرسی کات و بڕێنراوەیەو دواجار خۆپیشاندانەکان ئێرانیش گرتەوە. وەلێ، سیاسەتی خۆتێوەنەگلاندن و خۆدوورخستنەوەی لە هەر مەترسیەک لەسەر هەرێم، کە حکومەتی هەرێم پیادەی دەکات، گەرەنتی هەمیشەیی تێدانییە. لەکاتێکدا گەورەترین دەستکەوتی هەرێم، سەقامگیریی و پاراستنی ئاسایشە، نەک مۆدێلیکی حوکمڕانی باش لە سێ دەیەدا. هەر ئەو فاکتەش وایکردووە کە وڵاتانی دەرەوە سەرباری تێبینی زۆر لەحوکمڕانی هەرێم، چاوپۆشیانکردووە.


لەپێناو رەوشی هەرێمی و نێوخۆییدا، هەرێم بەرامبەر پارچەکانیتر بێهەڵوێست بووە. دیاریترینیان هێرشی تورکیایە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. سەرەڕای ئاگاداربوونی لە ئەجێندای تورکی/ رووسی لەمیانەی سەردانەکەی وەزیرەکەی روسیاوە، هەرێم بێهەڵوێست بوو! ئێستەش ناڕاستەوخۆ پشتگیری هەژموونی ئێران دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن