ئەم هەرێمە چۆن چاک دەبێت؟
5/1/2024 7:53:00 PM
بێستون شەهید جەبار
بەقسەی زل؟ بە دروشم و ڕستەی بریقەدار؟ یان جوێن
و تەشهیر و ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشین و یەکتر شکاندن؟ یان بەهاتوو هاوار و تەنها قسە لەپێناوی قسە و ڕەخنە لەپێناوی ڕووخاندن؟
نەخێر هەرگیز ئەوانەی سەرەوە باسم کردن چارەسەر
نین و بگرە دۆخەکە خراپترو ئاڵۆزتر دەکەن…
دەمانەوێت چاکی بکەین،
تۆی دایک و باوک پەروەردەیەکی جوانی منداڵەکەت
بکە،
تۆی مامۆستا میهرەبانی و بەخشندەیی و زانست پەخش
بکە،
تۆی پزیشک و کارمەندی تەندروستی تەنها پیشەکەت
لەپێناوی مرۆڤایەتیدا ببینە و بیخە خزمەتی ئینسانەکانەوە نەک بازرگانی کردن پێیەوە،
تۆی دادوەر و پارێزەر و کارمەندی دادی دادپەروەربە،
پیشە پیرۆزەکەت تەنها لەپێناوی تەحقیقی عەدل و عەدالەتدا بەکاربهێنە حزب و ماددە مەخوێنەرەوە،
تۆی دراوسێ ئەمانەت پارێزبە و سەروماڵ، ئەخلاق
و شەرەفی دراوسێکەت بەهی خۆت بزانە،
تۆی هاوڕێ وەفاداربە و خیانەت لەهاوڕێکەت مەکە
کەمتمانەی پێتە،
تۆی خۆشەویست، هۆگربونت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر
با پاک و دوور لە هەڵخەڵەتاندن و دەست بڕین بێت، بەڵکو بۆ زەواجێکی خاوێن و
دروستکردنی خێزانێکی بەختەوەر بێت،
تۆی بازرگان، وەبەرهێن، کاسبکار هتد…، کارەکەت
بەئەمانەتەوە جێ بەجێ بکە و ژیان و تەندروستی و گیرفانی هاوڵاتی بەهی خۆت بزانە و
ئامادە مەبە بۆ هیچ قازانجێک ئەوانە لە بیربکەیت.
لەکۆتایدا،
لەهەمووی گرنگتر تۆی سەرکردە و حکومڕان و کاربەدەست
خاکی بە، دڵسۆزی خاک و خەڵکەکەت بە، خیانەت بەدەنگ و متمانەی ئەوانە مەکە کەمتمانەیان
پێتە، بۆ ژینی ئەوان بژی و لەپێناوی ژینی ئەواندا ببەخشە و خۆت بکە بەقوربانی تا ئەوان
لەسایەو سێبەرتدا ئارام و خۆشگوزەران و ئاسودە بژین.
هیوادارم هەریەکەمان بەپێی پێگە و بەرپرسیاریەتیمان
لەکۆمەڵگەدا خزمەت بکەین و هیچ کات هۆکارێک نەبین بۆ پشێوی و بارگرانی و ناڕەحەتی
دەوروبەرەکەمان.
کوردستان ئاوەدان، ئێوەش ئاسودەو بەختەوەربن.