228وتار

بۆچی "هەموو" شتێک بەرەوخراپبوون ئەڕوات کەچی هیچیش روونادات؟

8/7/2024 4:07:00 PM
نەوزاد جەمال

ناونیشانەکە پرسیارە نەک وەڵامێکی هەڵگێڕدراوە لە شێوەی پرسیاردا. خراپترین بیرکرەوە ئەوەیە کە بەبێ ورووژاندنی پرسیار وەڵامی لە "قوتوو"ە دەرهێنابێت. 

 

خراپبوونی 'دۆخەکە' هەر لە ژینگە، گوزەران و مووچە و داهات هتد... شتێک نییە ناوی رەشبینی و بەدبینیی لێبنرێت. بەڵام، ئەوەی سەیرە ژینگەی دەوروبەرت بسوتێ، موەلیدە و ئۆتۆمبیل ژەهربارانت بکەن، زۆرینە نەک هەر هیچ ناکات، وورتەیەکشی لێوەنایەت. 

 

ئایا سەردەمی شۆڕش و گۆڕانکاری رەگاژوو بەسەرچووە و چووینەتە قۆناغی پاڵدانەوە مێژووییەکەوە: لەژێر سێبەری 'هەنجیر'ەکەدا چاومان بڕیووەتە ئاسمان؟ یان دەبێ ئەو هۆکارە بنەڕەتییانە چی بن کە وابکات مرۆڤ لەسەر ژیان و چارەنووسی خۆی بەدەنگ نەیەت؟ 

 

 دەکرێ لەسەر نیشتمان، زێد، ژینگە و سروشت، گوزەران و بژێوی خۆی بەدەنگ نەیەت؟ ئایا بەدەنگەوەهاتن ناچێتە خانەی خەباتکردن لە پێناوی مانەوە و ژیانکردن؟ یان بەپێچەوانەوە؛ خۆ متکردن کتومت ئەو مرۆڤەیە لە پێناو خۆبەزیندوویی هێشتنەوەدا هەڵیبژاردووە؟

 

وەڵامێکی دیاریکراوم لانییە. چونکە، بەڕستەیەک وەڵام نادرێتەوە. بەدواچوون و توێژینەوەی سەرتاپای ژیانی ئەو جۆرە مرۆڤەی پێویستە. بەڵام؛ ئەوەندەی تێگەیشتبم، بەدرێژایی ئەم دوودەیە مرۆڤی ئێمە هەمیشە ترسێکی قووڵی لە خراپتربوونی دۆخەکە لە هیوای چاککردن وباشتربوونی بەهێزترە! 

 

لە کۆیادەوەریی خەڵکییدا ماوە، کە هێز و  رێکخراو و کەسی جیاواز لە ژێر دروشم و بەڵێنی جیاوازدا تاقیکردەوە، بەڵام لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان کە هۆکاری سەرەکی خراپبوونی دۆخەکەن، باشتردەرنەچوون.

 

ئەم بۆچوونەم لە نموونەی سیتیەکی شارەکەوە هەڵهێنجاوە کە هیچ ناڕەزایەتی سەبارەت بە خراپی کواڵیتی خزمەتگوزارییەکانی ناو سیتەکەی خۆشی نییە. بە بەرچاوییانەوە رۆژانە کەموکورتییەکان دەبینێت و کە دێتەسەر ئەوەی بەکردەیی، ناڕەزایەتییەکی گشتی بکرێت، یەکدوو کەس دێنە مەیدان. 

بێ هەڵوێستیی دیاردەیەکە، تەنها بەرامبەر کەموکورتییەکانی نێو سیتییەک نییە. بەرامبەر، بە سووتان و وێرانبوونی ژینگە، خواردنی مووچە و هتد...ش هەیە. لە سووتانی شاخی گوێژە و شوێنیتردا کەمینەیەک بە کردەیی هاتنە دەنگ. تەنانەت خەڵکەکە "دوعاشیان" بۆ نەکردن. 

 

لە رەفتاری دانیشتووانی سیتیەکەدا روونە؛ کە "نوێنەرەکانیان" لە جیاتییان داکۆکی دەکەن و ئەمان هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لەسەر نییە. جگەلەوەش، پێیانوایە کێشەی سیتییەکان لەچاو خانووەکاندا نەک هەر کەمترە، بەڵکو  ژیان لەوێ باشترە. ئەرکی رۆژانەی کەمترە و خۆشییش لە بێدەنگییەکەیدایە! 

 

بە بۆچوونی من، سەلیقە-ئەقڵیەت-ی گشتی(common sense) ئێمە ئالودەی زۆنی ئارامییە. هۆکارێکیتریش دزاینکردنەوە یان ئەندازیاریکردنی کۆرەفتاری کۆمەڵایەتییە لە ڕێی تۆڕەکانەوە. بناغەی "میتافیزیکی" هزری مرۆڤی ئێمە دەریدەخات کە کەمتر حەزی بەگۆڕانکارییە جەوهەرییەکانە و جێگیریی پێ باشترە. بەتایبەت، کە هەست دەکات هیچ "باشبوونێک" لە ئاسۆدا نییە و دۆخی هەرێمەکە هەر بەشێکە لە هاوکێشە گەورەکەی ناوچەکە. بۆیە، پاڵنەری گۆڕیین لە هزرییدا وەک پێویست نییە.

 

رێساگشتیەکە هەر ئەوەیە؛ "یەکخوا"، یەک شێواز ژیان، یەک سیستم، یەک کولتور و فەرهەنگ و هتد... ژیان خۆهێشتنەوە و درێژبوونەوەی شتە دووبارەکانە. وتاربێژەکانی تۆڕەکان و بۆنە ئایینییەکانیش، پاساوێکی ئامادەکراوی رووداوەکان دەدەنەوە: خەتای خەڵکەکەیە نەک دەسەڵاتدارەکان. تۆڵەی خواش گێڕانەوەیە بۆ سەر "ڕێڕاستەکە".

 

چەندان سەدەیە ئەمە بیروهزری باوەڕدارانی ئێمەی لە هەر خواستێکی رەوای گۆڕانکاریی و پێشکەوتن پەکخستووە. ئەقڵیەتێکە دەچێتەوەسەر چیرۆکە ئەفسانەییەکانی گوناهی یەکەمی ئادەم کە شەیتان بۆی دەرچوو! 

 

ئەفسانەی سۆمەری و یۆنان پڕن لە گێڕانەوەی نەفرەتی خواو خواوەندەکان لە مرۆڤ بە مردن، نەخۆشی و هتد... پەیامی ئە ئەفسانانە ئەوەیە، مرۆڤ بەرەوڕووی خواوەندەکان بێتەوە و ملکەچی نادادییەکان نەبێت. بەڵام، لای ئێمە گێڕانەوەکان، پاساوە میتافیزییەکیەکان بەجۆرێکن کە ببنە "سەرینی پاڵدانەوە" بە بیانویی رازیبوون بە قەدەر!

 

سەردەمانێک 'دەوڵەتی مۆدێرن' بە پاڵپشتی 'ماس میدیا' کولتوری گشتی و کۆمەڵایەتی ئاڕاستەدەکرد کە بە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵایەتی(Social Engineering) ناسراوە. واتە، داڕشتنەوەی مێشکی مرۆڤ و ئامادەکردنی بۆ وەرگرتنی گوتار و ئەجێنداکانی دەسەڵات. 

 

کولتوری 'مۆدیرن' خۆدابڕینە لە هەژموونی سروشت و خۆڕزگاردنیشە لە ترس و دڵەراوکێ خۆڕسکەکان کە لەبەریەککەوتن لەگەڵ سروشتدا دێنەئاراوە. داماڵینی 'جیهانی سروشت' لە مەتەڵ و سیحرە پەی پێنەبراوەکانی دەبنەوە ئەفسانە کە چیتر مرۆڤ لەبەردەم هێزە سروشتییەکاندا دەستەوسان نەبێت. لێرەوە، کولتور لەبەرامبەر سروشت زەقدەبێتەوە و دەوڵەتی مۆدێرنیش ئەفسانەی نوێی داهێنا. 

 

ئێستە، کۆمپانیا زەبەلاحە نێودەوڵەتییەکانی وەک میتاڤێرس، ئەپڵ و ئەمازۆن و گوگڵ و هتد... بازووی نادیارن. نەک هەر لەنێو حکومەتەکان، بەڵکو لۆبیان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا توانای ئاڕاستەکردنی مرۆڤایەتییان هەیە و لەنێوا بازاڕێکی گەردوونیدا کۆیان بکاتەوە. 

 

هەر بۆیە، خۆیان خزاندووتە نێو ووردەکاری ژیان و هەست و بیر و پەیوەندییەکانی مرۆڤەوە. ئەجێندای دەستکاریکردنی ئەدگار و بیر و هزری تاکەکانیان هەیە. سەرقاڵی "پیشەسازی کولتوری"یین. توانای دروستکردنی بەهای سنووربڕیان هەیە. دەتوانن مرۆڤایەتی لەشتێکدا چڕکەنەوە: گۆڕینیان بە کڕیاری بەردەوام. ئیدی، تۆڕەکانی ئینتەرنیت سەرگەرمی داڕشتنەوەی واقیعە لەڕێی ئاڕاستەکردن و دروستکردنی کولتوریی جێگرەوە. 

 

واقیعی دروستکراوی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بەشێکە لەو هەوڵە جیهانییە کە براند و مارکەکان دەبنە بەهایەکی گەردوونی.  ئامانجی مرۆڤ لەوەدا کورتدەبێتەوە ئازادانە لە "بەهەشتی کاڵاکاندا" بازاڕبکات. هیچ کات ئێمەی کورد، وەک ئەمڕۆ لەبەردەم لێشاویی کاڵا جۆراوجۆرەکاندا نەبووین. ئیدی، تۆڕەکان سەلیقەیەکی گشتیی درووستکردووە. بەڕواڵەت تۆڕەکان سەکۆی دەربڕینن، بەڵام، هۆکاری خاڵیبوونەوەی گرژی و توڕەیی گشتیشن. هەرچی هەستی ناڕازیبوونە کە 'ئاکت'ی مەیدانی دروستدەکات، لەوێدا تادڵۆپە داچۆڕێنراوە. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن