NRT ،ئامرازێكی سیاسی بۆدێواندنی كەسێك
3/13/2019 2:40:00 PM
كامیل عومەر
رۆژ بە رۆژ كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان، بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدار هەنگاو دەنێت بەوەی كە لە خەڵكو خەمو ژانەكانیان دووردەكەوێتەوەو بەتەواوی دەبێتە میدیای كەسەكانو فوتێكردنیان.
راستە ئەو بۆچوونە بەسەرچووە، كە میدیا، تەنها ئامڕازی گواستنەوەی زانیاریو رووداوەكانە، بەڵكو لەبنەڕەتدا ئامانجی میدیاو رۆژنامەوانیی، بوونی پەیامە، بەڵام چۆن پەیامێك، پەیامی بنیانتانی كۆمەڵگە، پەیامی دروستكردنی گیانی هاووڵاتیبوونو هاونیشتیمانی، پەیامی بەشداریكردن لە فراوانكردنی مەودای دیموكراسی ...هتد.
لەو چەند هەزار كەناڵە میدیاییەی (بینراو، بیستراو، چاپكراو، ئەلكترۆنی)یەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نەك هەر ئەو میدیا نیشتیمانیە خاوەن پەیامە بوونی نیە، بەڵكو ئێستا بەتەواوی بە سیاسی كراون كە یان میدیای حزبین یان میدیای سێبەری حزبن، لەوەش واوەتر، بەشێك لەم میدیایانەی هەرێم، سیاسی بوونو حزبی بوونیان جێهێشتووەو لەئێستادا گوزارشت لە دیدگاو پرۆژەو بەرنامەی حزبیش ناكەن (كە ئەوەش میدیای دڵخوازی خەڵك نیە)، بەڵكو لەوەش مەترسیدارتر، میدیاكان بوونە میدیای كەسی یەكەمو دووەمەكانی ناو حزبو كاری سەرەكیان بووەتە فوتێكردنو قەبەكردنیانو پڕوپاگەندەكردن بۆیان.
ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا، كەناڵی NRT بە نموونە وەربگرین، كە پێشتر بانگەشەی تاكە (كەناڵی ئەهلی بێلایەن)ی دەكردو ئێستا بەهۆی ئەوەی خاوەنەكەی حزبێكی سیاسیی راگەیاندووە، بانگەشەكەی گۆڕیوە بۆ “كەناڵی هەموو رەنگەكان”، بەڵام دەپرسین ئاخۆ، بەراستی كەناڵی هەموو رەنگەكانە؟.
لەو كاتەوەی خاوەنی ئەم كەناڵە، كەڵكەڵەی دروستكردنی حزبی سیاسی كەوتە مێشكیەوە، ئیدی پەیامی ئەم كەناڵە گۆڕانكاری بەسەردا هاتو لە گواستنەوەی روداوو زانیارییەكاندا وەك ئاراستەیەكی سیاسی دەركەوتو تاڕادەیەكی زۆر ناپیشەییانە مامەڵەی دەكرد، كاتێكیش كە خاوەنەكەی حزبێكی سیاسی راگەیاند، ئیدی ئەم میدیایە تەواو بووە میدیایەكی سیاسیو كۆی پەیامەكەی بە سیاسی كرا. تائێرەش بەپێودانگی كاری میدیایی لە هەرێم رەنگە ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی نائاساییە، كە ئەم میدیایەو كارەكتەرەكانی رەخنەگری بوون، بە (كەسیی) كردنی ئەم میدیایە، كە ئەگەر شیكاری ناوەرۆك بۆ بەرنامەو پرۆگرامو هەواڵەكانی ئەم كەناڵە بكرێت، ئەوا بەشێكی زۆری كاتەكانی بۆ دێواندنو قەبەكردنیو پڕوپاگەندەكردن بۆ خاوەنی كەناڵەكە (كە سەرۆكی حزبەكەشە) تەرخانكراوە، بەجۆرێك كە لەناو هەواڵو بەرنامەكاندا، باس لە هەر شتێك بكرێت، دەبێ بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسی یەكەمی ئەم حزبە كە خاوەندارێتی كەناڵەكەش دەكات.
میدیایەكیش، كرابێتە ئامڕازێكی سیاسیو تەنها لە خەمی دێواندنو پڕوپاگەندەدا بێت بۆ تاكەكەسێك، ئیدی دروشمی خەمی خەڵكو كەناڵی رەنگە جیاوازەكان، دەبێ بە بانگەشەیەكی ناڕاستو زوو یان درەنگ وەك بەشێك لە میدیاكانی تر متمانەی جەماوەرەكەی لەدەستدەدات.
کامیل عومەر
مامۆستای راگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی