59وتار

نوێژکردن وەک ئاکتیکی سیاسی: سەدرییەکان و ئیسلامییەکان

5/18/2024 9:26:00 AM
نەوزاد جەمال


'نویژ' یەکێکە لە 'پێنج کۆڵەکەی ئیسلام'. کورد ووتەنی؛ 'فەرزە و قەرزە'. مرۆڤ لە نوێژکردندا واهەستدەکات بەرەڕوو راستەوخۆ لەگەڵ خوادایە، ئەگەرچی 'خوا' لە ناشوێندایە. هاوکات، هەستدەکات بەبێ نێوانبەرێک لەگەڵیدا لێیدەپاڕێتەوە و ستایشی دەکات.

جگەلە جووڵە فیزیکییەکانی کە هێمای سەردانەواندن، نووشتانەوە، چەمانەوە و سەرهەڵبرین و دەستبەرزکردنەوە، بەشێکن لە زمانی نوێژخوێن، واتای ملکەچبوون و کوشتنی 'ئیگۆ'-خۆجەمسەری-یە لە ناخدا. چونکە، ئەو مرۆڤە بەجۆرێک خۆی دەخاتەسەر بەرماڵ، وەک ئەوەی لە هەموو شتێک داماڵرابێت و رووتەنی خۆی بە چووک دەزانێت.

بەڵام، ئەوەی بەدیدەکرێت گۆڕانی چەمک و واتای نوێژکردنە لە پاڕانەوە و پەیوەندییەکی خۆییەوە بۆ ئاکتێکی سیاسیی رووت. جگەلەوەی نوێژ لە کایەی گشتییدا بەجۆرێ بەرجەستەکراوە کە ناناسرێتەوە.

لەم سەردەمەدا، دیاردەی نوێژکردن لە شوێنە گشتییەکان وەک گۆڕەپانی تەحریری قاهیرە، بەغدا و سەرای سلێمانی و سەهۆڵەکە و تا نوێژکردنی خوێندکاران لە زانکۆکانی ئەمریکا کە دیمەن خۆپیشاندانەکانی پشتویانی فەلەستینە وەک پەیام و هەڵوەستکردن و ئاکتێکی سیاسیی بەرجەستەبووە.

سەیرنییە کە جارێکیتر، سەدرییەکان وەک مانۆڕێکی سیاسیی لە ریی نوێژی بە کۆمەڵی هەینی، لە پانتاییەکی گشتیی شاری بەغدا، پەیامی دەستپێکردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی رۆحی یەکانگیریی ئەندامەکانی ئاکتیڤکردەوە.

لە بنەڕەتدا، نوێژخوێندن لە هەر جێییەکی سەرزەویی رێپێدراوە. بۆیە، لەم سۆنگەوە هیچ ئاماژەیەکی سیاسیی لە هەڵبژاردنی شوێنەکاندا نییە. بەڵام، ئەمڕۆ نوێژکردن وەک ئاکتی ناڕەزایەتی، تۆخکردنەوەی شوناس و خۆجیاکردنەوە و بەرهەڵستی سیاسیی بەکاردێت.

هاوکات، رەهەندێکی شوێنی بەنوێژییکراو ئەوەیە: ئەو جێگەیە 'پیرۆزە' و وەک بەشێک لە خاک و ماڵی مسوڵمانان دائەنرێت و کەس بۆی نییە لەکەداری بکات!

گۆڕانێکتری نوێژکردن ئەوەیە کە نوێژخوێنەکانیش دیدوڕوانینیان بۆ کردارەکە –نوێژکردن- گۆڕاوە. نوێژخۆینیش کەوتۆتە دۆخێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی-ئاساوە. وەک ئەوەی لەبەرامبەر هە نوێژێکدا، دەبێ شتێک لەم دونیا و ئەویتریش بەدەستبهێنێت.

ئەگەرچی نوێژکردن فەرزە، بەڵام پاداشتی کردن و سزای نەکردنیشی هەیە. لای ئایندارێکی نوێژوخۆین، پاداشتەکە راستەوخۆ بۆ هاوکێشەیەکی ماتماتیکی لە مێشک و دەروونیدا گۆڕاوە: 'نوێژت بۆ دەکەم، بەڵام دەبی ئەوەشم بۆ بکەیت'.
بەمجۆرە، نوێژ لە پەیامە رۆحییەکەیەوە بۆ هێزنواندن و فشارکردن و کارتێکردن لە ئەویتری باڵا(خوا) یان ئەویترەکانی وەک ئایینەجیاوازەکان، حکومەت و هتدەکات گۆڕاوە. بەشێکی ئەم گۆڕانە، لێکەوتەی دەستکاریکردنی چەمکی 'خوایە'. باوەڕدار و ئاییندارەکان بەپێی پێداویستی و خواستەکانییان تەواو گۆڕیوویانە. ئیدی، لە ڕێی ئەو جۆرەنوێژکردنەوە چەمکی 'خوا' بە خزمەتکارەباڵادەستەکە، دابینکەری خواست و پێویستییەکان.

رەنگە هاوکات دەرئەنجامی کاریگەری 'نیولبرالیزمی سەرمایەداریی' بێت کە ژیان وەک  هاوکێشەیەکی قازانج بەرامبەر ئەرکێک دانراوە. ئەو سیستمە نەک هەر رەنج و توانای کار و زانستمان لێدەکڕێت، بەڵکو نوێژ و رۆژو و حەج و هتدمان بە پارە دەقەبڵێنێت. هەڵبەت، هیچ کام لەو فەریزە ئایینیانە لە سوودی بازرگانی و ئابووریی دابڕاونین.

لەبەرئەوە، فەیلەسوفی دانمارکی 'کیرکەگۆرد' پێیوایە، هەر کەسێ بۆ گۆڕینی رای 'خوا' نوێژ بکات بە هەڵەداچووە. چونکە؛ "ئەرکی نوێژخوێن ئەوە نییە کە کاریگەری بخاتەسەر خوا، بەڵکو سروشتی خوی بگۆڕێت". نوێژکردن کردارێکە، گۆڕانکارییەکە لە ڕێیەوە تاک پەیوەندیی لەگەڵ خۆیدا دروستدەکاتەوە. هەروەها، هەوڵدەدات سروشتی ناخەکی و بیرکردنەوەی بەرەو باشتر بگۆڕێت. نوێژکردن لەو دیدەدا خۆپەرەپێدانە، گەشتی دۆزینەوەی خۆ و واتا باڵاکانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن