سلێمانی لە چییدا ئەیەوێ بەکوێ بگاتەوە؟ چۆن شارێک بارگران کراوە؟
8/23/2023 1:27:00 PM
نەوزاد جەمال
کە بە "ئاسۆیی" سەیری سلێمانی ئەکەی، باڵەخانەکان رکابەریی گەیشتن بە هەورەکان دەکەن. لەخواریشەوە شەقام و کۆڵانەکان لەبەر بێ رێیی وەک دەزولەیەکیان لێهاتووە. پاساوێکی بردنی باڵەخانەکان بە ئاسماندا، کۆمەڵێ دروشم و چەند نیازێکن. ئاخۆ چەند بیر لەوە کراوەتەوە؛ بەرزکردنەوە لە پێناو چیدا؟
راستە، شار و شارستانیەت ئاوەدانییە. ئاوەدانیش بێ پەرەپێدان نابێت. بەڵام، دەبێ وەربەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی شار، بەپێی خواست و پێداویستییەکانی سەردەمەکە و شارنشینەکان بێت. ئەگەر تەنها بەرژەوەندی ئابووری کۆمپانیاکان وەک واقیعێکی داسەپاو لەوەدا رەچاوبکرێ، پەرەپێدان وێرانکاریی لێدەکەوێتەوە.
دەزانین کە هەڵکەوتەی شارەکە لە رووبەرێکی دیاریکراودایە کە زنجیرە شاخێ ئابڵوقەیداوە. پانتایی و تەختایی فراوانبوونی شارەکە سنووردارە. لەو سۆنگەوە 'تەلارسازی ستوونی' کەمتر پانتایی ئەگرێ و بەکاتیش بەرگەی گەشەکردنی دانیشتوانی دەگرێت.
بەڵام، تاچەند لەم بەرزکردنەوەدا 'سکای لاین'- 'هێڵی ئاسمانیی" شارەکە پارێزراوە؟ ئەکرێ شارنشنێک جگەلە ئاسمان هیچ کوێیەکیتر لێ دیارنەبێ؟ جیاوازییەکی سلێمانی لە شوێنەکانیتر، هەبوونی دیمەنی دەوراندەورەکەیەتی لە زستان و بەهار. خەریکە ئەوەشمان لێدەشاردرێتەوە. لە بناری شاخەکاندا 'نهۆمی بەرز' تا ناوقەدی شاخ هەڵکشاوە چ لۆجیکی تێدایە: لە هەوارێکی بەرزدا، باڵەخانەی فڕیو بکەیت؟
ئایا ئێستاتیکای سروشتی شاخەکانت نەشێوێندراوە؟ پیسکردن و تێکدانی ژینگەکەی دیوە دزێوەکەیەتی. پرسیارێکیش کە رۆژانە دەکرێ: خێرە ئەم هەموو پرۆژەی نیشتەجێبوونە لە کاتێکدا قوتابخانەیەک، شەقام، پارکێکی گشتی چارەکە بە چارەکە سەدەیەکیش تەواونابێت؟
وەڵام، کلاسیکیەکە، سپیکردنەوەی پارەیە. بەڵام، ئاخۆ کێ ئەم 'یەکانە' ئەکڕێ؟ لە نرخ و کواڵیتییدا تاچەندە گوزەرانی هاوڵاتی ئاسایی-فەرمانبەر- رەچاوکراوە؟ لێکەوتەکانی ئەو پرۆژانە لە رووی ئاو، کارەبا و قەرەباڵغکردنی رێگەوبان و کەمبوونەوەی سەوزایی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و نەمانی تایبەتمەندێتی ژیانی تاک؟
ئایا؛ ئامانجەکە ئەوەیە؛ دانیشتوانی گەڕەکان بەرەو شووقەکان راپێچکرێن؟ بەناوی خزمەتگوزاری ئاسانکراو و سیکوریتی بازاڕیان پرۆژەکان گەرم بێت؟ کەس پرسیویەتی تەمەنی ئەو شوقانە بەرگەی چەند ساڵ دەگرن کە رەنگە هێشتا هاوڵاتی قەرزەکەشی نەدابێتەوە؟
ئەوە دووبارە ناکەمەوە کە سلێمانی ئەیەوێ بە هەولێر بگاتەوە. بەڵام؛ هەولێر ئەیەوێ بە کوێ بگاتەوە و کامەیە نموونە باڵاکەی؟ گرفتەکە لە هزرێکدایە کە بە دەست "گرێی بەجێمان"ەوە دەناڵێنێ. هاندانی پرۆژە بەبێ پلانی زانستی تەنها قەرەبووکردنەوەیەکی دەروونییە. بەشێکی کێشەکانی سلێمانی لە هەولێر و دهۆکیش راست دەرئەچن. پلانی شارسازیی، نازانستی و بەبێ داتا و پێشینەی ئایندەناسی ییە. فراوانکردنێکی رەمەکی و گۆترەیی شارەکانە.
چونکە، یەکێک لە مەترسییەکان، لە بنهاتنی ئاوی ژێرزەوییە کە ئێستە بە زەقی لە هەولێر سەریهەڵداوە. ئەوەش زەنگی مەترسیدارە بۆ سلێمانی و ئەوانیتر.
ئامارمێکم لەبەردەست نییە بەڵام پێدەچێ رێژەیەکی بەرچاوی کڕیاری ئەو پرۆژانە، هاوڵاتیانی دەرەوەی هەرێم بن. ئەمەش گۆڕینی دیموگرافی شارەکانە کە لە داڵدەدانی ئاوارەی ناوخۆیی و ئێستەش بەناوی وەبەرهێنانەوە، هەڵئاوسانی دیموگرافی لێدەکەوێتەوە و کاریگەریشی لەسەر رێژەی بێکاری دەبێت.
رێژەی دانیشتوانی هەرێم لە چاو شارەکانی ئێراقدا کەمە، کەشوهەوا و وشکەساڵی و هەبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی ئامادە، هاندەری کۆچی نێوخۆیین. هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی ئێراق کە (1980) کە (13) ملیۆن بووە، بۆ پتر لە (45) ملیۆن لە (2023) دا! ئەوە بەبەراورد بە(1997) کە دانیشتوانی ئێراق (19) ملیۆن بوو، ئێستە دووهێندە بەربووەتەوە!
سەیر لەوەدایە؛ تاڕێژەی هەژاریی، قەیرانی ئابووری، و ناسەقامگیریی( جەنگی ئێران/ ئێراق، کەندا و داگیرکردنی ئێراق و رووخانی رژێم و شەڕی تایفی) هەڵکشێت، دانیشتوان زیائەبێت. لە هەرێم گۆڕانکاری لە رۆڵی ژن/پیاودا هەیە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداری ژن لە بازاڕی کار و چوونەدەرەوە لە بازنەی ئەرکی خێزان، داکشانی منداڵخستنەوەش لە ئارادایە.
لەسەر ئاستی رێگاوبان، شارەکە هێشتا لە سەردەمی هەشتاکاندایە و رێگەیەکی سەدمەتری نییە تا خۆرئاوا و رۆژهەڵاتی پێکەوەبەستێتەوە. شارەکە لە شورایەکی داخراو دەچێ کە تەنها دوو دەروازەی هاتن و چوونی هەبێت. هەیە و نییە بازنەی شەستییە کە شادەماری هاتوچۆی شارە و دروستکراوی ئەمڕۆ نییە! لەولاشەوە، سەپاندنی کامێرای بەناو 'تیژڕۆییی' زەبری لە هاتوچۆ داوە و جوڵەی ئابووری لە ئاڕاستەیەکدا سستکردووە.
ناوشار بەهۆی زۆری ئۆتۆمبێل و کەمی رێگەوبان دەخنکێت. زۆربوونی باڵەخان و سیتییەکانیش هێندەیتر جەنجاڵی دەخاتەوە. هاوتەریب بە چڕکردنەوەی باڵەخانەکان لەناو شار و دەوروپشتییدا، ناهەقی بەرامبەر بە قەزاگەورەکان دەکرێ. چونکە، لە رووی ئاوەدانی و ژێرخانەوە ووشدەکرێن و هاندەدەرێن لە شار بژین.
ئەوەندەی لە دیاردەیەی 'وەبەرهێنانی کەرتی خانوبەرە' تێگەیشتبم، کارەساتێکی گەورەی ئابوریی بەدواوەیە(قەیرانی ئابوری ئەمریکی٢٠٠٨ سەرێکی لەم کەرتەوە بوو). فێڵێکی بازرگانی تێدا ئەخوێنمەوە: بەناوی ئەوەی تۆ ئەبیت بەخاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، قەرزێکی زۆر و درێژخایەن ئەخرێتەسەرت - قیست. بە ناوی خزمەتگوزاری- ئاو، کارەبا(موەلیدە+نیشتمانی)، ئەبیت بەکرێچی "ماڵەکەی خۆت"!
ئەمە فێڵێکی کوشندەی سیستمی نیولبرالیزمە لە کەرتی خانوبەرەدا. بەناوی خاوەندارێتییەوە، ناچار بەقەرزێکی هەمیشەیی لە بانک/کۆمپانیا دەکرێی. هەموو رەنج و کار و پیشەکەت، لە پێناو پارەدانە بەو کەرتە! ئیتر، خاوەن یەکە لە وەهمێکی گەورەدایە؛ نازانێ خراوەتەژێر باری قەرزێکەوە کەناوی تێچووەکانی خزمەتگوزارییە و خاوەن موڵکی خۆیەتی!