ئەنفال، کارەساتێکی لەبیر نەکراو، و زامێکی ساڕێژ نەبوو!
4/13/2019 8:59:00 PM
بێستون شەهید جەبار
ئەنفال و ژێنۆساید لە باشووری كوردستان (کوردستانی عێراق) وەك ناسنامەی گەلێکی بێ دەوڵەت، و گەلێکی پارچە پارچە کراو، کارەساتێك لەنێوان دڵڕەقی و ڕەگەزپەرستی ڕژێمێکی دیکتاتۆر، و هەروەها بوونی ژینگەیەکی نێودەوڵەتی بێ هەست و نابیست و نابینا لەوسەردەمەدا بەرامبەر وەها کارەساتێکی گەورە جێگەی پرسیار و تێڕامانێکی گەورەیە و پەڵەیەکی ڕەشیشە بەنێوچەوانی بەناو وڵاتانی ڕۆژئاواو دیموکراتەوە، کە لەماوەی کەمتر لە مانگێكدا هەم هەڵەبجە و هەمیش ئەنفال بەسەر گەلێکی ستمەمدیدە و بێ پشت و پەنای وەك میللەتی کورد دابێت.
ئەنفال تەنها ڕووداوێکی سانا و بێ پلان نەبوو، بەڵکو کردەیەکی ڕێکخراو و ژینۆسایدێکی سامناك بوو رژێمی بەعسی لەناو چوو بۆ پاکتاوی رەگەزی و ئیتنی گەلی کورد بەرپایکرد، کە لە نێوان بێ کەسی کورد و بێ دەنگی شەقامی نێودەوڵەتی دا هەنگاوێکی وەها دڕندانە نرا، کە سەرئەنجام و کۆتاییەکەی زیندە بەچاڵ کردنی ۱۸۲ هەزار پیاو و ژن و مناڵی بێ تاوانی کورد و خاپورکردنی ٥٠٠٠ گوند و شار و شارۆچکەی باشوری کوردستانی لێکەوتەوە.
قسەی کۆتایی... بەداخەوە ئێستا ۳۱ ساڵ دوای ئەو کارەساتەیە نە ڕووفاتی بێنازی ئەنفالکراوان لە بیابانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێڕاق هێنراونەتەوە باوەشی نیشتمان نە جاش و مستەشارە بەکرێگیراوەکانیش ڕاپێچی بەردەم دادگایەکی عادیلانەکران تاکو لانی کەمی ئەو ئازارە بەسوێیەی کەس و کاری ئەنفاکراوان ساڕێژبێت هەروەها ببێتە دەرس و وانەیەکیش بۆ ئەوانەی ڕۆژێك لەڕۆژان هاتوو بیریانکردەوە نۆکەرایەتی و جاشایەتی بۆ دوژمنی گەلی کورد بکەن لایان ڕوون بێت کە ئایندەیان وەك ئەوانە دەبێت.