164وتار

کۆچکردنی کوردان بەرەو مەرگ یان ژیان!؟

6/23/2024 3:27:00 PM
بێستون شەهید جەبار

گومان لەوەدا نییە کە هەریەک لە ئێمە پێی خۆشە لە وڵاتەکەی خۆیدا نیشتەجێ بێت و ژیانێکی خۆش بەڕێبکات و بەشداری کۆبوونەوەی خێزانی بێت، لە ئێواراندا لەگەڵ هاوڕێکانی دا قاوەیەک بخواتەوە یان پیاسەیەک لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا بکات، وە ڕۆژانە و دوای گەڕانەوە لە سەر کار ئێوارە یان شەوێکی چێژ بەخش بەسەر بەرێت لە ناو ماڵ و منداڵدا، وە خوانێکی ئێوارەی دەستە پیرۆزەکانی دایکی هەموو ئەوروپا دێنێت، یان کاتێک نەخۆش دەکەویت دایک و باوک و هاوسەر و منداڵ و خوشک و برا و خزمان و هاوڕێ و ناسیاوەکانت لە تەنیشتەوە دەبینیت، ئەم مەشهەدە هێز و سووربوونی زیاترت پێدەدات، بوونی دەورووبەرت لە خۆشی و ناخۆشیەکاندا سەرمایەیەکە هیچ وشەیەک پێناسەی ناکات!

بەڵام چی!؟

بەداخەوە ئەگەر ئەو نیشتمانەی کە ئەم بەختەوەرییەی تێدانەبینیت بێگومان ناچارت دەکات دەستبەرداری بیت؟

زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەنیشتمانەکانی خۆیانەوە کۆچیان کردووە یان کۆچ دەکەن بەردەوام لە خۆشیەوە نەبووە و نییە، بەڵکو لەبەر ئەو تاڵییە ڕادەکەن کە لەسایەی سستمی حکومڕانیدا تامی دەکەن! 

هەروەها بەدوای ئەو ئەگەر و دەرفەتانەدا دەگەڕێن کە حکومەتەکانیان بۆیان دابین ناکەن، بەتایبەتی خراپبوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نەبوونی ئازادییەکان و دادی کۆمەڵایەتی کە ئەمە خواستی زۆرێک لە هاونیشیمانیان بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاد دەکات، چونکە ئەو وڵاتانە جێگیرتر و دیموکراسیترن و تا ئاستێکی باش دەستەبەری مافەکانی ئینسانی تێدا پارێزراوە، بەداخەوە ڕۆژانە بە پێش چاومانەوە ئازیزانمان کۆچ دەکەن و لەو ڕێگا مەترسیدارانە دەدەن بەتایبەتی ڕێگا ئاوییەکان کە بوەتە مۆتەکەی ژیانی ئەو خوشک و برایانەمان لە کوردستان ئەمە وادەکات دەسەڵاتداران بەخەبەر بێینەوە و دەست بۆ چاکسازیەکی ڕاستەقینە و بەگژداچوونەوەیەکی جددی گەندەڵ و گەندەڵکاران بەرن و بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی بسەلمێنن کە ئەو نییەتەیان هەیە و ئێمەش دەست خۆشیان لێدەکەین و بگرە پشتیوانێکی سەرسەختی ئەو هەنگاوە دەبین، ئەگەرچی درەنگیشە!

لەکۆتاییدا؛
داواکارییەکی دوو لایەنەی دڵسۆانە یەکەم/ حکومەت پێویستە ئاشتی و ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەبێ جیاوازی ناوچەیی و ئایینی و حزبی دابین بکات بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە و لەژێر هیچ پاساوێکدا ئازادی و ئاسایشی تاکەکان پێشل نەکات، هەروەها لانی کەمی دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی نیشتمانی ئەم هەرێمەدا پەیڕەوبکات و هەمووان وەکو یەک سوودمەندبن لەو داهاتانەی کەهەیە، یان ڕەخساندنی هەلی کارو دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تایبەت بەبێ ڕەچاوکردنی ئینتمانی حزبی و کەسی و ناوچەیی تاوەکو هەموو کەس یەکسان بێت و هەست بەبوونی خۆی بکات و درک نەکا کەلە نیشتمانێکدایە شکۆی پارێزراوە نییە، بەڵام چی دەبێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد هەوڵ بدەن ئاستی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی باشتر بکەن؟ تاوەکو کۆتایی بەم خەم ناسۆرەبێت و تاکی کورد لەم نیشتمانە پیرۆزە هەڵنەیەت و وای لێنەکات هیچ ئینتمایەکی بۆی نەبێت!

دووەم/ پێویستە ئەو براو خوشکە ئازیزانەش لەژێر هیچ پاساوێکدا ناچاری ئەو کۆچە یاساغە نەبن و خۆیان و  ئازیزانیان دووچاری دڵەڕاوکێ و ئازارو ناخۆشی نەکەنەوە کەبەداخەوە هەندێک جار کۆتاییەکەی تراژیدیانە دەبێت و ئازاربەخش دەبێت نەک بۆ خانەوادە و کەس و کاریان بەڵکو هەموان غەمبار و دڵتەنگ دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن