236 کوردستان

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد

12:07 - 17/01/2025

زه‌مه‌ن – كوردستانی

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا مایكڵ ئێریک کۆرێلا، سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەگەڵ فەرماندەكانی هێزەكانی وڵاتەكەی و هەسەدە كۆبووەوە و هەڵسەنگاندن بۆ شەڕی داعش لە ناوچەکە كرا.

لە راگەيەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە (سێنتکۆم) بڵاويکردووەتەوە، مایکل کۆرێلا سەردانی سووریای کردووە و لەگەڵ فەرماندەکانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبووەتەوە، هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ شەڕی داعش و رێگاکانی رێگریکردن لە سوودوەرگرتن لە دۆخی ئێستا کردووە.

سەردانەکەی کۆرێلا کۆتایيهێنانە بە گەشتە 9 رۆژەکەی بۆ هەريەک لە (بەحرەين، سعوديە، کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمريکی هاری ترومان لە دەريای سوور، ميسر، لوبنان، ئيسرائيل، عێراق و ئوردن).

هه‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ رۆژئاوای كوردستان،  کۆرێلا سەردانی کەمپەکانی هۆل و رۆژی کردووە کە شوێنی مانەوەی 40 هەزار کەسن، کە زۆرينەيان خێزانی چەکدارانی داعشن و نیگەرانی خۆی لە دروستکردنی نەوەیەکی دیکە لەسەر هەمان بیرکردنەوەی داعش دەربڕیوە.

هەروەها دەشڵێت "زیاتر لە 9 هەزار دەستگیرکراوی داعش لە زیاتر لە 50 وڵاتی جيهانەوە لە زيندانەکانی هەسەدەدان" کە بە "سوپای داعش ناويان دەبات".

بەگوێرەی راگەيەندراوەکەی سێنتکۆم، کۆرێلا هەروەها رایگەیاند، کار لەسەر گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەکەن بۆ وڵاتەکانی خۆيان، دەشڵێت "سێنتکۆم بەرپرسیارە لە شکستی تەواوەتی داعش و سەقامگیری ناوچەکە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن