فه‌یسبووک تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی یان زه‌لکاوێکی سیاسی؟
5/21/2019 7:48:00 PM
نەوزاد جەمال
لێره‌دا باسی باشه‌و خراپی فه‌یسبووک ناکه‌م. چونکه، ئه‌وه ده‌که‌وێته سه‌ر به‌کاربه‌ر خۆی که به‌کام مهبهستو ئامانج و چۆن به‌کاریده‌هێنێت. مه‌به‌سته‌که‌م زیاتر ده‌رخستنی ناڕاستی ئه‌و بۆچوونه سادهباوهیه؛ تۆڕی فه‌یسبوک ته‌نها پانتاییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه. به‌ڵام، وه‌کچۆن فه‌یسبووک و تۆڕهکانیتر که‌متر له کوچه‌و کۆڵانه‌کان بۆ به‌کاربه‌ر ئاسایشتر نییه، ئاوه‌هاش چیتر فه‌یسبوک تۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاسایی باو نییه.
هێشتا لای زۆرێک واباوه؛ مادام ته‌کنۆلۆژیای نوێ به‌رهه‌مێکی پێشکه‌وتووی سه‌رده‌مه، ئیتر به‌هه‌ر جۆرێک بێت، به‌کارهێنانی تۆڕه‌کان باشن. واته، به‌بێ ره‌چاوکردنی پێوه‌ری: ته‌مه‌ن، هۆشیاری و رێسایه‌ک. به‌ڵام، دواجار نه‌وه‌یه‌ک سه‌ریهه‌ڵدا که نه‌وه‌ی شاشه‌کان (Screenager)ه. دایکوباوکان له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆیان منداڵیه‌کی هه‌ژارو ساده‌یان هه‌بووه، دڵخۆشن به‌وه‌ی منداڵه‌که‌یان له‌خۆیان زیره‌کترو وریاترن له‌به‌کارهێنانی ئایپادو مۆبایلی زیره‌کدا! کاره‌ساتتر له‌وه، دایک‌وباوک به‌هۆی سه‌رقاڵی، یان نه‌بوونی توانای په‌روه‌رده‌یی، پێیانخۆشه منداڵه‌که‌یان به‌و ئامێر‌و به‌رنامه‌و ته‌له‌فزیۆنه‌وه خه‌ریکبن. واده‌زانن، ئه‌گه‌ر رۆڵه‌که‌یان نه‌چێته کۆڵان، له‌ژووره‌که‌یدا سه‌لامه‌ته! به‌ڵام، بێ‌ئاگان له‌وه‌ی به‌و ئامێره‌ی به‌رده‌ستی منداڵه‌کانیان، جیهانێکیتر خۆی خزاندۆته ژوری منداڵه‌که‌یه‌وه. مه‌ترسی چوونهنێوتۆڕهکان ئه‌گه‌ر زیاترنه‌بێت، ئه‌وا هاوتای شوێنهخراپ و کۆڵان و گه‌ره‌که بهدناوهکانه! ئه‌مه جگه‌له لێکه‌وته ته‌ندروستی و کاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێندن هه‌یه.
چه‌ندان منداڵ و هه‌رزه که کوروکچی خێزانی ئاسایی و ساده‌ن لهئهوروپاو جیهاندا، به‌ڕێی ئینته‌رنێته‌وه، فریودراون و بوونهجهنگاوهری گروپه‌کانی وه‌ک داعش و مافیاکان. جگه‌له‌وه، چه‌ندان بازرگان و گه‌نجی ئاسایی له‌هه‌رێمدا، له‌و ساڵانه‌دا که‌تازه دیارده‌ی فه‌یسبووک بڵاوبووه‌وه، بوونه قوربانی حه‌زو مهیلهسێکسیهکانیان، له‌ترسی ئابڕووچوون “بلاکهمێڵ”- پاره‌یان لێکێشرایهوه. ماڵ بڕدراوه، ئۆتۆمبیل و ئامێریان دزراوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌نه‌کانیان له‌فه‌یسبووکدا به‌بژارده‌ی ‘چێکئین’ زانیاریان داوه که له‌ماڵ نین! زانیاری که‌سی و خێزانی به‌کاربه‌ر، که‌وتۆته به‌رده‌ستی که‌سی سێهه‌م و کێشه‌ی خێزانی لێکه‌وتۆته‌وه. چه‌ندان چیرۆکی ناپاکی هاوسه‌ریی و شتی‌تریش. به‌ڵام، پێچه‌وانه‌که‌ش هه‌یه، پۆلیس له‌ڕێی لیکۆڵینه‌وه‌ی فه‌یسبووکه‌وه، تاوانباری دۆزیوه‌ته‌وه.
ئه‌مه هه‌مووی به‌لایه‌ک، له‌م یهکدووساڵانهدا، فه‌یسبووک بووه کایه‌کی له‌باری گوتاری پۆپۆلیستی، ئایدۆلۆجی، ئایینی که کاریان له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی راجیاوازهکان کرد. گه‌له‌کۆمه لهنووسهرێ یان رهخنهگرو رکابه‌رێکی سیاسی، حزبی یان رووناکبیریی و دواجار ریپۆرتکردنی لای کۆمپانیای فه‌یسبوک، سزای را‌گرتن و سڕکردنی ههژمارهکەی به‌ناوی سوکایه‌تی به‌پیرۆزی و هتد... وه کراوه. یان هێرش و په‌لامارو جنێودان، هاککردنی ئه‌کاونت و دزین و شه‌یرکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی خانمان هتد.... ئه‌مانه، ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکارییه خێرا‌و زه‌قه‌یه که به‌سه‌ر تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هاتووه. فه‌یسوک بوارێکی ئاسانبهدهستی ساخکردنه‌وه‌ی کاڵای ئایدیۆلۆجی و سیاسی و ئابوری و ئایینییه. ئیتر، ئه‌و سیما کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی که له‌پێناویدا دروستبوو، له‌ده‌ستدا. ئیتر، گوتار‌و زمانی زبر‌و وته‌ی سیاسی و ئایینی توند‌و هێرشکارانهو روشاندن له‌وێدا جێکه‌وت. سه‌رکرده‌و سیاسی، بانگه‌وازچی و بازرگانه‌کانیش، ته‌نانه ئه‌وانه‌ی پاره سپیدهکهینهوه تۆڕه‌کان ده‌قۆزنه‌وه. له کوردستانیش “په‌رله‌مانێکی فه‌یسبوکیی” سازبوو که به‌شێکی به‌رچاوی په‌رله‌مانتاره‌کان بۆ نمایش و نواندنی چالاکی و هه‌ڵوێسته‌کانیان قۆستیانه‌وه. لێره‌وه، فه‌یسبوک جێگه‌ی رۆژنامه‌ی زه‌ردو پروپاگه‌نده‌و درۆدهلهسهو تۆمه‌تهه‌ڵبه‌ستن و ناوزراندن و ته‌شه‌ری گرته‌وه!
ئیتر، بووه جێگه‌ی سه‌رنج و کهڵکهکهڵهی سیاسیه‌کان که‌سه‌ره‌تا ئه‌م پانتاییه‌یان بهههندوهرنهگرتبوو و بهمۆڵگهیهکی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌نجانه‌یان ده‌زانی. دواجار، سیحره‌که‌یان دۆزییه‌وه: ئاراسته‌کردنی راوبۆچوونی گشتی. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وێدا به‌رده‌ست و ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌رای گشتی ئاسانتره. به‌تایبه‌ت، ژێرخانی سیاسی و بنکه‌ی جه‌ماوه‌ریان له‌شه‌قامدا بهرهوههڵوهرین چووه، فه‌یسبووک ئهلتهرناتیڤهکهیه. ته‌نانه‌ت، له‌وێی مزگه‌وتی فه‌یسبووکی، دیوه‌خان و خێڵه‌کانیش، هاتنهنێوییهوه. بۆیه، میکانیزمه باوه‌کانی کارتێکردن له‌رای گشتی به‌هۆیه‌وه ته‌واو گۆڕاوه. ئه‌و هێزانه‌شی له‌م دووساڵه‌ی دواییدا دروستبوون، شێلگیرانه‌و سیستیماتیکتر به‌گوتارێکی پۆپولیستی و دروشمائامێزو توندوزبر که‌زۆرترین لایک و سهرنجدهبات، هاتنهمهیدانهکهوه.
ئێسته فه‌یسبووک نه‌ک هه‌ر بازاڕگه‌ی کاڵاکانه، به‌ڵکو مه‌یدانی ساخکردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون، راو و دروشم و ئه‌ستێره‌کانه. تێکڕای ئه‌وانه‌ی له‌خه‌می دروستکردنی ئیگۆو مه‌زنێتی و خۆ بهئهستێرهکردندان، جا له سیاسی، پیاوی ئاینی، نووسه‌رو هونه‌رمه‌ندو بازرگارنهوه تا مافیاکان چاویان بڕیووته فه‌یسبوک. له‌باره بۆ پروپاگه‌نده، ئابڕوبردنی نه‌یارو ئه‌تکردن به‌میکانیزمی جیاواز‌و چێواشهکردنی به‌کاربه‌ران. سه‌کۆی باسوخواسی هه‌رزان، وتاردان و هه‌ڵوێستنواندن که لهچهقهخانهیهک ده‌چێت بۆ نمایشکاری ده‌مامکدار.
کاریگه‌ریشی له‌سه‌ر دروستکردنی رای گشتی، به‌تایبه‌ت له‌ده‌نگدان و راپرسیدا ئامرازێکه بۆ شۆردنه‌وه‌ی بیروڕای خه‌ڵک که سیاسه‌تبازه‌کان وردتر درکیان پێکردووه. ئه‌گه‌ر خۆشیان باشنهزانن به‌کاربهێنن، کۆمه‌ڵێ بندیواریان به‌کرێگرتووه تا جه‌نگی به‌وه‌کاله‌تیان بۆ بکه‌ن. له کوردستاندا تۆڕه‌کان بوونه‌ته بانکی یه‌ده‌گی ناکۆکی، به‌تایبه‌ت پهیجهسێبهرهکان له‌لایه‌ن که‌سان و به‌رپرسی ده‌ستڕۆیشتووه پشتیوانی ده‌کرێن به‌ئامانجی لێدان و داشۆرینی رکابه‌ره‌کانیان. به‌شێکی ئه‌و لێدانه‌ش له‌رێی په‌یجی سێبه‌رو نادیار‌و بێناسنامه، یان ناسنامه‌ی ساختهوهن. جه‌نگێکی میدیایی به سوپایه‌کی دیجیتاڵ به‌رپاده‌که‌ن (ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تانی وه‌ک ئێران، ئیسرائیل و ئه‌مریکاو هتد خاوه‌نی له‌شکرێکی میدیاین که‌هه‌ر به‌پڕوپاگه‌نده ناوه‌ستنه‌وه، جگه‌له له‌به‌رهه‌ڵستی، به‌رگری لهئاسایسیش دیجیتاڵی وڵاتهکهیانکردووه).
ده‌کرێت فه‌یسبووک (ئینته‌رنێت به‌گشتی) هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌ک بێت له‌سه‌ر دیموکراسی له‌م ده‌یه‌یه‌دا. بۆنموونه، ساخته‌کردنی ئامار‌و بردنی داتای 50 ملیۆن که‌س له‌هه‌ڵبژاردنی ‘تره‌مپ’دا . پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: چۆن فه‌یسبوک مه‌ترسییه له‌سه‌ر دیموکراسی، وه‌ک ‘کارۆڵ کادوالادر’ شرۆڤه‌کار ده‌ڵێت . فریودان، بهلادارێبردنی راستییه‌کان، شۆردنه‌وه‌ی مێشکی خه‌ڵک به‌هه‌واڵی تۆقێنهرو ترساندن، دروستکردنی نه‌یارو دوژمنی ئه‌ندێشه‌یی، ئه‌مانه ئاسانتر له‌فه‌یسبوکدا کارایه. ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ک به‌ناوی (Ebbw Vale) له‌سه‌روبه‌ندی ده‌نگداندا بریکزیتدا به‌نموونه ده‌هێنێته‌وه که راپرسی له‌باره‌ی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌یه‌کێتی ئه‌ورپا کراوه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ئه‌و شارهبچووکه، سه‌قامگیرو بێکشهیه له‌سه‌دا 62٪ ده‌نگی به‌به‌ڵێ دا. له‌کاتێکدا له‌لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌وروپاوه، کۆمه‌کی دارایی به‌بری 33 ملیۆن پاوه‌ن بۆ کۆلێج، هۆڵی وه‌رزشی نوێ به‌گوژمه‌ی 350 ملیۆن و رێگه‌ی هێڵی ئاسن77 ملیۆن تێچووی بووه!
ئه‌ی، باشه بۆ ده‌یانه‌وێ له‌ئه‌وروپا بڕۆنهدهر که جگه له ژنێکی پۆڵه‌ندی، بیانی تێدانییه؟ له‌کاتێکدا ده‌نگده‌ران، وتوویانه ده‌مانه‌وێ کۆنترۆڵی وڵاته‌که‌مان لهبیانیهکان به‌ده‌ستبهێنینه‌وه! ئه‌م بۆچوونه لهکوێوهسهرچاوهیگرتووهو چۆن په‌ره‌ی سه‌ند؟ پڕوپاگه‌نده‌ی راستڕه‌وه‌کان لهتۆڕهکانهوه، ترسودڵهراوکێی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که تورکیا دێته‌ناو یه‌کێتی ئه‌ورپاوه سازکرد. به‌لۆجیکی ساخته، خه‌ڵکیان فریودا که ده‌نگ به‌به‌ڵی بده‌ن. به‌ڵام، به‌پێدانی زانیاری ناڕاست و چه‌وت، مێشکی ده‌نگده‌رانیان ئاڕاسته‌کرد. هه‌ڵبژاردنه‌که ئۆنلاین کراوه، ئینجا له‌سه‌ر سندوقه‌کان بووه راستی! هه‌روه‌کچۆن له‌سه‌ده‌ی 19 دا کاندیده‌کانی هه‌ڵبژاردن، کۆڵان و شه‌قامه‌کان ده‌گه‌ڕان و یه‌که به‌یه‌کی خه‌ڵکیان ده‌دوان و به‌پاره ده‌نگیان ده‌کڕی. ئاوه‌هاش نزیکه‌ی ملیۆنێ پاوه‌ن له‌په‌یجه‌کان دراوه به‌هه‌ڵمه‌ت و بانگه‌شه‌ی دروشمی وه‌ک تورکیا به 76 ملیۆنه‌وه دێتهئهورپاوهو دهبنهبار به‌سه‌رمانه‌وه! وڵات پڕده‌بێ له‌ئاشوب و جه‌نگی ئاینی و تاوانکاری و هتد... له‌و چیرۆکانه‌ی که ده‌نگده‌ر ده‌ترسێنێت.
که‌واته، ده‌نگده‌رانی بریکزت به فه‌یسبووک بۆ ‘به‌ڵێ’ ئاراسته‌کران. بۆیه، به‌رای ئه‌و خانمه فه‌یسبووک کۆتاهێنانه به‌دیموکراسی و هه‌ڵبژاردنێکی دروست دوور لهچێواشهکاری. هه‌روه‌ک هاودامهزرێنهرێکی فه‌یسبووک، دانه به‌وه‌دا ده‌نێت که ‘مارک زوکه‌ربێرگ’ (خاوه‌نی فه‌یسبوک) خولیای سازکردنی ئیمپراتۆریه‌تێکی پاوانکارانهی هه‌یه‌و هه‌میشه له‌خولیای بره‌ودان و پهلهاوێژتندایه. دواجار ئاسایش و هاوڵاتیبوون ده‌کاته قوربانی زۆری کلیکه‌کان . چونکه، زوکه‌ربێرگ خۆی به‌خودای تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ده‌زانێت.
ده‌کرێت بڵێین، له‌دیموکراسی هه‌ڵبژاردندا ئازادی ده‌ربڕین و ده‌نگدان، به‌بێ هۆشیاری و زانیاری دروست مه‌ترسیداره. که تۆره‌کان ده‌بنه زه‌لکاوی درۆ‌و ره‌شکردنی واقیع و هه‌ڵبه‌ستنی هه‌واڵ به‌ناوی هه‌قیقه‌ت، نیشتمان، ئاسایش و ژیانی مرۆڤه‌وه، ئیتر سه‌دان بریکزیتی لێده‌که‌وێته‌وه! ئه‌گه‌رچی، پێویسته رێکاری یاسایی و به‌دواچوون و لێپرسینه‌وه‌ش هه‌بێ، به‌ڵام گرفته‌که له‌وه‌دایه به‌هێزی سۆشیال میدیایه‌کی وه‌ک فه‌یسبووک، بۆ هێزی کۆنترۆڵنه‌کردن و چاودێرینه‌کردنی راسته‌وخۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه، جڵه‌وی له‌ده‌ستی کۆمپانیای فهیسبووکدایهو به‌شێکیشی به‌نده به‌ئازادی به‌کاربه‌ره‌وه. به‌ڵام، خراپ به‌کارهێنانی ئازادی ده‌ربڕینه که ناکۆکه له‌گه‌ڵ یاساکانی پاراستنی شکۆو که‌سێتی و تایبه‌تمه‌ندێتی ژیانی که‌سانیتردا.