346وتار

سانسۆری پێشوەخت گەڕێنرایەوە

9/25/2020 3:56:00 PM
كامیل عومەر

بەپێی  فەرمانێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری، لەمەودوا بەر لە چاپکردنی کتێب، دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە هەڵبسەنگێنرێت، ئینجا ژمارەی سپاردنی پێ بدرێت و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

 لەسەردەمی حکومڕانی ڕژێمی بەعسدا،  لیژنەیەکی چاودێری پێکهاتوو لە وەزارەتەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشبیری، چاودێری و سانسۆری پێشوەختی بەسەر کتێب و بڵاوکراوەو دەقە شانۆیێەکاندا جێبەجێدەکردو ئینجا ژمارەی سپاردن و ڕەزامەندی بڵاوکردنەوەی پێدەبەخشین. ئەم فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشبیری هەرێمی کوردستانیش، هەمان سانسۆری پێشوەختەیە کە بڕیاری دروستکرنەوەو گەڕێنراوەی دراوە.

یەکێک لە کارە باشەکانی حکومەتی هەرێم لەدوای ڕاپەڕینەوە، لابردن و ڕەتکردنەوەی سیستمی چاودێری پێشوەختە بوو (کەسیستمی مۆڵەتپێدان)یشی پێدەوترێت و لەجێی ئەو سیستمی ئاگادارکردنەوەی لەیاساکاندا جێگیرکرد، بۆ نموونە بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەیەک یان چاپکردنێکی کتێب تەنها لایەنی پەیوەندیداری ڕۆشنبیری و سەندیکای رۆژنامەنوسان ئاگاداردەکرایەوەو بەس، واتە ئەو کەس و لایەنەی ئەو ڕۆژنامە یان کتێبەیان دەردەکرد، چاوەڕێی مۆڵەتپێدان و پێنەدان نەبون، تەنها لایەنی پەیوەندیداریان لە دەرکردن و چاپکردنی ئاگاداردەکردەوە.

ئەم فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە بە پاساوی  ( بەرژەوەندیباڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی بەها پیرۆزەکان )، هەمان ئەو پاساوەیە کە رژێمی بەعس دەیکردە پاساویی ئەو یاساو  بڕیارانەی کە ئازادی ڕادەربڕییان دەمکوت و سەرکوت دەکرد، لەکاتێکدا دەسەواژەکانی (بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی، پاراستنی بەها پیرۆزەکان)، دەستەواژەی لاستیکین و دەکرێ زۆر دەربڕین و بۆچون هەیە بخرێتە نێو ئەم چوارچێوەیەو دەسەڵاتداران چۆنیان بوێت بەوشێوەیە بیکشێنن و ڕێگری لە بڵاوکرنەوەو چاپکردن پێبکەن.

ئامانج و مەبەستەکانی ئەم فەرمانە هەرچیەک بێت،  هەنگاوێکی مەترسیدارەو گێڕانەوەی سیستمی چاودێری و سانسۆری پێشوەختەو لەگەڵ ئەو پەراوێزە دیموکراسیەتەدا  یەکناگرێتەوە کە حکومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەکات و تەنها لە وڵاتە تۆلیتار و دیکتاتۆرەکاندا پەیڕەو دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، گەر  ئەم فەرمانە بۆ هەڵسەنگاندنی ئێتیکیانە و یاساییانە بۆ کتێب کە ڕێنەدرێت ناوڕاندن و جنێودان بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک ئەنجامبدرێت و ڕەخنەی بابەتی بگیرێت و دەستەواژەی گونجاو بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆ چاککردنی جۆرێتی لەڕووی ناوەرۆک و زمانی نوسین بێت، ئەوا تەواو دروست و بەجێیە، بەڵام ئایا لەم وڵاتەی ئێمەدا کە هەموو شتێک بەسیاسی کراوە، ئەم هەنگاوەش خراپ و تەنها بۆ سانسۆرکردن بەکارناهێنرێت؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن