616وتار

کوردبوون لەنێوان ئایندەناسی و چارنووسدا

10/3/2020 3:18:00 PM
نەوزاد جەمال


"ئەوەی بەسەر مرۆڤ دێت، ئەنجامی بڕیارەکانیەتی نەک چارەنووسی" ستیڤن کوفی

دیمەنی دووبارەی بێبازاڕی بەرهەمی "تەماتە"و لەمڕۆژانەشدا "پەتاتە" لەبەردەم وەزارەتی کشتوکاڵدا، واتایرەنج بەخەسارچوونی ساڵانەی جوتیارەکانە. نەحکومەت ئامادەکاری وەرگرتنی بەرهەمە خۆماڵیەکانی کردووە، نەجوتیارەکانیش بیریانکردۆتەوە ئەگەر بازاڕ نییەو حکومەت وەریناگرێت، بۆچی بەرهەمی وادادەچێنن؟

لەبنەڕەتدا ئەمە یەکێکە لەهەزاران گرفت کە لەسێدەیەی حوکمڕانی هەرێمدا بەهۆی لاوازی دیدێکی ئایندەناسییانەوە سەرهەڵدەدەنەوە. چەند بارەبوونەوەی کێشەوگرفتەکان، بەرەوڕووی پرسیارێکمان دەکاتەوە: ئاخۆ ئەوەی بەسەر مرۆڤی 'کورد'دا دێت،چارەنووسە یان شێوازی بیرکردنەوەیەتی لەئاییندە؟ هۆی چییە تائێستاش دیدێکی ئاییندەیی چەکەرەی نەکردووە؟ کورد بۆ ئەوەندە خۆی بەقوربانی چارەنووس دەزانێت، لەکاتێدا کار بۆ ئاییندەو گۆڕینی چارەنووسی ناکات؟ ئاییندە چییەو جیاوازە لەچارەنووس؟

سیانەی کات، ئاگایی و ئاییندە لە"ئاییندەناسیی"دا بنەڕەتێکی فەلسەفییان هەیە. ئایندە شوێنێک نییە بۆ خەێاڵ و پاڵدانەوەو خەونبینین، بەڵکو بژاردەیەکە لەدەستی مرۆڤ خۆیدا. لەکاتێکدا،هەندێک پێیانوایە 'ئایندە' تەنها هیواخواستنی ئەوەی کە ئێستە نیمانە، یان خەونێکە بە بەدینەهاتووەکانەوە. بۆچوونیکی تردش پێیوایە، وەکچۆن رابووردوو داهاتوو دوو ئاڕاستەی پێچەوانەن لەکاتدا، ئاوەهاش هیچیان لەدەستی مرۆڤ خۆیدا نین. مادامەکی،رابردوو ناگەڕێنرێتەوە، بڕیار لەداهاتوویەک کە هێشتا نییە، نادرێت.

لەم دووتێگەیشتنەدا، 'کات' لەژمارەکانی کاتژمێرێدا کورتکراوەتەوەو لەهاوکێشەی 'ئەمڕۆ'و 'ئایندە'دا توخمێکی گرنگ کە 'ئێستا'یە لەبیرکراوە. گرنگی ئێستە، لەوەدایە کە رابوردووی تێدا هەڵبسەنگێنرێت و هێڵەسەرەکی و گشتییەکانی ئایندەدابڕێژرێت. ئەمەش  بەشێکی بۆ بیرکردنەوەی ئایینی مرۆڤی خۆرهەڵات دەگەڕێتەوە کە تاڕادەی پەرستن هۆگری رابوردووە.

بەرهەمهێنانەوەی رابوردوو لەفۆرمێکی نۆستالۆجییدا، شەیدابوونێکە کەلەمێنتاڵێتی مرۆڤی ئێمەدا رەنگیداوەتەوە. لەکاتێکدا مرۆڤی خۆرئاوایی، داهاتووخوازەو بەردەوام سیاسەتەکانی لەبەر ڕۆشنایی خوێندنەوەی داهاتوودا دادەڕێژێت. بۆیە، داهێنانەکانیشی بەڵگەن لەسەر وەبەرهێنانی لەو دیدگایەدا. لەکاتێکدا، کولتوری خۆرهەڵاتی ئەوەندەی خەریکی شانازی و گەڕانەوەیە بۆ ڕابووردوو، نیوهێندە بیر لەداهاتوو ناکاتەوە. چونکە، لەسۆنگەی باوەڕێکەوە کە داهاتوو بەغەیب سپێردراوە،ئەو لایەنەی فەرامۆشکردووە. لەباوەڕی ئایینیدا، داهاتوو یەکسانە بە"هیچ". چونکە، تەنها "ئەو دونیا"داهاتووە چاوەڕوانکراوەکەو بەڵێنپێدراوەکەیە.

لەبەرئەوە، نە'ئێستە'و نە'ئاییندە' لەو بیرکردنەوەدا ئامادەییەکی ئەوتۆی نییە. ئیدی، ئاییندە غەيبە، نهێنی و نەزانراوێکە لەدەستی هێزێکی سەروو سروشتیدا. کەواتە، کارو رەنج لەئێستەدا تەنها ئامادەکارییەکە بۆ شوێنێکیتر "لەوێ"یەک. بەو پێیەمرۆڤ رێبوارو میوانەکەیە لەجیهانێکی بڕاوەدا کە دەبێت بۆ مانەوە هەتاهەتاییەکە'لەودونیا' هەوڵبدات!

لەم سۆنگەوە، پێشبینیکردنی داهاتوو وەک بانگەشەی غەیبناسی لێدێت. ئەوە، فاڵگرەوەکانن کە لافی خوێندنەوەی داهاتوو لێدەدەن. لەئاستە کۆمەڵایەتیەکەشدا، ئەوانەن کە خەریکی کردنەوەی گرێی بەختن، مزگێنی هاوسەرگیری، منداڵبوون و هتد... دەدەن. بەمجۆرە،دیدی ئاییندەناسی پوچکراوە.

تێگەیشتن لەئاییندە بیرۆکەیەکی سەرەتاییە. لێرەوە، ئەوەندەی مرۆڤی ئێمە چارەنووسی خۆی بەنادیارو ئاییندەیەکی نەزانراو سپاردووە، هێندە ئەرکی بڕیاردانی لێی نەکردۆتە ئەرکی بیرکردنەوەی. خۆسپاردنێکی میتافیزیکیانە بەپاشەڕۆژێکی نادیار، لەبڕوایەکی چەسپیوو بەنادیار-غەیب-ەوەیە. ئیدی، رۆحیەتی خۆڕادەستکردن بەشێکی دانەبڕاوە لەهەستکردن بە'بوون'و لەبڕیارو پلانەکانی(لەئاستی تاک یان دامەزراوەکانیش) رەنگیداوەتەوە.
پارادۆکسەکەش لەوەدایە کەلەلایەکەوە، نادیارە نەزانراوەکە دێنێتە نێو ژیانی رۆژانەیەوە تاپرسەکانی یەکلاییدەکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە، ئەو هێزە نادیارەی کەخۆی بۆ ڕادەستکردووە، دەسەڵاتێکی چارەنوسسازو یەکلاکەرەوەی  ئاییندەی پێسپێردراوە!
تا ئەمڕۆش ئاییندە وەک پێدراوێکی–غەیبی- کە لەدەستی مرۆڤ خۆیدا نەبێت، وەک چارەنووسێکی نەگۆڕ پێناسەدەکرێت. چونکە، باوەڕ بەبکەرێکی سەرووسروشتی کە لەدەرەوەڕا، بڕیار لە "ئێرەمان" بدات بەرکارە.
لێرەوە، هێندەی مرۆڤی ئێمەسەربە جوگرافیایە، نیوهێندە کات و مێژوو نەبۆتە ئاگایی. ئەوەندە خۆی بەدرێژکراوەی جوگرافیا دادەنێت، نیو ئەوەندە بوونی لەڕەهەندی 'کات'دا نابینێتەوە.بۆیە، ئایندە هێشتا نەبۆتە بەشێک لەتێگەیشتنی"ئێستا"و هەمیشە بەڕووبەرە نادیارەکە دادەنرێت. لەمەشەوە تەمەڵی زانستی، ژیری کۆتکراودەخرێتە خزمەتی دروستکردنی وەهمی خۆدانە دەست بکەر یان هۆکارە نادیارەکان.

ئەمەش پرسیاریکێتر دەهێنێتە ئاراوە: ئایا ئاگایی مرۆڤی کورد بەرامبەر بەمێژوو چۆنە تا بیر لە ئاییندەی بکاتەوە؟ کورد مێژووی هەیە. بەڵام فەلسەفەی مێژووی نییە. هێشتا ئاگاییەکی خۆیەکی-زاتی- کە بوونیبەدرێژکراوەی رابووردوویدانەنێت پەرەی نەسەندووە. جگە لەوەش، مێژوویی لەگێڕانەوەو چیرۆکەوە بۆ پرسیاری بوونەکی و بەرەورووبوونەوە نەگۆڕیوە. لەبەرئەوە،ئاگایی تەواو لەرابووردوو دانەبڕاوە، تا لەڕەوتە مێژووییەکان تێبگات و بیر لەئاییندەش بکاتەوە. واتە، هێشتا دەرگیری رابوردووە نەک شرۆڤەی مێژوو.

ئەگەر رابوردوو ئەوەبێت کە 'بووین'، ئایندە ئەوەیە کەدەمانەوێت'ببین'. راستە، رابوردوو ناگۆڕێت، بەڵام دەتوانین شێوازی بیرکردنەوەمان لێی بگۆڕین. داهاتووش لەهەگبەی ئێستاماندایەو هێشتا لەدەستی خۆماندایە. کەواتە، سەربەخۆیی لەهەموو بوارەکاندا ئەوەیە کەئاییندە نەسپێرین بەهیچ بکەرو هێزێکیتر جگەلە خۆمان!

وەکچۆن کۆمەڵگایەی کە هیچ دەربارەی رابووردوو نازانێ، هیچ خەون و ئاواتێکی داهاتووی نییە، ئاوەهاش ئەگەر دیدو جیهانبینیەکی ئاییندەیی نەبێت، لەدەرەوەی زەمەندایە. چونکە،هێشتا درکی بەبوونی خۆی وەک بکەرێکی خۆبڕیاردەر نەکردووە. داهاتوو به‌باش یان به‌خراپ ئەگەرێکەو هەموو به‌رپرسیارێتیەکیش به‌و ساته‌نه‌هاتووه‌وە‌ به‌ره‌فتاره‌کانی ‌ئێستاوەبه‌نده.

بۆئه‌وه‌ی باشبین، ده‌بێت له‌ئێستاوه‌ باش‌ بیربکه‌ینەوە. داهاتووناسی تەنها پێشبینیکردن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی رەوشتیشە بەرامبەر بەئاییندە. چونکە، بڕیاردانە لەوەی  چ جۆرە داهاتوویەک بۆ نەوەکانیتر ببێت. ئیدی، کە بیرمان لەداهاتوو کردەوە دەبێ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و بەرپرسیارێتیش لەئەستۆ بگیرێت.
بۆیە، داهاتووناسی، فاڵگرتنەوە، غەیبگەریی نییە، زانستێکە بەرمەبنەمای داتاو زانیاری و تێبینکردنی رەوتی رووداو رەوشێکە کە لەرابوردوو ئێستەدایەو پێشبنیکردنی لێکەوتەو چاوەڕووانیەکانە لەدواتردا. هەروەها، بڕیاردانێکی بەرپرسانەیە لەوەی چ سبەینێیەک دابینکەین، نەک تەنها بەزمانی هیواو ئاواتخواستن سەیری پێشهاتەکان بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن