259وتار

سلێمانی لە گۆیژەوە دیارە

6/8/2024 10:24:00 PM
نەوزاد جەمال

ناوەکانی 'گۆیژە، ئەزمڕ و هەزارمێرد و بەرانان و گڵەزەردە و پیرەمەگرون' و هتد... بەشێکن لە مێژوو. بەشێکن لە زمان و هێمان لە بیرکردنەوەی ئەدەبی و شیعری و هونەری گۆرانی و بەرخۆدان. دانیشتوان و "خەڵکی رەسەنی شارەکە" تەنها دڵیان بەوە خۆش نییە کە سلێمانی شاری ئەدەب و شیعرە. بەڵکو جوانی شارەکە بۆ شاخەکانی دەوروبەرییەوە دەگەڕێتەوە. مێژووی شاخەکانی دەوروبەری، لە مێژووی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە کۆنترە.

 ئەگەر کەمێک بیربکەینەوە، دەزانین هەڵمەتی وێرانکردنی سروشت و مێژووی سلێمانی لە دوای راپەڕینەوە بەجۆرێک درێژەدانە بە قۆناغێکتر کە بەناوی پرۆژەوە لە دووهەزارەکانەوە تێکدانی سیستماتیک دەستیپێکرد.

بیرم دێتەوە کە( ٣٠/١٢/٢٠٠٧) وتارێکم بە ناوی 'شاری بێ مێژوو-سلێمانی- لە رۆژنامەی 'رۆژنامە' بڵاوکردەوە و باسی رووخاندنی گەڕەکەدێرینەکانی سلێمانیم کردبوو کە چۆن خەریکە سلێمانی دەبێتە شارێکی بێ مێژوو.

ئێستاش شاخەکانی بە پاساوی پەرەپێدان و وەبەرهێنان چیمەنتۆڕێژ دەکرێن! ئەوەی ئەمە پێشێلکارییە دەکات، ناوی "کۆمپانیا"یە کە لە ڕێی "کارتێلەکانی"یەوە خۆی خزاندۆتە نێو هەموو ئۆرگان و دامەزراوەکانەوە. بە پاساوی ئەوەی شاخەکە رووتەنییە و لەپێناو پێشخستن و برەودان بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان(گیرفانهێنان)ەوە، خۆڵ ئەکرێتە چاومانەوە.

ئەگەرچی 'شار' ئەبێ میترۆپۆل- ئامێزی خەڵکانی جیاوازبێت، بەڵام ئەوانەی لەگەڵ دیمەن و مێژووی خۆڕاگری شارەکەدا گەورەنەبوون، بزرکردنی سیمادێرینەکانی بەلایانەوە ئاسانە. ئەوانەی لە قۆناغیکدا بە هەر هۆکارێک بێت هاتوونەتە ناوییەوە، مێژوو و ناسنامەی دێرینی شاریان بەلاوە گرنگ نییە.

وێرانکردنی شوێنەوارە دێرینەکانی، گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆبۆگرافیاکەی بۆ ئەوانە جگەلە پرۆژەیەکی قازانجهێن هیچتر نییە. لەوانەشەیە بڵێن؛ ئاوەدانکردنەوە و کەرتی بیناسازی پرۆژەیەکی مۆدیرنە. پێشکەوتنی شارەکان دیاردەیەکە رێی لێناگیرێت.

بەڵام، ئەوە "بەربەریەتی مۆدیرنە"یە کاتێ کەژوکێو و دارستان خاپوردەکرێن، زیندەوەرە بینراو نەبینراوەکان جینۆسایددەکرێن. بردن و قۆرخکردنی بەناوی ئاوەدانییەوە، بەشێکە لە بیرۆکەی داگیرکار-کۆلۆنیالی. وەکچۆن بیرمەندێکی وەک 'جۆن لۆک' بە بیانووی هەر کەسێ رووبەرێکی نەکێڵراو ئاوەدان بکاتەوە، مافی خاوەندارێتیشی هەیە، کۆلۆنیالیزمی "مرۆڤی سپی پیست" لە کوشتوبڕی دانیشتوانە رەسەنەکەی ئەمریکا پاساودایەوە.

ئەوترێ بە 'رێنمایی و قانون' پرۆژەکە مۆڵەتی پێدراوە! هەزارەها ستەم و ناهەقی و پیشێلکاری لەسەرتاسەری جیهان و مێژووی ئێمەدا بە قانونی کراون. تا ئێستاش دادوەریی و قانون لێکجیاناکەینەوە! نازیزم و بەعس، دەیان بڕیاری کوشتوبڕکردنیان بە قانونی دەکرد. تاخوا حەزکات بێدادیی و ناهەقی بوو.

ئایا راستیان ووتووە؛ قانون بۆ پارێزگاریکردنە لە دزەکان و رەوایەتیدانە بەتاڵانی؟ پێویستە قانونی و شەرعزانەکان روونی بکەنەوە؛ ئاخۆ ئەم دەستدرێژیکردنە سەر سروشت، لە حەدیسی بوخارییەوە "هەر کەس زەویەکی ئاوەدانکردەوە کە هیکەس نەبوو، مافی خۆیەت" ئیلهامی وەرگرتووە؟
شاخەکان موڵکی گشتین و مافی مەعنەوی و خەسڵەتی تایبەتیان هەیە. ئەو پرۆژانەی کە ناوییان وەبەرهێنان و گەشەپیدانە، دەچنەوەسەر پرۆژە زۆرەملییەکانی بەعس. پلانی راگواستنی گوندەکان بۆ ناو شارەزۆرملێیەکان، بە ئامانجی توانەوە-ئەسیمیلەیشن- بوو. هەروەها، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی شارەکاندا بوو.

ئەمڕۆ مۆدێلک لە شار پەرەپێدەدرێت کە بە دیوار و باڵەخانە تەنراوە. لە ناوەوە بە کامێرای چاودێریی شەقام و کۆڵانەکان داڕێژراوە. بەبێ وەرگرتنی رای هاوڵاتیان و تایبەتمەندییان بپارێزرێت، دروستکراون. کامێراکانی چاودێریی، جگەلە لە زاڵبوونی بیرۆکەی سزادانی هاوڵاتی هیچتر نیین.
لەبنەڕەتدا ئەم کارانە پێشلکردنی بیرۆکەی شارە. شار/شوێن تەنها لە جوگرافیادا نییە، بەڵکو لە خەیاڵداندایە. لە خەونەکانیشماندا، لە نێو پانتایی و شوێنێکی شارەکەداین. لە جوانناسی شوێن'ی گاستۆن باشلاردا، شوێن ماڵی ئێمەیە. ماڵی خەیاڵ و ئەندێشەکانمانە. یادەروەریش بریتیە لە گەڕانەوە بۆ شوێن وەک شار و گەرەک و مال و کۆڵان و هتد...

شوێن ئێمە لەخۆ دەگرێت و خەیاڵدان و ئەندێشەکانیش جێگۆڕکێ بە شوێنەکان دەکەن. بەهای ئیستاتیکی شوێن/شار، لەوەدایە کە خەیاڵ و ئەندێشەمان بۆلای خۆی ببات. شوێن هەر تەنها رەهەندە ئەندازەییەکەی شارسازی ناگرێتەوە.
چوون بۆ گویژە و ئەزمڕ لە وەرزی بەفرباریندا، بەشێکە لە خەیاڵکردی شارنشین و سەردانیکەرانی. بەیادکردنەوەی ئەو شوێنە لە خەیاڵماندا، دەبێتە بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆیادەوەری و تاکیادەوەریی. شوێن لە یادگە و خەیاڵداندا، جۆرێکە لە هەستی متمانەپێکردن. هەر کاتێ متمانە بەو جێەیە نەما، هەستکردن بە ماڵی خۆڕسکمان لە دەستدەدەین.

تێکدانی سروشتی سلێمانی، وێرانکردنی متمانە و هەستی پەیوەستبوونە. بەردەوام، دانیشتوان لە رێی شاخەکانییەوە، پەیوەستبوونیان بەشارەکەوە بیردەکەوێتەوە. هەمیشە کارلێکی نێوان خەیاڵ و شوێن، پەیوەستی دەهێنێتە ئاراوە. پەیوەستبوونیش بە مێژوو و ئێستا و داهاتووەوە گرێدراوە. 

بەڕای 'فۆیەرباخ' مێژوو پەیوەستە بە هەبوونی شارەوە و دواکەوتنی مێژووش بەندە بە دواکەوتنی شارەوە. هەر بۆیە: تەنها شارەکان مێژوو دادەهێن. بەڵام، لای ئێمە 'شار' بریتیە لە باڵەخانە بەرزەکان، مارکێت و مۆڵی بازرگانی. شار بەبێ سروشت و بەبێ ژیار و کولتور و فەرهەنگ، لە گۆڕستان ئەچێت.

ئیتر، کاتێک شار دەخرێتە دەستی بازرگارنەوە، تەنها وەک کاڵایەکی قازانج ویست ئاڵوێری پێوە دەکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن