1163وتار

بێکاری، وەك دەردێکی کوشندەی کۆمەڵایەتی

12/28/2019 11:30:00 PM
بێستون شەهید جەبار



 ئەمڕۆ جیهان گیرۆدەی دەستی کێشە و گرفتە ئابورییەکان بووەتەوە، کە زۆربەی کێشە سیاسی و سەربازییەکان گرێدراوی کێشە ئابورییەکانە، ئەمەش وایکردووە قوربانی و ماڵوێرانی کە لەهەربستێکی گۆی ئەم زەوییەدا ڕوودەدەن دەرهاویشتەی ئەو گرفتە ئابوریانەبن کە هەن جا سروشتی بن یان دەستکردی مرۆڤەکان، لای زۆرینەشمان ڕوونە کاریسە گەورەکەی ئێستا بریتیە لە بێکاری، بێکاری یەکێکە لەو گرفت و کێشە ئاڵۆز و سەختانەی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە، کە هەوڵی چارەسەری نەدرێت مەعلومە بەدوایدا کاردانەوەك ڕوودەدات و رەنگە قورس بێت دواتر موعالەجەکردنی.

جا بۆهەر سیستم و دەسەڵاتێك واپێویستە پێش لەدەست دەرچوونی رەوتی ئەو نارەزایەتی و پەنگخواردنەوەی ئەو گرفتانەی کە لەئەنجامی گەنجی بەتاڵە و نەبوونی هەلی کار بۆ ئەو تاکانەی کۆمەڵگە کە هیچ داهات و سەرچاوەیەکی بژێویان نییە، مەسح و دیراسەیەکی ورد بۆ ئەم بابەتە گرنگە هەبێت چارەسەری ئانی و مام ناوەند و دوورمەودای بۆ دیایبکرێت و جوڵە و نیەتێکی وا پشان بدرێت کە تاکەکان هەست بە ئاسۆییەکی ڕوون بکەن یان درك بە هەنگاو و کاری جدی موئەسەسەکانی دەوڵەت بکەن بۆ چارەسەرکردنی بابەت گەلێکی واگرنگ کە پەیوەستی ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتین.

بێکاری ڕاستە زیاتر وەك دیاردەیەکی ئابووری دەبینرێت و ناودەهێنرێت، بەڵام ڕاستیەکەی دەرهاویشتەیەکی نەرێنیشی بەدوادا دێت کە خۆی دەبینێتەوە لە تێکچونی لایەنی تەندوستی، خێزانی و دەروونی کە دواجار کار لە ئاشتی کۆمەڵاتی و ئاسایشی ئابووری دەکات و بەتەواوەتی شیرازەی کۆمەڵایەتی تێك دەکات.

لەکۆتایدا پێویستە؛
هەمووان درك بەوە بکەین کە بەرپرسیارێتیەکی کۆمەڵایەتیمان لەسەر شانە دەبێت هاوکابین بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتیش دەبێت بە هەموو توانایەوە کاربکات بۆ ڕەخساندنی هەلی کار ئەگەر کەرتی گشتیش توانای لە خۆگرتنی ئەو هەموو دەرچو و بێکارەی نەبێت ئەوا لەکەرتی تایبەتدا هەوڵ بدرێت دەرفەتی یەکسان دوور لە ئینتمای حزبی و ناوچەیی بڕەخسێنرێت، بۆ ئەوەی ڕێژەیەکی بەرچاو لەو کەسانە سوودمەندبن کە بێکارن و هیچ داهات و سەرچاوەیەکی داراییان نییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن