814وتار

ئەو کارەساتە راگرن کە ناوی زانکۆیە

11/5/2019 9:40:00 AM
نەوزاد جەمال

 

قەیران و تەنگەژەکان لە ژیاندا باشترین وانەی فێرکارین. بەڵام، پێدەچێت لەم هەرێمەدا، ئەقڵیەتێکیتر کارابێت: “بۆ دەربازبوون لە کێشەیەک، گرفتێکیتر بسازێنە”.
ئەوەی جێی سەرنجە رۆژانە لەگەڵ ریکلامکردنی برنج و چاو رۆندا، بانگەشەی کردنەوەی زانکۆو پەیمانگەی ئەهلی جۆراجۆر لە میدیاکانەوە دەکرێت. جگەلەوەی کە ناوی سەیرو پرۆگرامی چەندبارەیان تێدایە. ئاخۆ: هەرێمەکەمان ئەم هەموو زانکۆیانەی بۆ چییە؟ ئامانج چییە لە کردنەوەیان کە ساڵانە هەزاران گەنج بە بڕوانامەی زانکۆییەوە لە ماڵی خۆیاندا دادەمەزرێن؟
ئەی، ئەگەر زانکۆ حکومییەکان پەککیانکەوتووە، زانکۆی ئەهلی چیمان بۆ دەکەن لەکاتێکدا هەمان پرۆگرام و مامۆستاو سیستمی زانکۆ حکومیەکان پەیڕەو دەکەن؟ ئەگەر ئەو بابەت و بوارانەی زانکۆ باوەکان دووبارەو کۆنن و بەکەڵکی ئەمڕۆ نایەن، خێرە هەمان بەش و لق لە زانکۆ ئەهلیەکان چەندبارە دەبنەوە؟
دەبێت لەبەردەم لێشاوی کردنەوەی زانکۆدا بپرسین: تاچەندە ئەو هەژمارە زۆرەی زانکۆکان، بوونەتە هۆی پێشبڕکێی زانستی و سەرکەوتن؟ یان بوونەتە ئەرک لەسەر گیرفان و داهاتوو بەفیڕۆدانی پاشەڕۆژی لاوان؟ 
ئەگەر بمانەوێت سەرچاوەی هەڵەکە دەستنیشان بکەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو گوتارەی کە ساڵانێکە لە کوردستان لەژێر دروشمی “بەستنەوەی زانکۆ بە بازاڕی کارەوە” بازاڕسازییەکی قازانجبەخش بە زانکۆوە دەکرێت. ئم دروشمە بریسکەدارە کە بەڕواڵەت خەم لە دۆزینەوەی هەلیکار بۆ زانکۆییەکان دەکات، لە بنەڕەتدا بزنێسکی گەورەی چەندان پرۆفیسۆری زانکۆو سەرمایەدارەکان و بە پاڵپشتی بەرپرسی دەستڕۆیشتووە!
هەڵبەت، لەم هەرێمەدا دیاردەی زۆر سەیر هەن کە شایەتحاڵی مایەپووچی دامەزراوەکانی حکومەتە: یەکێک لەوانە، هەر بەرپرسەو دەزگای راگەیاندن و زانکۆی خۆی هەیە! لەهەر شارۆچکەیەک بەناوی ئاوەدانکردنەوە، زانکۆیەک دروستکراوە، بێئەوەی مەرج و زەمینەی زانستی هەبێت. وەکئەوەی ئیتر چۆن هەر گوندو شارەدێیەک مزگەوت و قوتابخانەی سەرەتایی خۆی هەبێت، دەبێت ئاوەهاش کۆلیجی لێبێت! ئیتر وایلهاتووە، سوڕی ژیانی گەنجی ئێمە لە زێدو شوێنی خۆیدا کورتبێتەوە. بەمەش دابڕانێ لەنێوان شارەکاندا دروستبووە. کەسێ ئامادەنەبێت چەند کیلۆمەترێک ببڕێت بۆ زانکۆ، دەبێت لە کام سەردەمەدا بژی؟!
یەکێکیتر لەو سەیروسەمەرانەی تر ئەوەیە، زانکۆ هەبووە تەواو دامەزراوەکەی ئایدۆلۆجی رەوتێکی ئایینی (گولەنیەکان بەناوی قوتابخانەی سەڵاحەدین، زانکۆی ئیشق، گەشەپێدان و هتد...) لەپشتیەوە ئیشیکردووە.
باشە، دانیشتوانی هەرێمی کوردستان چەند ملیۆن کەسە؟ ئەگەر شەشیش بێت، ئەی بەرامبەر ئەمە چەندە زانکۆ پێویستە؟ ئاخر بەپێی ئامارەکانی خوێندنی باڵا (٣٥) زانکۆ (١٦ حکومی و ١٩ تایبەت)‌و (١٤) پەیمانگا بۆچی باشە کە تائێستاش دەستی کار لە دەرەوە هاوردە دەکرێن ؟ ئایا نابێت مەرجی کردنەوەی زانکۆیەک، هەبوونی پێداویستی زانستی لە بوارێکدا بێت؟ ئەم هەموو کۆلیجە پزیشکی و ئەندازیارییە دووبارانە لەپێناو چین؟ مەگەر هەرێمی کوردستان نیوەی دەبێتە دکتۆرو نیوەکەی تریش نەخۆش؟ 
ئەوە گاڵتەجاڕییە لەلایەک بڵێیت؛ مادام زانکۆ لەگەڵ بازاڕی کاردا نایەتەوە، ئەوەی دەبێتە پێوەر خوێندێکە کە کاری لێبەدیبێت. لەکاتێکدا دەیان زانکۆو پەیمانگەی ئەهلی دەکرێنەوە، هەزاران دەرچوو بێکار دەکەون! لەبەرئەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە جەوهەریەکە: ئەرکی زانکۆ بەرهەمهێنانی دەستی کارە؟ یان رەخساندن و هاندانی زەمینەی توێژینەوەی زانستی و برەودانە بە بوارێکی پێویست؟ 
کاری زانکۆ ئەوە نییە کرێکارمان بۆ ئامادەبکات. چونکە، زانکۆ دامەزراوەیەکی ئەکادیمییەو زیاتر لایەنی تێوری زانست و توێژینەوەیە. کادێری زانکۆیی دەبێتە پسپۆڕو توێژەر لە زانستێکدا. لەکاتێکدا کادێری کار دەبێت لە پەیمانگە پیشەییەکاندا فەراهەمبێت. بەداخەوە، زۆرێک لەپیشەکانی نێو بازاڕ نەبوونەتە ئەکادیمی. لەوڵاتان هەر لە نانەواو فیتەرو چێشتلێنەرەوە تا تەکنیک و ئایتی لە پەیمانگەکانەوە دێن و دەچنە نێو بازاڕی کارەوە. کەس لەخۆڕا ناچێت دوکانی وەستایی بابەتێک دابنێت ئەگەر پێشینەی پەیمانگەی پێگەیاندن بۆ ئەو بابەتەو مۆڵەتی کاری وەرنەگرتبێت.
کەواتە، لەجیاتی ئەو هەموو زانکۆیانە کە بازاڕ پێویستیان بۆدەرچووانی نییە، خوێندنی پیشەیی و ئامادەکاری بۆ کارپیشەیەک لەڕێی پەیمانگەکانەوە بکرێت. هێشتا تێناگەم بۆ دەبێت ئەو هەموو گەنجە بڕۆنە زانکۆ لەکاتێکدا ئامانجی ئەوان دەستکەوتنی کارە نەک توێژینەوەی زانستی؟ پەروەردەو فێرکردن مافی هەمووانە، بەڵام خوێندنی زانکۆیی بۆ هەمووکەس دەستنادات. راستە لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا، خوێندنی زانکۆیی پریستیجێکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەتایبەت ئەگەر پزیشکی و ئەندازیارو  قانونی بێت. بەڵام، کاری یەکەم و هەرەپێشی زانکۆ زانستەو کارکردنە لەوە بوارەدا. هەروەک لەناوەکەیدا دیارە: کۆی زانستەکان لەخۆدەگرێت.
لەگەڵ ئەم راستیانەدا حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا دەبێت کێشەی خوێندن و زانکۆ وەک کێشەیەکی زانستی تەماشاکات. واتە، توێژینەوەو بەدواچوونی زانستی بۆ ئەوەی دەخوێنرێت، بۆئەوەشی چۆن حکومەت سوود لەتواناو پسپۆڕیەکانی نێو زانکۆکان وەربگرێت بکات. حوکمڕانی زانستە، سەرکردایەتی هونەرە. ئەوەی دەبێت کە حکومەت لە بڕیارو سیاسەتەکانیدا رەچاوی بکات و بەپێی پێوەرەکانی زانست بڕیاربدات. ناکرێت پلان و بەرنامەو بڕیاربدرێت ئەگەر توێژینەوەو پاشخانی زانستی لەپشتیەوە نەبێت. هەمان شتیش راستە، کە دەبێت گرفتی خوێندنی باڵا بەزانست خۆی چارەسەر بکەیت. واتە، زانست پێوەرەکانت دەستنیشاندەکات نەک بۆچوونی جوان یا دڵسۆزی کەسێک لەو کەرتەدا یان پێوەری بازاڕی کراوە.
بۆیە، لەو دۆخە خراپەی کە زانکۆکان تێیکەوتوون، پەیتا پەیتا زانکۆی تر دەکرێنەوەو تا بەم ئاکامە گەیشتین: کە مردنی زانکۆیە. سەبارەت بەمردنی زانکۆکان لەکۆمەڵی پێشکەوتووەکاندا کە زۆرێک بەکۆتایی زانکۆ دادەنێن (هەڵبەت ئێستا سەرقاڵی نووسینێکم لەوبارەوە) پێموایە زانکۆ وەک ئەو ئەرکەی جاران کە لەسەری بووە کە پێدانی بڕوانامەیەک بۆ دامەزراندن و وەک پێگەیەکی کۆمەڵایەتی سەیردەکرا ئێستا بەکۆتا گەیشتووە. نە بازاڕی کار بەو قەبارەیە هەیەو نە توانای دامەزراندن و تەنانەت ماستەرو دکتۆرا وەک کردنەوە هەژماری فەیسبووکی لێهاتووە! نیشانەیەکی تری مردنی زانکۆکانی ئێمە، ئەوەیە لە رووی توێژینەوەو لێکۆڵینەوە کزو لاوازن و تەنها بوونەتە باڵەخانەیەک کە وانەی بەسەرچوویان تێدا بوترێتەوە. بەم شێوەیە، دامەزراوەی زانکۆ بەرەو کۆتایی دەچێت. 
کەواتە، ئەگەر بیر لە دەرفەت و هەلیکار دەکرێتەوە، نابێت هانی هەموو گەنجەکان بدرێ بچنە زانکۆو ئەو ئەقڵیەتە پێویستە بگۆڕدرێت بۆ پێگەیاندنی تواناو بەهرەکان لە پەیمانگە پیشەییەکاندا. ناکرێت گەنجێک لەم سەردەمەدا کە هەموو وزەیەکی هەیە، هیچ بەهرەو کارامەییەکی لەبواری ژیاندا نەبێت و تەنانەت نەتوانێ نامەیەکی داواکاری دامەزراندن یان هەر شتێک لەوجۆرە بەدەستی خۆی بنووسێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن