58وتار

ئاینداریی دیجیتاڵیی: چۆن "دادگای پشکنین" لە سەرتۆڕەکان سەریهەڵدایەوە؟

8/17/2024 9:46:00 PM
نەوزاد جەمال

ئاینداری دیجیتاڵ/سایبەری، کارلێکی ئاییندار و تۆڕەکان بەتایبەت کە چۆنێتی دەربڕینی هەستی ئایینی تاک و گرووپەکان دەگرێتەوە. ئاینداریی دیجتیاڵی-ژمارەیی وەک زاراوە لەلایەن توێژەرانەوە سێ دەیە پترە بەکاردەهێنرێت. لەبەرئەوەی تەکنۆلۆجیای پەیوەندیی کاریگەری لەسەر ژیانی ئایینیش هەیە، هەزاران گروپی ئایینداریی جیاواز لەتۆڕەکاندا چالاکن. 
بەڵام، دیاردە نوێیەکە ئەوەیە؛ لە تەنیشت کەسێتییە کاریگەرەکانی- گوتاربێژە باوەکان- تاکی ئاساییش خۆبەخۆ، هەست و هەڵوێیستی خۆی لە بارەی ئایینەوە دەنوێنێت. سەردەمانێک تەنها مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازەکان تەنها بکەرێکی کاریگەربوون کە خۆیان بە نوێنەر و داکۆکیکاری پیرۆزیەکان دادەنا. لەرێی چیرۆکەکانەوە، هەژموونیان لەسەر ئاییندارەکان هەبوو. ئەمڕۆ پانتایی بەشدارییکردنەکە گۆڕاوە؛ نواندنی ئاینداریی لەو بازنەیە چۆتەدەر.
پێشتر لە کتێبی 'فەلسەفە و فەیسبوک'دا دیاردەی کۆچکردنی بە کۆمەڵ لە جیهانی ئاساییەوە بۆ ناو تۆڕەکانم باسکردووە کە چۆن ئاینداری و مزگەوتی دیجیتاڵ سەریهەڵدا. کەسێ کە مەولویەک، حەج و عەمرە، ژن و هتد.. دەکات، یەکسەر لە تۆڕەکاندا پەخشی دەکات. لەپێناو زیادکردنی چالاکی هەژمارەکەی، سڵاوات، ناوی خوا و پێغەمبەر و ئایەت و دیمەنی مزگەوت هتد... بەکاردەهێنێت. گەمەی لایک کۆکردنەوە وایکرد دەستەواژەی ئایینی برەوبەسەنێت. 
لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا ئەمە هێندە ئاسان نەبوو. کەسێک حەجی بکردایە، نەیدەتوانی ئاستی هەواڵەکەی لە شوێنی نیشتەجێی تێپەڕێنێت. ئەگەر خێرێکی بکردایە، تەنها لەسەر ئاستی گەڕەک و دەوروپشتەکەی دەنگدانەوەی هەبوو. 
لە تۆڕەکاندا رێژەی بینراوێتی بەرزە و وایکردووە لە کەسەکە باوەڕدارێکی ئاییندارەوە ببێتە ئایکۆن-ناسراو-ێک، بەبێ ئەوەی 'مەلا و شێخ و سەرکردە'ی حزبێکی ئیسلامی بێت. تۆڕەکان ئاسانترین و خێراترین رێگەن کە ئایندارێ بەبێ هیچ سەرمایەکی رەمزیی، دەنگدانەوەی هەبیت. دەرگای 'پۆپیولیزمی ئایین'ی لێرەوە کەوتە سەرپشت. ئایندارێکی ئاسایی رەشۆکی، بەبێ شارەزایی، ئەکەوێتە داوەریکردن و فتوای حەڵال و حەرام دەدات. بەبێ بیرکردنەوە نەک کەسێک یان کەمینەیەک بە کافر دادەنێ، بەڵکو خۆی لێ دەبێتە پاسەوان و پارێزەری پیرۆزیی و نوێنەری خوا و ئایین. 
هەرچییەک لە بیرورایەکەی جیاوازتربێ بەدیالۆگ رەتی ناکاتەوە، بەڵکو بەهێرشکردن و بەبەکارهێنانی توڕەیی، بزواندنی هەستوسۆز و پەرچەکرداری توند تا جنێو و داشۆرین دەڕووات. ئایینداری تۆڕەکان، بەگشتی ئاییندارییەکی رەشۆکی باوە، لە ووتنەوەی دروشم و شەیرکردنیاندا خۆی دەمەزەرد دەکاتەوە. 
فۆرمێکە لە ئایینداریی کە وەک 'ئاییندارێکی دڵسۆز و باوەڕداری پلەیەکی پابەند دەربکەوێت. لەپێناو دەرخستن و جەخت لەخۆکردن، قسەی نەشیاو بەکاردەهێنێ. وەک ئەوەی بەوە لە خواو نزیکتربکەوێتەوە! خەسڵتێکی تریش، سەرپێی و روواڵەتییە. لەگەڵ نەبوونی زانیاریی پێویست، بە رەهایی باوەڕی بەخۆ هەیە و رەشوسپی لەسەر هەموو دیاردە و رووداو بڕیارئەدات. لە کاتێکدا نە قازییە، نە موفتی و نە رابەری خەڵک، لەسەر ژیانی کەسانیتر و تایبەتمەندیی و جلوبەرگ، کار و خواردن و خواردنەوە وهتد... قەزاوەت دەکات. 
ئەگەرچی تۆڕەکان پانتاییەکی لەبارە کە مرۆڤ راستەوخۆ گوزارش لەخۆی بکات، بەڵام ئایینداریی دیجتاڵی وەک دادگای پشنکینی سەدەکانی ناوەڕاستی لێهاتووە. تەکنۆلۆجیا گۆڕانکاریی لە هەندێ لایەنی هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤدا دروستکردووە. بەڵام ئایا کولتووری کۆمەڵ کاریگەری لەسەر تەکنۆلۆجیاکە هەیە یان بە پێچەوانەوە؟ 
کۆمپانیاکانی ژیری دەستکرد و تۆڕەکان بکەر و هێزێکی نێودەوڵەتین خەریکی پرۆگرامسازیین. بەڵام، تەنها لەسەر ئاستە تەکنۆلۆجیەکە نا، بەڵکو سەرگەرمی پرۆگرامکردنەوەی دیدو هزری مرۆڤەکانیشن. تەکنیکی 'ڤی ئار' کرداری بینین و جوڵەی گۆڕییوە. 
بۆیە، لە سەردەمێکداین کە دەکرێ بە 'بەجێهێشتنی ئۆنتۆلۆجی-بوونەکی' ناوببرێت. مرۆڤ هەستدەکات ووردە ووردە لە واقیعە بەردەست و راستەوخۆ ئاساییباوەکەوە دووردەکەوێتەوە، بەرەو واقیعێکی جێگرەوە دەچێت. لەمەوە، هەستێکی قووڵی نامۆیی، ترس و پەرچەکرداری نەوترواو هەیە. داماڵران لەماڵ/واقیعە ئاساییەکە، بەسانایی روونادات. 
هاوکات، گۆڕانکارییەکە بۆ ئەوانەی کە لەواقیعی رۆژانەدا نامۆ یان نەناسراو و بێکەس و بێ پێگە و 'بێ زمان' 'داکۆکیکردن لەخۆ' بوون، دەرفەتی خۆنمایشکردنی رەخساند. ئەو کۆچکردنە ئۆنتۆلۆجییە، هەستی لە دەستدان و بەسەرچوونی لە بەکاربەراندا چاندەوە. 
 هاتنەدەرەوە لە واقیع-ریاڵێکەوە بۆ ریاڵێکیتری بینراوەکی، بیرۆکەی کات، شوێن، بیرەوەری، بیرکردنەوە، هەستکردن، بڕیاردان و تێگەیشتنیشی لە ئایین گۆڕی. لەواقیعە نوێیەکەدا بە شێوازێکیتر هەستکردن و وەرگرتن و تێگەیشتن لە جیهان پرۆگرام دەکرێتەوە. 
سەبارەت بە ئاستی ئایینداریی پلاتفۆرمەکان لە پارادۆکسدایە: چڕبوونەوەی ئایینداری میللیی-باو بە واتای ئەوەنییە ئایین لەجاران تۆختردەێتەوە یان ئایینداری بە رەهایی باڵ بەسەر تۆڕەکاندا دەکێشێت. لەگەڵ چڕبوونەوەی ئاییندارییدا، دژەکەش کە 'نا-ئایینباوەڕی'یە لە برەودایە. 
کاریگەری کاراکتەرە ئاییندارەکان لە مزگەوت و شوێنەگشتییەکان، ناکاتە باڵادەستیان لە تۆڕەکاندا. تۆڕەکان هەمان ئامراز و کەرەسەی بۆ نا-ئاینباوەڕەکانیش رەخساندووە. ئەگەرچی، ئەو کارەکتەر باوانە مەیدانی خۆیان  لە دوای شکستی داعش، بەرەو تۆڕەکان گواستەوە. بەڵام، پێچەوانەکەش راستە. 
 ئیدی، پرسیارەکە هەر ئەوە نییە کارلێکی نێوان ئاییندار و تۆڕەکان چۆنە، بەڵکو تاچەند ئایینداری بە هۆییەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؟ ئایا دیاردەی "چڕبوونەوەی ئایینداریی" لە تۆڕەکاندا 'ئایین' کاڵدەکاتەوە یان چی بەسەردا دێت؟ 
کاریگەری تۆڕەکان لە 'نۆرماڵیزەکردن'- ئاساییکردنەوەی نائاساییەکاندایە. چونکە، توانای دیسپلینیکردنی راستەوخۆیان هەیە. دیاردەکان بەپێی هەڵکشانی رێژەی بینراویی، نامۆیی و تازەیی و سەرنجڕاکێشیشیان لە دەستدەدەن. چونکە، بەردەوام دیاردەی کتوپڕتر، جێی پرسە باوئاساکان دەگرنەوە.
کاریگەری ئایینداری تۆڕەکان هاوشێوەی 'دادگای پشکنین' لەسەر داوەریکردن، داشۆرین بەندە. رۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری ئەمریکی 'ماکس فیشەر'  لەکتێبی 'ماشێنی پشێوویی؛ چۆن میدیای کۆمەڵایەتی هزر و جیهانمانی ویرانکرد'( ٢٠٢٢ )، بەنموونەی زیندوو و دەیان چاوپێکەوتن کاریگەری تۆڕەکان لە سەرهەڵدانی پشێوییدا باسکردووە.
 دۆکیۆمێنتە نهێنییەکانی فەیسبوک، داتاکانی کارەساتی مسوڵمانی 'رۆهینگا'ی میانمار، دەریدەخەن کە بڵاوکردنەوەی زانیاری چەواشە، ترس و دڵەڕاوکێ و توڕەیی بەرامبەر ئەو کەمینەیە هەڵکشاند. پیاوێکی ئایینی بودی شۆڤێنی، تۆڕەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگۆی خیانەتی کەمینەکانی قۆستەوە.لە مینامار رێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە(٢٠١٢) کە لە ٪١ کەمتر بۆ لە ٪٤٠ لە(٢٠١٥) بەرزبووەوە! 
وەکچۆن گوتاری رکوکینە سەروەختی کۆرۆنا و پشێووییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا ٢٠٢٠ بوونە پوورەهەنگی لایک و شەیرکردنەکان کە نووسەر لە چاپتەری ١١دا، بە 'دیکاتۆریەتی لایککردن' ناوی دەبات. بەڕای ئەو، ئەلگۆریتزمی پلاتفۆرمەکان بەکاربەر هاندەدەن کە پەرچەکرداری پەڕگیران بنوێنن. بە بیانووی دەستوەرنەدان لە ئازادی دەربڕین، ئەو پلاتفۆرمانە رێگریان لەو گوتارانە نەکرد، چونکە قازانجیان لێدەکرد. 
هەمان کاردانەوە سەبارەت بەووتەکانی کاراکتەرێکی ئێزدی تۆڕەکانی کرد بەدۆزەخ تا گەیشتە سەر ئەوەی رابەرانی ئایینەکە بە پۆزش هێنانەوە ناچاربکرێن! هەزاران کۆمێنت ستایشی لاقەکردن و تیرۆری ژن و کچانی ئێزدی دەکرد بەدەستی داعش. ئەگەری دووبارەبوونەوەی کارەساتێکی وەها لە کاتێکدایە کە جنێوباران، سووکایەتی و داشۆرین و ووتەی نەشیاو کە رەنگە "ئیسلام"یش رێگەی پێنەدا، ئامرازی هێرشکردنن. 
بۆیە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئاخۆ لە ئەگەری گەیشتنی ئەو چڕبوونەوە ئاییندارییە بە لوتکە، بەرەو کاڵبوونەوە ناچێت؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن