64وتار

چیتر لێرە کەس شۆک نابێت: بەخێربێی بۆ مەرگی واقیع

8/31/2024 7:03:00 PM
نەوزاد جەمال

دانەخورپان بە 'رووداوە داچڵەکێنەرەکان' رووخسارێکیتر ئێمەیە لەمڕۆدا. چیتر کارەسات و کێشەکان لە دڵی خەڵکیدا کاردانەوە دروستناکات. مرۆڤ بە سروشتی خۆی بەرامبەر مەترسی و هەڕەشەی بوونەکی، ناخی رائەتڵەکێت یان سەرسامدەبێت. بۆیە، ئەرستۆ پێیوابوو، فەلسەفە لە سەرسامبوونەوە سەرهەڵدەدات.
بەڵام، ئەگەر مرۆڤ سەرسامی بە جیهان و رووداوەکانی لە دەستدا؟ ئایا ئەوە نیشانەی پڕبوونیەتی لە دانایی و جیهانبینی؟ کورد ووتەنی "لەو سەری شتەکانەوە هاتۆتەوە" یان چی؟
داچڵەکان(شۆک) راچەنینێکی دەروونی و کاردانەوەیەکی خۆڕسکە بەرامبەر دیاردە و رووداوێک. راچەنین؛ لەرزینێکی کەمە بەرامبەر شتێکی کتوپڕ و لە ناکاو. هەرچی ووشەی 'شۆک'ی کوردییە جیاوازە لە ئینگلیزیەکەی. لە فەرهەنگی کوردییدا بە واتای 'گەزۆی مازوو، دۆشاو دێت. ئینگیلیزیەکەش؛ پەشۆکان، سەرلێشێوان، حەپەسان، واقوڕمان، سەرسامبوون، راچڵەکین/ داچڵەکین دەگرێتەوە. دیارە داخورپانیش گونجاوە.
مرۆڤ سەرسامی و داخورپانی لە رێی زمانەوە دەردەخات. بەهۆی 'زمان'ەوە فاکت و رووداوەکان لێکدەدەینەوە و پۆلێنیان دەکەین. لەم رۆژگارەدا زمانیش بەجۆرێ لە دەربڕینی رووداوەکان و پرسەکاندا دەستەوسانە.
ئاخۆ ئەوە 'مەرگی زمان' و بەدیوێکیشذا مەرگی 'واقیع' نییە؟ ئەرک و رۆڵی زمانیش گۆڕاوە. ئەوەی دەریدەبڕین 'وێنە'کەیە، نەک وێناکراوەکە-واقیع/ریاڵەکە. زمان ئەمڕۆ لە وێناکراوەکاندا چڕبۆتەوە و کورتکراوەتەوە. زمانێکە کە بەرگی ئایینی تێوەپێچراوە و لە گێڕانەوەی چیرۆکە بچووکەکاندا قەتیسکراوە. ئەوەندە بەکێشەی سادەکراوەوە دەژی، وەکئەوەی هیچ بیانووییەکی تری ژیانکردن نەمابێت.
هیچ کاتێک ناڕوونی و سەرلێشێواویی ئەوەندەی ئەمڕۆ ریسکێک نەبووە. لە کاتێکدا بەردەستی زانیاریی و داتا و پەیوەندیی لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەگەرەکانی هەڵەکردن و بەهەڵەدابردن سەرلێشێواوی پترن. جگلەوەش رێژە و ئاستی شۆکنەبوونی ئێمە، رووداوەکانیشی تێپەڕاندووە. هاتن و نەهاتنی مووچە، وێرانبوونی دۆخەکە و چاکبوونیشی، هیچ داچڵەکان و داخورپانێک دروستناکات. تەنانەت، بە لەدەستدانی ئەو هەستی داخورپانەش، داناچڵەکێین.
لە ئێمەدا دژیەکی و جیاوازییەکان هەموویان وەک یەکتریان لێهاتووە: بە نەبوون یان بە روودانیشی، چیتر شۆک نابین. ئیتر کەس دەربەست نییە چی بگوزەرێت. چیتر بەو شانۆیەی کە ناوی 'جیهانی دەوروبەرە'، سەرسام نیین. بۆیە، کاردانەوەشمان نییە. جا ئەوە لە بێدەرەتانی ئێمەیە یان دەرئەنجامی 'لەمرۆڤخستنە' یان مەرگی واقیعە؟ یان بە دەربڕینێکیتر؛ واقیعی ساختەیە و دیاردەی 'لە واقیعخستنی واقیع' لە ئارادایە.
کێشە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە؛ 'نمایشکاریی' واقیعی داگیرکردووە، بەڵکو نەمانی داچڵەکان و کاردانەوەیە.ئەوەندە واقیعێیکی پاساودراومان هەیە؛ لەپێناو سپیکردنەوەی پیسخۆری و گەندەڵکارییدا، هەموو رێیەک بە ئایینیشەوە خراوەتەگەڕ.
پیسخۆر، ئایین بۆ شاردنەوە و خۆپاکردنەوە لە گەندەڵکاری بەکاردەهێنێت. لێرەوە، ئەم هەموو نوێژ و رۆژووگرتن و مزگەوت و هتد... ئاماژەی باشتربوونی تاکەکان نییە. بەڵکو، دەرئەنجامی داڕمانێکە لە ناخەوە کە ئایینداریی کراوە بە دەمامکێکی پیرۆز لەپێناو خۆپاکنواندندا.
ئیدی، دیاردەی 'ئایینسالاری'ی لە کۆمەڵدا، نیشانەی تەشەنەکردنی گەندەڵی و داڕمانی رەوشتیی و کلۆربوونی بەهاکانە. هەڵکشانی ئایینداریی، میکانیزمێکی شاردنەوەی دۆخەکەیە. ئاخر، چ رۆژگارێک وەک ئەمڕۆ، هەر لە مامۆستا(زانکۆ تا جۆرەکانیتر)، پزیشک، پەرلەمانتار، کاسبکار، بازرگان تا تیکتۆچی و ڤلۆگەرەوە، ئایینداریی بەم ئەندازەیە کراوە بە دەمامکی تەڵەکەبازی؟
 دواجار سایکۆلۆجیای پەردەپۆشکردنی گەندەڵیی، دۆخێکی هێناوەتەئاراوە کە مرۆڤ بە هیچ شتێ دانەخورپێت. بۆیە، دیاردەی 'ئایین-مەسرەفی' دەرئەنجامی هەڵکشانی پەتا جۆراوجۆرەکانە. هاندەری راهاتنی مرۆڤە بەجۆرێ کە چیتر 'خراپە' وەک خراپەیەک نابینێ و پاساوی ئایینیشی بۆ دەهێنێتەوە.
جگەلەوەش، ئایین مەسرەفی رەگوڕیشەی کێشەکان لە بابەتێکی رەوشتیی و ویژدانییەوە بۆ ئەوەی کە کێ نوێژ و رۆژوو و حەج دەکات دەگۆڕێت. پێوەرەکە وای لێدێت: ئەگەر تۆ ئەوانەت کرد، ئیتر رەوشت بەرزیت با گەندەڵیش بکەی. لێخۆشبوون و پاداشت، قەرەبووی هەمووی دەکاتەوە!
ئەوانەشی کە خۆیان بە بەرپرس و سەرکردە دەزانن، لە پێش هەمووانەوە نەک هەر خەمسارد و بێباکن، داچڵەکانیان بەرامبەر هیچ پرسێکی رەوا نەماوە. مەگەر "پووشکەڵەیەک پشتی "گای دەسەڵاتەکەیان" لاسەنگ بکات، ئینجا دێنە لەرزە! ئەوەندە لە چێژی هێزدا نوقوومبوون، مەگەر "گای دەسەڵات"یان قڵشببات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن