888وتار

نەوەی نوێ لە گەڵاکردندا هەڵوەری کەچی داوای شۆڕش دەکات

1/28/2020 6:21:00 PM
نەوزاد جەمال

بیرۆکەی بەرپاکردنی شۆڕش، چەندە سەرنجڕاکێش و مژدەبەخشە، دووهێندەش ترسناکە. بیروباوەڕە یۆتۆپی و ئایدۆلۆجیا پۆپولیزمەکان، بەئەندازەی درەوشانەوەی دروشم و بەڵێنەکانیان، کارەساتیان بەسەر مرۆڤایەتیدا هێناوە. لەمێژووی شۆڕش و راپەڕینەکاندا، بەدروشمی شۆڕش و دادوەری، و یەکسانی و خۆشگوزەرانییەوە، جینۆسایدو قەسابخانە سازکراوە. بۆیە، لەتەنیشت هەموو یۆتۆپیایەکەوە- کۆمەڵگایەکی بەهەشتئاسای بێخەوشەوە-، دیستۆپیایەک (dystopia) کەلاوەو وێرانەیەک هەیە. 
 هەموو ئایین و ئایدیۆلۆجیاکان لە بەڵێنی جوان و رازاوەو چیرۆکی ژیانێکی باشتر کەمیان نییە. وەلێ، لە پراکتیکدا بەناوی بەهەشتەوە دۆزەخ سازدەکەن، بەگوتاری ئازادیخوازی مرۆڤ لەناودەبەن. هەرچییەک بەدروشم بەرزدەکرێتەوە، بەکردەیی پێچەوانەکەی دەکەوێتەوە.
هەڵبەت، ‘یۆتۆپیا’ وەک هاندەرێکی بیرکردنەوە لەژیانی باشترو شیاوترو گەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤدا بەباشدەزانم. بەڵام، وەرگێڕانی خەون و ئەندێشە یۆتۆپییەکان بۆ کارنامەی واقیعی سیاسیی بەمەترسی دادەنێم. داڕشتنی سیاسەت، لەسەر بنەمای بیرۆکەی خەیاڵاوی، جۆرێکە لە تلیاک کە سڕکردن و بێهۆشکردنی مرۆڤەکانی لێدەکەوێتەوە. لەم سۆنگەوە، هەرچی ئایدۆلۆجیای ئایینی و سیاسی هەیە، جۆرێکە لە کاسکردن و بێئیرادەکردنی مرۆڤ.
ئەزموونی تاڵی مرۆڤی کورد لەو نموونانە خاڵی نییە. بەتایبەت، لە باشوردا زۆر گوێمان لە چیرۆکە شۆڕشگێڕیەکانی پێش و پاش راپەڕین بە گێڕانەوەی جیاجیا بووە. دواجار، بەچاوی خۆمان هەر لە دەستکەوتەکانی راپەڕینەوە تا خوێنی شەهیدان و رەنجی پێشمەرگەو ئەنفال و هەڵەبجە، لەپاڵ بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتەکانیدا نەهامەتیمان دیوە. 
دزینی دەستکەوتەکانی شۆڕش یان دزینی دەنگ و پێگەی جەماوەریی و ناڕەزایەتیەکان، راستییەکی شاراوە نین. هەموومان لە میدیاکانەوە، لەکاتی هەڵبژاردن و بەشینەوەی پۆستەکانەوە تا دەستخستنە بینی خەڵکی و ناعەدالەتی کە بەرهەمی گەندەڵییە، رۆژانە ئەزموونی دەکەین.  
چەندان پارت و رێکخراو لە بەرەی دەسەڵاتەوە تا ئۆپۆزسیۆنەکانی دوودەیەی رابردوو تاقیکرانەوە. هەموو جاڕی باشکردنیان پێداین. دواجاریش دابەشبوونی ئاسۆی سیاسەتی لێکەوتەوە: بیرکردنەوەی رەش و سپی بەسەر هەڵوێستی سیاسییدا جێبەجێکرا. لەو نێوەندەشدا، هێزو بکەرو کاراکتەری جیا توانیان دۆخەکە بەقازانجی کەسییان بەکاربهێنن. دیاردەی گواستنەوەی بەرەیەک بۆ لایەکیتر ئاسانتربوو. بەڵام، کە خەڵکی لەم رۆتینەش بێزاربوو و باش لێیتێگەیشت، دەرفەت بۆ لایەنیتر کەوەک هێزی سێهەم و راستکەرەوەی هەڵەکانی رابردوو خۆشبوو. 
جوڵانەوەی ‘نەوەی نوێ’ خۆی وەک ئەلتەرناتیڤی گۆڕان و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیتر نیشاندا. لەبەر هۆکاری بابەتی و خۆیی، توانی دەنگۆیەکی سیاسی لە ئاستی راگەیاندندا دروستبکات. کەسانێکیش لەم پورەهەنگە نوێیە نزیکبوونەوەو سواری ملی گوتارێکی وروژێنەر بوون و خۆیان گەیاندە پەرلەمان. 
بەڵام، هەر زوو شاشی و کەلێن لەم ئاپۆڕە نوێیەشدا دەرکەوت. جیابوونەوە لە بزوتنەوەکە- لەپارساڵەوە تا ئێستا- ژێدەرێکی ئاشکرای گرفتی بونیادی بوون. لەکاتێکدا سەرۆکی بزوتنەوەکە دڵخۆشی خۆی لە نووسینێکدا بەوە داوەتەوە: “هەرچی گۆڕانکاری و شۆڕشە، سەرەتا بچوک و کەمینەبوون”! 
میتۆدی کاری جوڵانەوەکە ئەو رۆڵەیە کە ‘ئەسپی تەروادە’ بینیویەتی: بۆ چوونە نێو حەساری پەرلەمان/ حکومەت. دواجار، خودی ئەندامەکان بەهەمان میتۆد چوونە نێو ریزەکانی و لە چنینەوەی دەنگ و پشتیوانی تا وازهێنان لێی، بەکاریانبرد! 
جوڵانەوەکە لە دوو وێستگەدا ویستی پێگەی خۆی قایمکات: هەڵمەتی نەخێری ریفراندۆم و دەرهێنانی راخەرەکە لەژێرپێی بزوتنەوەی گۆڕان پاش پەککەوتنی پەرلەمان و کۆچی نەوشیروان مستەفا. بەڵام، لەگەڵ هەلومەرج و دەرفەتی لەباری بەهێزبوون، بەسوودوەرگرتن لە هەڵەکانی ئۆپزسیۆن، هەوڵەکان لەهەڵپەو خۆگەیاندنە نێو پەرلەماندا چڕکرانەوە. ئەگەرچی، سەنگی میدیایی لە هەڵوێست و گوتارەکانیدا هاوشان بووە. بەڵام، ئۆپۆزسیۆن بوون، کادێر پێگەیاندن و فراوانکردنی بنکەی جەماوەری تەنها بەتەلەفزیۆن و گردبوونەوە ناکرێت. 
پەتایەکی کوشندە لەنێو سیاسەتکارانی کورد-رەنگە خۆرهەڵات هەموو- دا هەیە: ئەویش دەسەڵاتخوازی رەهایە، هەبوونی هێزی ئابوری و سیاسی و فەرمانڕەوایەتییە بێسنوورە. ئەگەرچی، لە دەرکەوتێکی کولتوری دەچێت، بەڵام نەخۆشیەکی دەروونییە. ئیگۆی خۆمەزنێتی-میگالۆمانیا– دەردێکە کە هەڵگرەکەی لەپێناو مەیلە زلخوازیەکانییدا، قوربانی بەمرۆڤایەتی بدات، نەک خۆی بێتە قوربانی. بۆیە، هەمیشە وشەی بریسکەدارو قەبە، وەکجۆرێک لە شۆردنەوەی مێشکی شوێنکەوتووانیدا بەکاردەهێنێت.
بەڵام راستیەکە ئەوەیە؛ مرۆڤ بە بەڵێن و مژدە ناژی. بە بەرنامەیەکی کردەیی کە هیوای راستگۆیانە لەخۆبگرێت، ژیانی ئاسانتر دەبێت. ئیدی، نە بەقسەی خۆش، نە بە وتەی زبرو توند ئیمپراتۆریەتێک دروستدەکرێت. باشترین شۆڕشیش، گۆڕینی بیرکردنەوەو تێڕوانینە ناتەواوەکانە، نەک شۆڕشکردن بەسەر بیرو ژیریی دروستدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن