76وتار

مرۆڤی کورد چی ئەوێ و بیر لەچی ئەکاتەوە؟

5/6/2024 7:49:00 PM
نەوزاد جەمال

ئایا 'کورد چی ئەوێت یان بیر لەچی ئەکاتەوە'؟ دیووی یەک پێدراون. بەبێ بیرکردنەوە، داواکردنی مافەکانت ناتەواوە. بیرکردنەوە، پێداویستییەکی بنەڕەتی ژیان و پێشکەوتنە. ئەوەش لەبەرئەوە نییە کە بابەتێکی فیسۆلۆجی، فیزیکی وەک خۆراک و هتد... بێت.
ئەزانم پرسیاری نێو ناونیشانەکەم گشتییە؛ بەڵام جەوهەرییە. هەڵقوڵاوی ئەو گرفتانەی کە رۆژانە و ساڵانە و دەیە و سەدەگەلێکە کە بەدەستیانەوە ئەناڵێنیین. بەڵام، لەبەرئەوەی پرسیاریان ناخەینەسەر، وەک ئەوەی هەمووشتێ بێ خەوشبێت!
 خەسڵەتێکی کۆمەڵگای ستەمکار- کۆمەلایەتی، ئایینی یان نەریتی و سیاسی بێت- بریتیە لە سەرڕێژیی وەڵامەکان و دەگمەنی پرسیارکردن. رەفتاری ستەمکارانەی تاک/ کۆمەڵگەی ئێمە بەشێکی رەنگدانەوەی ستەمی مێژوویی و جوگرافییایە. مێژوو وەک دەوڵەتی ئەویتری خۆسەپێن، زەبری جوگرافیایەکی داخراوی سەخت، وایکردووە ژینگەی سیاسی و کولتوریی و بیرکردنەوەمان، تاڕادەی پەسەندکردن و ستایشکردن لە سەرهەڵدانی ستەمکارییدا ئاسانکاربێت.
 لەرووبەرێکدا کە وەڵامەکان لە پرسیارە نەکراوەکان زۆرتربن، چۆن دەبێ وەڵامی ئامادەکراو و بیرلێنەکراوە هەبێ؟ لە کاتێکیدا وەڵامەباوەکان، وەڵامی پرسیارەکانی "ئێمە" ئاگایی نیین. کۆیان وەرگیراو و گواستراوە و هەناردەکراون.
سەدەیەکە 'گوتاری نەتەوەیی/ کوردایەتی' بەناوی کورد و خواستەکانییەوە لە سۆنگەی خۆیەوە پێناسە ئەکات. هەروەها، 'گوتاری ئانییی ئیسلامی' بەناوی "ئێمە"ی باوەڕدارەوە، پێناسەی خواست و داوا و ویستی کورد بە جۆرێک ئەکات کە لە بازنەی باوەڕی ئایینیدا کورتدەکاتەوە.
تا ئێستاش نەک گوتارێکی هزری و فەلسەفییمان نییە، لێکدانەوەیەکی زانستییانەشمان بۆ جیهان نییە. لەکاتێکدا گوتاری حزب(خێڵ و بنەماڵەی مۆدێرن)، خێڵ و بنەماڵە و ناوچەگەرییمان لەبرەودایە، هەریەکەیان گۆشەیەکی بچووکی کوردبوون پێناسەدەکات.
  کورد چی ئەوێ، پرسیارێکە پەیوەستە بەرابووردووە و 'بیر لەچی ئەکاتەوە؟' بەندە بەداهاتووە. دەبێ ئەو بابەت و پرس و پرسیارانە کە مرۆڤی ئێمە بیری لێدەکاتەوە بزانین. ئەو بابەتانەشی کە بیرکردنەوەی داگیرکردووە یان ئاڕاستە دەکەن، پرسیاریان لەسەرکەین.
لەوانەیە کەسێ پێیوابێ ئەو پرسیارانە. بابەتێکی پەتی و تیۆریین. بەڵام، ئەگەر پرسیارکردن و بیرکردنەوە نەبێت، کولتور، زانست و هونەر و ئەدەب پێشدەکەوێ؟ هەڵبەت، ناشڵێم ئێمە خاوەنی هیچ پرسیارگەلێ نیین، بەڵام تابڵیی لە پرسیارسازیی و پرسیارکردندا دەستکورت و سادەین.
 ئەوەندەی لە دەوروبەرم تێگەیشتبم، مرۆڤی ئێمە بەلایەوە گرنگە، ئەمڕۆ زیندووبێ و لەژیاندابێ. ئیتر سبەی خۆشی نازانی چی دەبێت و چی دەکەوێتەوە! بەلایەوە گرنگە، پێداویستیە سەرەتاییەکانی بەردەستبێت، کار و ماڵک و گوزەرانیکی گونجا و خێزان و منداڵی هەبێت. ئیتر چیرۆکی ژیانی لێرە و لەمەدا کورتدەکاتەوە. بەلایەوە ئاساییە بیری بۆ بکرێتەوە، ژیانی بۆ دابینبکرێت. وەک میوانێ لە زێد و رێبوارێک فەرمووی لێبکرێت.
ئەزموونەکانی رۆژانە دەرخەریدەخەن بۆنموونە کە بڕیاری دانیشتن کۆبوونەوە لەگەڵ کەسێک ئەدەیت، ئەویتر لە جیاتیت لەبەرئەمە یان ئەوە 'تۆ' بیردەکاتەوە کە پێتناکرێ بێی! هەموو وەڵامەکانیشی لە خەیاڵی خۆیدا بەبێ گەڕانەوە بۆ تۆ هۆنیووەتەوە. لە ئاستی سیاسی، فەرمانبەر و بەڕێوەربەر، دامەزراوەکان و هتد.... کەسانێ لەلای خۆیانەوە بێئەوەی بۆ تۆ بگەڕێنەوە بڕیار لەسەر شتێ کە پەیوەستە بەژیانتەوە ئەدەن.
ناڵێم بیرناکەینەوە. بەڵام فێری بیرکردنەوەی ژیرانە نەبووین. هێشتا ئاسۆی بیرکردنەوەی جیاواز و سەربەخۆ داخراوە، مێشک بەهۆی پەروەردەوە کڵۆمڵراوە. پێدەچێ کەسێتی "ئێمە" حەزی بە ململانێ، پێشبڕکی و رکابەری-چالێج- نەبێت.
ئەقڵێکی ئامرازیی/ئاداتی ئاڕاستەمان دەکات.  بیرکردنەوە، لە قوفڵی پیرۆزدا قەتیسە. دۆگمایین بەرابەر جیاوازبیرکردنەوە. ئەقڵی حەشاماتی/ ئاپۆڕەخوازیین. هێشتا بەپێی سەردەمەکە پێشنەکەوتووین. راستە بە بەراورد رابووردوو، شتگەلێ گۆڕاوە. هاوکات، دید و روانینی کۆنەباویش لەگەڵیدا نوێبوونەتەوە!
جگەلەوەی قەناعەتێکی زاڵمان هەیە: چارەسەری کێشە و وەڵامی پرسەکانمان تێکڕا دراونەتەوە، چ پێویست دەکات بیربکەینەوە! ئیدی، هەستدەکەی "کورد" لە هیچ کوێەکدا وەک جوگرافیای سیاسیی بوونی نییە، لە پنتێکدا هەڵواسراوە یان لە پانتاییەکدا لەنگەریگرتووە.
مرۆڤێ کە بیرکردنەوەی نەکردە ئەرکی ئەقڵی، ناشبێتە خاڵێکی جەوهەری لە ئاگاییدا. لەبەرئەوەی هێشتا شێوازی بیرکرنەوەمان راگوزەرییە، وەک شوانێک مەڕەکانی بەرەو لەوەڕگە دەبات تەنها بیری لای تێشووەکەیی و بە گورگان نەخواردنی سەرەکانییەتی.
ئیتر، دەروەربەر، سروشتی کێو و درەخت و کانیاو هتد... بەلایەوە بێ گیانێکی بێ واتان. مرۆڤێ کە بیری مردن ژیانی داگیرکردووە. کورد وابیردەکاتەوە کە بوونی خۆی لە نێوان ژیان و مردندایە نەک لە ژیاندا. ئەگەر پێبڵێی ئەو خۆراکە، ئامرازە لەرووی تەندروستییەوە باشە، یەکسەر ئەڵێ خۆ تائێستا کەس پێی نەمردووە! بیرکردنەوە لە تەندروستی، گرنگ نییە، زیندوویەتی ژێدەرە. مادام هەمووشتێک تێپەڕە، شایەنی بیرلێکردنەوەش نییە!
ئەگەر مرۆڤ رۆژگارێک بیری لە فڕیین نەکردایەتەوە، ئەیتوانی بڕواتەسەر مانگ؟ ئەگەر ئیکتفای بە پێکان و دەستەکانی بکردایە، ئامێر و ئۆتۆمبیلی دائەهێنا؟
بیرکردنەوە بوێرییە- کانتایە بڵێین. بوێربە و بزانە. بیربکەرەوە لەو کۆتوبوەندەی کە خۆت دەست لە دروستکردنییدا هەبووە، دەگەیت بەرۆشنگەریی. بیرکردنەوە ئەرکێکە ئەبێت تاک بیخاتە سەرخۆی و لە مێشکییدا دوگمەکەی داگیرسانبێت. ئایا تائێستا بیر لەوە دەکەینەوە دەرمانێک بدۆزینەوە یان ئەوترێ 'خۆت ماندوو مەکە لە بازاڕدا هەیە؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن