207وتار

پێویستمان بەسیاسەتکردنێکە، ئەخلاق غائیب نەبێت!

12/13/2023 1:09:00 PM
بێستون شەهید جەبار

 

سیاسەتکردن ئەوە نییە ئەمڕۆ لەهەرێمی کوردستان دەکرێت و دەبیندرێت!
کەجگە لەنەهامەتی و ماڵوێرانی و بێ متمانەیی و سەنگەر گۆڕین و پەتپەتێن و زۆرشتی قێزەونی تر، بەداخەوە نەتوانراوە ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، کە لەبنەڕەتدا سیاسەت شێوازێکی ژیانە کەشکۆمەندی و ئازادی مرۆڤ دەپارێزێت و دەستەبەرێکی دادپەروەرانە دەکات لەنێوان ماف و ئەرکەکانیاندا، وە بەدیهێنەری پرەنسیپە جوان و بەهادارەکانە و دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنەمای ڕەوشت دادەمەزرێت، و دەبێت لەلایەن ئەخلاقەوە بەڕێوەببرێت، لێرەوە پێویستمان بە سیاسەتێک هەیە کە خزمەتی مرۆڤایەتی بکات، بۆیە کاتێک سیاسەت بە ڕێچکەیەکی ڕاستدا دەڕوات، ئەنجامەکان هەر لە سەرەتاوە ڕوون دەبن.

کەسایەتی سیاسی پێویستی بە پەروەردەکردنی خود هەیە لەسەر گرنگی خۆگرتن و زاڵبوون بەسەر نەفس و غەریزە کەسی و شەخسیەکانیدا، چونکە دەسەڵات وا ناسراوە، سەرنجڕاکێشی خۆی هەیە کە کاریگەری لەسەر دەروون و پاڵنەر و حەزەکانی مرۆڤ هەیە، بۆیە دەبێت مرۆڤ لەسەر پرەنسیپە ڕاستەکان پەروەردە بکرێت و لەو مۆدێلانەبن بەکارهێنانی سیاسەت بۆ خزمەتکردنی خەڵک، و دژی ئەو هەوڵانەبێت کەڕۆح زاڵ دەکات و مرۆڤ دەکاتە بەندەی ئارەزووەکانی.

کاتێک کەسێک دەچێتە بواری سیاسەتەوە، بەرپرسیارێتییەکانی لەکەسانی ئاسایی جیاوازتر دەبێت، ڕووبەڕووی خەڵک و پێداویستی و مافەکانیان دەبێتەوە، ئەرکی ئەوەیە خزمەتی خەڵک بکات و ئەو دەسەڵاتەی پێی بەخشراوە لەژێر یاسا و ڕێنماییەکاندا، نابێت دەسەڵاتێک بێت خۆی و خەڵک شەرمەزار بکات، بەڵکو دەبێت ئامرازێک بێت بۆ یارمەتیدان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان، ئەگەر وانەبوو ئەو دەسەڵاتانە دەگۆڕێت کە بەهۆی کارەکەیەوە پێی بەخشراوە بۆ میکەنزمێک کە لە هەموو نۆرمەکان لادەدات و تێڕوانینەکان دەگۆڕێت بۆ تێڕوانینێکی نەرێنی، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدار بەبەهێزی و بەسوربوونێکی نەگۆڕەوە خۆی پەروەردە بکات لەسەر بنەماکانی دروست بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەو ئەرکەی لەئەستۆیدایە، کە ئەمڕۆی لە دوێنێ باشتر و سبەی گەشاوەتر دەکات، بەم شێوەیە دەبێت دەسەڵات بخرێتە خزمەتی خەڵکەوە نەک بەپێچەوانەوە، چونکە سیاسەت هەرگیز نابێت میتۆدێک بێت بۆ سەرکوتکردنی خەڵک.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن