50وتار

سەرقاڵکردن بە هیچ: ئایا لەسەردەمی بێ واتاییدا ئەژین؟

3/7/2024 8:59:00 PM
نەوزاد جەمال

لێرەدا باسی سایکۆلۆجیای کاردانەوە و هەستوسۆزی مرۆڤەکان ناکەم، بەڵکو دیوێکیتری تەکنۆلۆجیای تۆڕەکان لێکئەدەمەوە: کە پەرتوبڵاویی هزر و مێشکمانە. سەرقاڵبوون، خڵافاندن(Distraction) بەهۆی تۆڕەکانەوە، نەک هەر مێشکی بردووین، بەڵکو راستەوخۆ داگیرکردووین. بەردەوام سەرقاڵیین و هیچیش دیار نییە!
  بەجۆرێ بوونمان داگیرکراوە و لە جوڵە سنووردارەکانیدا بچووکراوەتەوە، ژیانیشی لە بیر بردووینەتەوە. ئەگەر شتێک بە ناوی 'قەیرانی واتا'وە هەبێت، ئەوا لە سەردەمی هەژموونی تۆڕەکاندا لە هەمووکات تۆخترە. لێرەوە، جیهانێ لە واتابڕاو، لە پەیام دابڕاو ئەزموون ئەکەین. نەپەرژانە سەر ژیان خۆی، جگەلە "قەیرانی واتا" هیچتر ناگرێتەوە.
گرفتێکی مرۆڤایەتی، هەر زۆریی و جۆراجۆریی قەیرانەکان نییە، بە ئەندازەی پەرشوبڵاویی مێشکمان. ئەوەندەی سەرقاڵی باس و هەواڵی کێشەوگرفتەکانیین، سەرگەرمی چارەسەرکردنییان نیین. پێگەی مرۆڤ لە تۆڕەکاندا سنووردارە، کاتێ دانپێدانانی خۆی بە لایک و بەسەرکردنەوە و رادەبڕینەوە ئەبەستێتەوە. ئەزموونکردنی زاتی خۆی، بە دانانی هەژمارێکی 'فەیسبوک/ئینستا'دا پڕکردووەتەوە.
خۆبینینەوە لە تۆڕەکاندا، یەکسانە بە هەستکردن بە بچووکی "خۆت". زۆری راوبۆچوون و رەنگ و دەنگەکان، پاڵنەرێکی فریودەرن کە "تۆ"ش دەبێ شتێک بڵێی، هەڵوێستێک بنوێنیی یان نمایشێک بەجەستە و رووخسارت بکەیت.
ئیدی، ئەگەر تەکنۆلۆجیای نوێ لە واتاش خاڵی بێت ، ئەوا هەوڵدەدات قایلمان بکات بەوەی کە زەمینەیەی تری بۆ دەرکەوتن رەخساندووە. زیندەچالاکی ژیان ئەبێ بە –سکرۆڵین- هاتنەخوارەوە بە لیستی نامە و هەواڵ و پۆستەکاندا. بێهۆشبوون بە ژیانێکی دروستکراو، له گەڕان بەدوای ‌واتای ژیاندا به‌رەو راکردن به ‌دوای ژیانێکی تردا بردووین.
لە کاتێکدا جیهانی واقیعی هەتا بڵێیی دوورە لە لۆجیکی دروستی واتا بەخشەوە، جارێکیتر لە تۆڕەکانەوە فڕێ ئەدرێنەوە باوەشی 'خۆشباوەڕی' خۆمانەوە. لە سەردەمێکدا کە هەست ئەکەی "خوا" مناڵەکان و دروستکراوەکانی خۆی بۆ چارەنووسێکی تاڵ و بێداد بە جێهێشتووە. ئەگەر جاران باوەڕ وابوو 'خوا' سەرچاوەی واتای بوون و ژیانە، ئەو قەناعەتەش ترازاوە. هەستدەکەیت "خوا، سیمبول و فیگەرە" ئایینییەکانیش بۆ ئەوەی ببنرێن، یادبکرێنەوە و بەرزڕاگیرێن پێویستیان بە تۆڕەکانە.
لێکەوتەیەکیتری تۆڕەکان، لاوازبوونی دەستەبژێر-نوخبەیە-. ئەگەرچی تۆڕەکان هەموومان دەخاتە یەک ئاستەوە، بەڵام یەکسانمان ناکات بەیەکتر. نەمانی دەستەبژێری سیاسی و روناکبیری و زانستیی، تەریبە بە گەردیلە-ئەتۆمەیزەشن-کردنی کۆمەڵگاکان. هاوکات "رۆحییەتی" قبوڵکردنی بابەتەکان بە بیانووی بەردەستخستنی زانیاریی بەهێزتردەبێت. ئەگەرچی تۆڕەکان مرۆڤەکان لە یەکتر دانابڕێت، بەڵام هەریەک لە هەژمارەکەی خۆیەوە-'دیوەخان'ەکەیەوە رایەڵکراوە. تادێت تۆڕەکان فراوانتر و بەرینتربن، پەیوەندییەکانیش ووردتر و پەرترئەبن. لە ئاپۆڕای هەواڵەکان و سەرڕێژیی و لێشاوی زانیارییەکاندا نقومدەبن.
لێرەوە، لە هەموو کاتێ زیاتر ئەگەری "ساخته‌کردنی واقیع" له‌ جیاتی گۆڕینی لە ئارادایە. ده‌زگا ئایدۆلۆجیی ئایینی/ سیاسیی و ئابوورییەکان، سیستماتیکی لە رووپۆشکردن و داپۆشینی راستییه‌کاندا رۆڵیان هەیە. دروستکردنی وێنه‌ی درۆینه و هەواڵ و زانیاری ساختە، وادەکات له ‌کۆمه‌ڵگا‌ی 'پاش هه‌قیقه‌ته'‌وه‌ بەرەو کۆمه‌ڵگای 'واقیعدزراو' بڕۆیین.
 تەکنۆلۆجیا مرۆڤی لە رەگەوە هەڵکیشا و نامۆیکرد بە خۆی. تۆڕەکان چاوت ئەکاتەوە، بەڵام هۆشیارییت پێنادات. وەک ئەوەی هەزار نوکتەت بۆ بگێڕێتەوە، ناتخاتە پێکەنیین. هۆشیاریی پرۆسەیەکی خۆکردە، بەرئەنجامی پرسیار و گومانکردنە. بیرکردنەوەی رەخنەییانە بە فۆرماتێ دانەبەزێت.
ئەگەرچی چیتر لە قاتوقڕی زانیارییدا ناژیین، بەڵام هەر بەو هۆیەوە مرۆڤەکان لە جاران تەمەڵترن. لێشاوی زانیاریی، هەڵئاوسانێکی دروستکردووە کە بڵێین لە کۆتایی مرۆڤی ژیرمەند-هۆمۆ ساپینس-داین. دەشکرێ هاوڕای بۆچوونەکەی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی 'ژان بۆردیار' بین: 'ئێمه‌ له‌جیهانێکدا دەژین که‌ زۆر و زەبەندەتریین زانیاریی به‌رده‌سته، که‌متریین و که‌متریین واتا هه‌یه‌'.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن